Accessibility links

دیبەیتی نێوان هەردوو کاندیدی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا


تم واڵز، فەرمانڕەوای ویلایەتی مینسوتا و جەی دی ڤانسی سیناتۆری ئەمەریکا شەوی سێشەممە لە دیبەیتێکدا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. هەردوو کاندیدەکانی دیموکرات و کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکایەتی هەوڵدەدەن سەرنجی دەنگدەران ڕابکێشن لە کاتێکدا نزیکەی مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 5 ی مانگی 11.

ئەم مشتومڕە تاکە مشتومڕی کاندیدەکانی جێگری سەرۆکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، و دەکرێت دوا ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری و دیمورکاتەکان بێت. تا ئێستا هیچ مشتومڕێکی دیکە لە کارنامەی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، کامڵا هێرس جێگری سەرۆک و دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا نییە.

دەتوانن بینەری دیبەیتەکە بن کە لە 5:01:53 ی ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە دەستپێدەکات.

هەڵمەتەکان هەوڵ دەدەن لە هەر گۆشەیەکەوە پشتیوانی بەدەستبهێن، لە کاتیکدا بە پێی ڕاوەرگرتنە گشتییەکان هێرس بە ئاستەم لە پێشە بە بەراورد بە ترامپ، بەڵام لە چەندین ویلایەتی کە گرنگن بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکان، دەنگەکانیان زۆر لێک نزیکن.

بیل گاڵستن، لە دامەزراوەی بروکینگز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بۆ هەردوو والز و ڤانس، لە مشتومڕەکەدا زۆر گرنگە هەڵە نەکەن یان هەڵوێستێکی سیاسەتیان هەبێت کە جیاواز بێت لە کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

گاڵستن گوتیشی " یەکەم شت کە پێویستە بیکەن ئەوەیە کە خۆیان بە دەنگدەران بناسێنن و هەریەکەیان هەوڵدەدەن کاریگەرییەکی گشتی باش دروست بکەن." ئاماژەی بەوەشکردووە، " دووهەمیش ئەوەیە کە یاسای سەرەکی کاندیدەکانی جێگری سەرۆکایەتی زۆر بە باشی هەمان یاسای سەرەکی جێگرانی سەرۆکە؛ واتە هیچ شتێک مەکە کە کاندیدەکەت یان سەرۆکەکەت لاواز بکات یان تێکبدات یان شەرمەزار بکات."

دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا توانیویانە پشت بە بینینی چەندین مشتومڕ ببەستن کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تێیدا بەشدارن، بەڵام ئەم خولە جیاواز بووە.

ترامپ بەشداری لە دیبەیتی مانگی شەشی ئەمساڵدا کرد دژی جۆو بایدن سەرۆک کۆمار، مشتومڕێک کە بۆ بایدن بە باشی بەڕێوەنەچوو و بووە هۆی ئەوەی کە پارتەکەی داوای لێبکات بکشێتەوە لە پێشبڕکێیە. دوای ئەوەی هێرس بوو بە کاندیدی دیموکراتەکان، مانگی ڕابردوو لەگەڵ ترامپ لە دیبەیتێکدا ڕووبەڕووی یەکبوونەوە.

دەنگدەرانی شەش لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمەریکا لە ئێستاوە دەستیان بە دەنگدانی پێشوەختە کردووە. مشتومڕی ڕۆژی سێشەممە لە کاتێکدایە کە ئەو ژمارەیە خەریکە فراوانتر دەبێت و تا 16 ی مانگی 10، لە 14 ویلایەتی تردا دەنگدانی پێشوەخت دەستپێدەکات.

XS
SM
MD
LG