Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت حەسەن نەسڕوڵا سەرکردەی حزبوڵایان کوشتووە


\
\

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، درەنگانی ڕۆژی هەینی، سەرکردەی گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژراوە، دوای ئەوەی بارەگای گروپەکەیان لە باشووری بەیروت کردە ئامانج.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشە ئاسمانیەکەدا لەگەڵ عەلی کارکی فەرماندەی میحوەری باشوری حزبوڵا و چەند فەرماندەیەکی دیکەی گرووپەکە کوژراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشەکەیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل "زانیاریی ورد"یان پێگەیشتووە کە سەرکردە باڵاکانی حزبوڵای لوبنان لەناو بارەگاکەی گروپەکەدان، لە داحیە کە گەڕەکێکی باشووری بەیروتە.

بەرپرسانی حزبوڵا هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کوژرانی نەسروڵڵایان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینیدا لانیکەم 6 کەس کوژراون و 91 کەسیش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، زنجیرەیەک هێرشی نوێی ئاسمانی ڕۆژی شەممە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانی باشووری بەیروت و بەشێک لە باشووری لوبنانی گرتەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵا.

ئەمەریکا دەستی لەو هێرشەدا نەبوو

سەرچاوه ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند که ئیسرائیل چەند ساتێک پێش هێرشه ئاسمانییەکەی ڕۆژی هەینی ئەمەریکای ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند که ئەمەریکا هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختەی پێ نەگەیشتووە و له ئۆپەڕاسیۆنەکەی ئیسرائیل له به یرووت بەشدار نەبووە

XS
SM
MD
LG