Accessibility links

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی: لە عێراق پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کراوەتە قوربانیی بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان


دابینکردنی چەک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە هێشتاش بابەتی مشتومڕی سیاسییە لە نێوان ژمارەیەک لایەنی عێراقیدا.

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "ئەو مشتومڕە سیاسییەی لەسەر پێدانی چەک بە هێزی پێشمەرگە دروست بووە، بە ئەندازەیەکی بەرچاو پەیوەندی هەیە بەو ململانێ سیاسیەوەی لە عێراقدا هەیە، وەک ئەو ململانێ و بەرژەوەندییە سیاسیانەی پەیوەندییان هەن بە پێکهێنانی حکومەتەوە، یان دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمان، یان سەرەک وەزیر؛ جا لەم ماوەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هاوڕا نەبووە لەسەر هەندێک لە بژاردەکان بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە. ئەمە بێ لەوەی ململانێیەکی توندیش هەیە لە نێوان لایەنەکاندا و هەر ئەمانەشن وەهایان کردووە ئەم مشتومڕە سیاسییە دروست بێت."
دکتۆر ئەلزوبەیدی، جەخت دەکاتەوە لەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی دەستورییە و دەڵێت "کەواتە پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگە شتێک نییە پێچەوانەی دەستور بێت. هەروەها هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراق، هەربۆیە ئەرکی حکومەتی نێوەندە، بەپێی بەندەکانی دەستور هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکات."

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی بەرگری عێراقیش، پێدانی ئەو تۆپە قورسانەی بە هێزی پێشمەرگە پەسەند کردووە.

یەکەمجار، موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لایەنی تەقەدوم، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هەڵوێستی دژایەتی خۆی ڕاگەیاند بۆ پێدانی چەک بە هێزی پێشمەرگە.

حەلبوسی نوسیویە " بەڕەهایی پێدانی تۆپی قورس بە هێزە خۆجێیەکان ڕەت دەکەینەوە کە دەشێت ببێتە گورزێک بۆ لێدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە گشتی و بە تایبەتیش لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و نەینەوا."

دوابەدوای ئەو لێدوانەی حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە بە بڕیاری دادگای باڵای عێراق لە پۆستەکەی دورخرایەوە، هەندێک لایەنی شیعە هەمان هەڵوێستی حەلبوسییان دووبارە کردەوە، لەوانە عەسائیبی ئەهلولحەق.

قەیس خزعەلی، سەرۆکی عەسائیب لە وتارێکیدا لە بەغدا، بە ئاشکرایی و ڕاشکاوی ڕایگەیاند "پێدانی چەکی قورس و تۆپی دورهاوێژ بە هێزەکانی پێشمەرگە ڕەتدەکەینەوە."
حەلبوسی و خزعەلی داوادەکەن "لە بری هێزی پێشمەرگە، لەشکری عێراق بەهێز بکرێت."

بێگومان، گەلێک خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستانە دەکرێن لە ڕوی سیاسییەوە، لەوانە، دەشێت ئەو هەڵوێستانەیان لەسەر بنچینەی ئاستی پەیوەندییەکانیان بێت لەگەڵ لایەنێک یان زیاتری هەرێمی کوردستاندا، بەڵام لە کۆتاییدا ناکرێت بگوترێت ئەو جۆرە هەڵوێستانە پەیوندییەکی ڕاستەوخۆیان نییە بە تواناییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی لەوبڕوایەدایە ئەوەی لایەنە جیاوازەکانی شیعە و سوننە ئاینزاکان لە یەک بۆتەدا کۆ دەکاتەوە بریتییە لە هەڵوێستە سیاسییەکان و دەڵێت "دوو بەرە دروست بووە، بەرەیەکی پشتیوانی و بەرەیەکی دژایەتی کردن. لەوبڕوایەشدام زۆربەی ئەو لایەنانەی لە بەرەی دژی پڕ چەک کردنی هێزی پێشمەرگەن، بەتایبەتیش لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەبوونی ترسە لە ئایندەی هەرێمەکان لە عێراقدا ئەگەر پێکهێنران، بە مانای ئەوەی ئەگەر چرای سەوزیان هەڵکرد بۆ پڕ چەک کردنی هێزی پێشمەرگە، ئەوا ناچار دەبن هێزەکانی هەرێمەکانی تریش پڕ چەک بکەن کە لە ئایندەدا پێکدەهێنرێن، جا ئایا لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا بێت یان لە هەرچ شوێنێکی تری عێراقدا بێت."

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لە شەڕی دژی تێرۆریستانی داعشدا و شان بە شانی هێزە ئاسایشییەکانی تری عێراق، وەک دەگوترێت، ئەگەر زیاتری نەکردبێت ئەوا کەمتری نەکردووە.
پڕ چەک کردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بە هێزە میلیشیاییە لە یاسا دەرچووەکانیشیەوە، هەرگیز نەبووەتە بابەتێکی سیاسیانە و مشتومڕ بە دوای خۆیدا بێنێت، بە پێچەوانەوە، هەمیشە پاساوی سیاسی و ئاسایشیانەی بۆ هێنراونەتەوە.

دکتۆر ئەلزوبەیدی، هاوڕایە و دەڵێت "بێ لەو ململانێ سیاسیانەی هەن، هەندێک لە لایەنەکانیش بە سیاسەتی بانێکە و دوو هەوا کار دەکەن."

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، نە لایەنە سوننەکان و نە لایەنە شیعەکانیش وەڵامی ئەو پرسیارانەیان نەداوەتەوە کە سەبارەت بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی گەلی عێراقن و چۆن دەکرێت باس لە پێکەوە ژیان بکرێت بەبێ هەبوونی متمانە، یانیش لەسەر چ بنچینەیەک پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکرێتە قوربانیی بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان.

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی دەڵێت "ڕاستە، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بووەتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەرچەندێکیش ململانێ سیاسییەکان توندتر بن، هێندە و زیاتریش پێکەوە ژیانی ئاشتیانە پاشەکەشە دەکات و دوادەکەوێت، هەروەها پێچەوانەکەیشی ڕاستە. لە عێراقدا پێکەوە ژیانی ئاشتیانە نایەتە دی، بەبێ بڕوابوون بە ڕەنگاو ڕەنگیی دەنگەکان و بە ژینگەی یەکسانی و هەروەهاش دورکەوتنەوەی عێراقییەکان لەو ململانێ سیاسیانەی، هەرگیز پێویست نین."

XS
SM
MD
LG