Accessibility links

شارەزایان : کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و سەربازی عێراق نابێت


شارەزایانی سیاسی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان ڕایان وایە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و سەربازی لە عێراق نابێت، چونکە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیەکە بە مانای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی تر نایەت، کە هەریەکەیان ڕێککەوتنی ستراتیژی سەربەخۆیان لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ مانەوەیان، هاوکات هەل و مەرجی عێراق لەلایەک و لاواز بوونی کردە تیرۆرستیەکانی داعش لە لایەکی تر هۆکارن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیەکەیە.

دوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، ڕۆژی 27ی مانگی نۆ ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان لە نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق ڕاگەیاند.

ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە کۆتایی هێنان بەئەرکی سەربازی ئەو هاوپەیمانێتیەی کە لە مانگی نۆی ساڵی 2014 بە بەشداری 72 وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا پێکهێنرا و وا بڕیارە لە مانگی نۆی ساڵی 2025 بە تەواوی هاوپەیمانێتیەکە لە عێراق و لە ساڵی 2026یش لە سوریا کۆتایی بە ئەرکەکانی خۆی بهێنێت.

جەبار یاوەر
جەبار یاوەر

لەو بارەیەوە فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، شارەزای کار و باری سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" داعش هەڕەشەبووە لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا کە دۆستی ئەمەریکان، لەو کاتەدا پێویست بوو ئەو هاوپەیمانێتیە دابمەزرێت، کە ناوی هاوپەیمانێتی نێوەدەوڵەتی بۆ شەڕ دژی داعشە، ئێستا داعش کەمبۆتەوەوە لەڕووی کردەی سەربازی تیرۆرستیەوە بێگومان هەلومەرجەکە و واقع واپێویست دەکات ئەو هاوپەیمانێتیە کۆتایی پێبێت، چونکە ئێستا ئەو وڵاتانەی کە داعشیان تێدایە خۆیان دەتوانن شەڕی داعش بکەن."

وتیشی،" زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو هاوپەیمانێتیە، پێشتر لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنی سەربازی و ئەمنیان کردووە لەگەڵ عێراق کە بمێینەوە،بە تایبەت ئەمەریکا کە هاوکاری هێزەکانی عێراق بن، ڕێککەوتنی ئیتاری ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمەریکا هەیە کە لەبواری ئابوری، ئەمنی، ڕاگەیاندنی، و ڕۆشنبیرین واتە بە تاکلایەنە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق درێژە پێدەدەن."

بە پێی ئەو هاوپەیمانێتیەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ساڵی 2014 لە عێراق سوریا پێکهێنرا، ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیی لە سوریادا هەیە.

بە پێی ناوەرۆکی ڕێککەوتنە هاوبەشەکەی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتیەکە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەسەر سێ خاڵی جیاوازدا دابەش دەبێت، لە خاڵی یەکەمدا لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق کۆتایی پێدەهێنن، لە خاڵی دووەمدا بە مەترسی بەردەوامی داعش ئەرکی هاوپەیمانێتیەکە تا ساڵی 2026 لە سوریا بەردەوام دەبێت و لە خاڵی سێیەمیشدا باس لە قۆناغی گواستنەوەی هێزەکان دەکات لە عێراقدا.

بە ڕای چاودێرێکی سیاسیش ڕێککەوتنەکە جگە لەوەی پێویستی قۆناغەکەیە لە عێراقدا زیاتر ڕێککەوتنێکی تاکتیکیە و لە بنەڕەتتدا ئەمەریکا ڕێککەوتنی ستراتیژی درێژماوەی لەگەڵ عێراقدا هەیە کە باس لە مانەوە و هاوکاریکردنی ئەمەریکا بۆ عێراق دەکات بۆ درێژماوە.

یاسین تەها
یاسین تەها

دکتۆر یاسین تەها مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێستا پاساو نەماوە بۆ مانەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە، عێراق گوشاری لەسەرە لەلایەن شیعەکانەوە، بۆیە ڕێککەوتنەکە لەلایەک کاڵکردنەوەی فشاری لایەنە شیعەکانە کە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا، چونکە شیعەکان دەیانەوێت سەربەخۆیی خۆیان هەبێت، لە لایەکی تریش پیشاندانی عێراقە وەک ئەوەی قۆناغێک گەشەی کردووە لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە، کە عێراق خۆی چەند جۆرێک هێزی هەیە بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە هاوپەیمانێتیەکە نابێت."

وتیشی،" ئێستا کە داعش نەماوە ئەرکەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە و وەک ناو، دەتوانین بڵێێن ئەمە یاریکردنە بە زاراوە ئەگینا ڕێککەوتنی ئەمنی هەر وەکو خۆیەتی، چونکە ئەمەریکا ڕێککەوتنی ستراتیژی درێژمەودای هەیە لەگەڵ عێراق بە ناوی (ئیتیفاقیەی صوفاء) کە لەبواری کەلتوری، ئابوری، سیاسی و ئەمنی و دبلۆمۆسایە و لەسەردەمی مالیکی کراوە لە ساڵێ 2008 تەنانەت باس لە کڕینی چەکیش کراوە، کەعێراق وابەستە دەکات بە تەنسیقێکی باڵای ئەمەنی لەگەڵ ئەمەریکا."

کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا لە کاتێکدایە هێزە شیعەکان دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراقدا و چەند جارێکیش ئەم پرسەیان بردۆتە پەرلەمانی عێراق و لە خولی ڕابردووی پەرلەمانیشدا دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020 پەرلەمان بڕیاریدا کە تا کۆتایی 2020 ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا. لەم خولەی پەرلەمانیشدا تەنها یەک دانیشتن لەسەر ئەم پرسە بەڕیوەچوو، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ دەرکردنی بڕیارەکە تەواو نەکرا بەهۆی ئەوەی کە کورد و سوونەکان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر دەڵێت،" دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق باس لە ڕێکخستنی بوونی هێزەکانی بێگانە دەکات لە عێراق کە پەرلەمان داوا لە حکومەت دەکات شێوازی مانەوەیان بە پێێ یاسا بێت و ئەوەش تەنها هێزەکانی ئەمەریکا ناگرێتەوە، بەڵكو بهەموو هێزە بێگانەکان دەگرێتەوە بە تورکیاشەوە."

دەشڵێت،" لە بنەڕەتدا کشانەوە یان کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزی پیادە زۆە کاریگەری لەسەر بوونی ئەمەریکا ناکات لە ناوچەکە، چونکە هێزی ئاسمانی بەرەی شەڕەکەیە و شەڕەکە ئاسمانییە نەک پیادە، ئەمەریکا بە پێی بنکە سەربازیەکانی کە هەیەتی لە ناوچەکە دەتوانێت بە فڕۆکە ململانێی خۆی بکات و شەڕی خۆی بکات."

XS
SM
MD
LG