Accessibility links

ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی: بەهۆی ئاڵۆزییەکان پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت


ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دووری نازانێت لە ڕۆژانی داهاتوودا "پریشکی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە عێراق و کاریگەری دروستبکات و ببێتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند،" هەتا ئێستا ئاراستەی کارەکانی کۆمسیۆن بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کوردستان پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە و عێراقیش پەیوەندی بەو کێشە گەورەوە هەیە کە ماوەی یانزە مانگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کەوا ئەو کێشەیە لەم چەند ڕۆژە بەفراوان ببێت و عێراق و سوریا و لوبنانیش بگڕێتەوە."

گوتیشی،" ئەو ئاڵۆزییە ئەوکاتەی عێراق دەگرێتەوە ئەوە بە دڵنیایەوە لە کەشێکی ناسالم و ناسازگاردا هەڵبژاردن ناکرێت و دوا دەکەوێت."

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ڕۆژی هەینی 27 ی مانگی نۆی 2024 پەرەی سەند کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاو ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران، بە خوێندنەوەی چاودێران ئەگەر هەیە عێراقیش پەلکێشی نێوان شەڕو ئاڵۆزیەکان بکرێت و و هەرێمی کوردستانیش پریشکی بەر بکەوێت و بێتە هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دەشتی سدیق، ڕاوێژکاری یاسای لە تۆڕی شەمس کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پیمان وایە لە 100% پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکات و ساتی خۆیدا دەکرێت، بەو پێیەی کۆمسیۆن هەموو ئامادەکاریەکی کردووە، هەروەها ئەمرۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر بۆ تۆمارکردنی ناوی ڕێکخراوەکانی ناوەوە و دەرەوە کۆبوونەوەیەکی کرد، لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆی ئەوەکرا و ڕێکخراوەکان قسەیان لەسەر ئەوە هەبوو پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدریت، کۆمسیۆن وتی بەهیچ شێوەیەک پرۆسەکە قابیلی دواکەوتن نیە."

گوتیشی،" دواکەوتنی هەڵبژاردن تەنها لەکاتێکدایە کە ڕووداوێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات و ببێتە هۆکاری ئەوەی کە پرۆسەکە دوابکەوێت و ئەنجام نەدرێت ئەوەش هەست دەکەم ڕوونەدات."

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئامادەکاریەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی مانگی دەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە" دۆخەکە مەترسیدارە" و پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ پرسیە سیاسیەکاندا بکەن.
د.موئمین زەڵمی چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، من پێم وایە زۆر زۆر گرنگە پێش هەموو شت پێویستە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە جۆری سیاسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکرێت و خەڵک و حزب و شرۆڤەکارانی سیاسیی بە شێوازیکی تر وە بە فۆرمێکی دیکە بیر لە سیاسەتکردن لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بکەنەوە چونکە هەر جۆرە هەڵەیەکی ستراتیژی هەر جۆرە جوڵەیەک بە هەڵە کاریگەری ڕاستەوخۆیی لەسەر پرۆسەکاندا دەبێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و بەتایبەتیش دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەڵبژارنی هەرێم نەکرێت."

گوتیشی،" مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆرن پێویستە بەوریایەوە حزبەکانی دەسەڵات بە وریاەوە لە دۆخەکە بڕوانن و نەچنە هیچ بەرەیەکەوە چ ئەمەریکا بێت یاخود ئێران، بەو پێیەی دۆخەکە هەستیارە و بەرەو بارودۆخی هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین و مەترسی مەترسی جدین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن."

بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لایەنە سیاسیەکان و کاندیدانی سەربەخۆ هەوڵی بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمانی دەدەن و لەڕۆژی دەنگدان 2 ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:13 0:00

XS
SM
MD
LG