Accessibility links

کاندیدەکانی نزیک لە بەرەی تورکمانی، یەکێتی و پارتی بۆ کورسی تورکمان لە بازنەی سلێمانی لە یەک خێزانن


شەش کاندیدی تورکمانی شاری کفری ڕکابەری یەکتری دەکەن بۆ بە دەستهێنانی یەک کورسی کۆتای پشکی تورکمان لە بازنەی سلێمانی، هەندێک لەو کاندیدانە نزیکن لە حزبەکانەوە و سێ کاندیدیشیان لە یەک بنەماڵەن.

کاندیدە تورکمانەکانی کفری بریتین لە: سەزگین موسڵح بەرپرسی لقی کفری بەرەی تورکمانی، نەجدەت نوری بە کاندیدی نزیک لە یەکێتی و زینا عادل بە نزیکایەتی لە پارتی دادەنرێن، هەروەها یەکێک لە کاندیدەکانی تریش سەربە بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام خۆیان ڕەتیدەکەنەوە کاندیدی حزبە کوردییەکان بن.

سەزگین موسڵح، کاندیدی بەرەی تورکمانی لە شاری کفری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من کاندیدی سەربەخۆم بەڵام لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە پشتگیری دەکرێم. کاندیدەکانی تریش یەکێکیان ئەندامی یەکێتی و یەکێکیان پارتی و ئەویتریشیان کادیری گۆڕانە."

پێکهاتەی تورکمان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان 5 کورسی لە کۆی 11 کورسی کۆتا هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوو کورسی کۆتا بۆ تورکمان دانراوە و یەکێک لەو کورسییانە لە بازنەی هەولێرو ئەویتریان لە بازنەی سلێمانییە.

چاوەڕوان دەکرێت دەنگی تورکمانەکانی کفری چارەنوسی کورسییە کۆتاکەی پشکی تورکمان لە بازنەی سلێمانی یەکلایی بکاتەوە، بەو پێیەی زۆربەی تورکمانی سنوری سلێمانی نیشتەجێی ئەو قەزایەن.

سەزگین موسڵیح کاندیدی بەرەی تورکمانی، لە گەڵ نەجدەت نوری و زینە عادل کە وەکو کاندیدی یەکێتی و پارتی ناویان دەهێنرێت سەر بەیەک بنەماڵەن، هەرسێکیان ئامۆزاو پورزای یەکترین و پێشبینی دەکرێت یەکێک لەم سێ کاندیدە کورسییەکەی تورکمان لە بازنەی سلێمانی بەدەست بهێنێت.

نەجدەت نوری، خۆی وەکو کاندیدی سەربەخۆی تورکمان ناو دەبات و ڕەتیدەکاتەوە کاندیدی هیچ حزب و لایەنێکی کوردی بێت.

ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر کاندیدەو خۆی کار بۆ خۆی دەکات، من کاندیدی سەربەخۆی تورکمانم و کوردو تورکمان پشتگیریم دەکەن."

بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکمان، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تورکمان 660 دەنگی لە قەزای کفری بەدەستهێناوە، 445 دەنگیان لەلایەن کاندیدێکی بەرەی تورکمانی و نزیکەی 160 دەنگیش لەلایەن کاندیدێکی تری تورکمانەوە بەدەستهێنراوە.

سەزگین موسڵح، کاندیدی بەرەی تورکمانی دەڵێت،"دەمانەوێت حزبە کوردییەکان دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکەن، هەرچەندە ئەو حزبانە پشتگیری لایەنگری خۆیان دەکەن.گەر حزبە کوردییەکان دەستوەردان نەکەن 80%ی تورکمانی کفری لەگەڵ ئێمەدان."

ئەو وتیشی،"گەر کاندیدی نزیک لە حزبە کوردییەکان بە دەنگی تایبەت و دەنگی ئەو حزبانە دەربچێنرێت ناتوانێت نوێنەرایەتی تورکمان بکات."

بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، سەرجەم حزب و لایەنەکان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ڕکابەرییەکی بەهێزی یەکتری دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:10 0:00

XS
SM
MD
LG