Accessibility links

باژێروانی مەکۆی کەلاری گۆڕان: دەرگا داخستن ڕێبازی نەوشیروان مستەفا نییە


ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و بەرپرسی مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، دانای ئەحمەد مەجید وەکالەتی وەرنەگرتووە بۆئەوەی ببێت بە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە، بەڵكو وەکالەتەکە تەنها بۆ سەرپەرشتی کردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕانە و پێشتریش ئەو وەکالەتە دراوە بە قادری حاجی عەلی. وتیشی،گردەکە موڵکی بزووتنەوەی گۆڕانە و موڵکی شەخسی کەس نییە، بۆیە داخستنی دەرگای گردەکە دوورە لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفاوە.

مەریوان ڕەحیم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و باژێروانی مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاک دانا لە زاری خۆیەوە وتی کە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو وەکالەتێکی بۆ کراوە بۆ سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ڕابردووشدا کاک عومەری سەید عەلی ساڵی 2018 هەمان وەکالەتی بۆ قادری حاجی کردەوە کە سەرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و کردی، ئێستا کاک داناش سەرۆکی بانگەشەکەیە نەک ڕێکخەری گشتی، ڕێکخەر دەبێت بە دەنگدان بێت لەناو جڤاتی نیشتیمانیدا بە وەکالەت نابێت، ئەو خۆشی ناڵێت ڕێکخەری گشتیم، ڕێکخەر کاک عومەری سەید عەلیە، کاک داناش داوا ناکات ببێت بە ڕێکخەر، دەڵێ تا واز لە جڤات نەهێنم نابم بە ڕێکخەر."

وتیشی،" تا ئێستا وەک ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی هیچی فەرمیم بۆ نەهاتووە و لە مەکۆکەی خۆم دانیشتووم، کە جیا بوونەوە ڕوویدابێت، هەرچەندە لە هەموو حزبێکیشدا ئاساییە کێشە یان جیابوونەوە دروست دەبێت."

چەند ڕۆژێکە باس لە جوڵاندنی هێز و ململانێی توند لە نێو ڕێکخەری گشتی و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەکرێت لە نێوا بزووتنەوەی گۆڕاندا، یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیشیان هەڵبژاردنی دانای ئەحمەد مەجیدە وەک ڕێکخەری گشتی لە جێگەی عومەری سەید عەلی، تا کار گەشتە ئەوەی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 27ی مانگی نۆ بە فەرمی دەرگای گردەکە دابخرێت.

هەر ئەمڕۆش لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوەوە بڵاو کراوەتەوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی، دام ودەزگا ئەمنیەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان و رەوەندی کوردی کراوە، بە فەرمی داخستنی دەرگای گردەکە پشتڕاستکرایەوە و دەڵێن، مەبەستیش لەم کارە "ڕێگریکردنە لە دروستبوونی پشێوی و پارێزگاریکردنە لە سەلامەتی هەموان."

لە ناوەرۆکی بەیاننامەکەدا هاتووە،" لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ. ئەوان ئەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێ. ئەمەش لە دنیادا نموونەی نیە! ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بە نیازن بە موئامەرە و لە ژێر ناوی کۆبونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک رێی لێ دەگرین. نیازی پشت ئەو کارە لە ناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەرپرسیارێتی تاریخی، قانونی و سیاسی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە."

هەروەها دەشڵێت،" لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ رێگری لە ئاژاوە و لە پێناو سەلامەتی هەموواندا. ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ. ئەرکی دامەزراوە رەسمیە حکومیەکان و پارێزگار و دەزگا ئەمنیەکانەوە هێمنی و ئاسایش بپارێزن."

دوا بەدوای ئەوە هەردوو کوڕانی نەوشیروان مستەفاش بەیاننامەیەکی تریان سەبارەت بە گرژیەکانی بزووتنەوەکە بڵاو کردەوە لە بڵاوکراوەکەی کوڕانی نەشیروان مستەفادا هاتووە،" وا بڕیار بوو مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ ڕێکخەری گشتی بکرێت، بەڵام لەلایەن هەندێک لەئەندامانی جڤاتەوە باس لەوە کراوە،لە بری کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی لەم مەراسیمەدا بڕیار لە چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن! کە ئەمەش نیگەرانی قوڵی لای بەشی زۆری ئەندامانی هەردو جڤات و هەڵسوڕاوەکان دروستکردوە و بە پێشلکردنێکی ڕونی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە."

دەشڵێن،" گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دو هەڵسوڕاوی گۆڕان،پشتیوانی تەواو لە دەستوری ناوخۆی و جڤاتەکان ئەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەر گرژیەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور ئەبێتەوە."

یەکەم جار نییە پرسی جوڵاندنی هێز لە گردەکە لە میدیاکانەوە دەبێتە جێگەی باس، لە هەفتەی ڕابردووشدا ئەم پرسە جارێکی تر بۆوە ڕۆژەفی میدیا کوردیەکان گوایە، بە زەبری هێز ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی پۆستی ڕێكخەری گشتی دەکرێت.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانیش دەڵێت،" گردەکە تەنها پۆلیسی لێیە، خۆ ئەگەر هێز جوڵێندرابێت، بە دوورە لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا."

مەریوان ڕەحیم وتی،" گردەکە خۆی هەزار پۆلیسی هەیە و حکومەتی هەرێم بە فەرمی بۆی دامەزراندووە، ئەوەی هێزی چەکدار باس دەکرێت دەبێت لانیکەم لیوایەک یان فەوجێکت هەبێت، بەڵام گۆڕان نیەتی، ئەگەر هێز هێنرابێت ئەوە غەدرە لە ڕێبازەکەی نەوشیروان مستەفا و هەم لە خودی بزووتنەوەکەش، ئەم دەرگا داخستنەش هەر ڕێبازی کاک نەوشیروان نییە."

وتیشی،" کاک نەوشیروان کە خۆی گردەکەی دروستکردووە ماڵی بزووتنەوەی گۆڕانە ماڵی هیچ کەس و لایەنێک نییە، من وەک خۆم پەیامەکەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە هەموو شتێک لام گرنگترە و لە هەموو تاقم و دەستەیەک گەورەترە."

XS
SM
MD
LG