Accessibility links

کۆمسیۆن بۆ دەنگی ئەمەریکا: هیچ حیزب و لیستێک ناتوانێت دەنگی دەنگدەران ئاشکرابکات


سەرباری دڵنیاییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئاشکران نەبوونی دەنگی دەنگدەران لە دوای پرۆسەی دەنگدان بۆ لایەنە سیاسیەکان بەڵام، فشاری لایەنە سیاسیەکان لەسەر فەرمانبەران و هاووڵاتیان توندتر دەبێتەوە و کارتی دەنگدان لە فەرمانبەران وەردەگیرێت و کۆپی دەکرێن و پێیان دەوترێت لەو ڕێگەیەوە دەزانن کە دەنگیان بە کێ داوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە بزانێت کە دەنگدەر دەنگی بەکام لایەنی سیاسی داوە، تەنها ئامێرەکان ژمارەی ئەو وەرەقەیە دەخۆێننەوە کە دەخرێتە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە."

جومانە وتیشی،" دەمەوێ ئەو دڵنیایەش بدەم بە دەنگدەران، تەنانەت کۆمسیۆنیش نازانێت ئەوان دەنگیان بەکێ داوە، ئەو وەرەقەیەی کە دەنگی پێ دەدەن لە بنکەکان، ناوی دەنگدەری لەسەر نییە، بۆیە ئەوەی بەرامبەریان دەوترێت ناڕاستە و ئەوان کەس نازانێت دەنگ بەکێ دەدەن".

لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 2 ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەریش لە دەنگدانی گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەرسەلان حەسەن بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " زانیاری ووردمان هەیە کە کارتی دەنگدەران لە کارمەندانی مەدەنی و سەربازی وەرگیراوە، ڕێکارەکانی چۆنیەتی دەنگدانیان پێکراوە."

ئەرسەلان حەسەن وتیشی،" ئێمە ئەم کارە بە ترس لە دۆڕان لە هەڵبژاردن دەبینین،بەتایبەت ئێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەردوو حیزبی دەسەڵات ناتوانن ئاڵوگۆڕ بە سندوق و ژمارەی دەنگەکان بکەن."

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاودێری ئەو پێشەلکاریانە دەکات و لە ئەگەری سەلماندنیان ئەوا ئەو لیستەی پێشێلکاری کردووە سزادەدرێت.

حەمەسەعید ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتی دەنگدانە و دەنگدانیش نهێنیە، لەم دەنگدانەش کۆد دەنێرێت نەک ناوهیچ کەسێک، نازانرێت کێ دەنگی بەکێ داوە، ئەوەی دەکرێت نایاساییە."

حەمەسەعید وتیشی، "حیزبێکی سیاسی بۆ دەنگدەرانی خۆی پرۆسەکە ئەنجام بدات ئاساییە، بەڵام ئێستا زانیاریمان هەیە شوێنی دەنگدان و کارتی دەنگدان لە قوتابیان و فەرمانبەران وەردەگیرێت، ئەوە نایاساییە، ئەگەر بە بەڵگە ئەمانە بدرێنە کۆمسیۆنی باڵا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەولیستەکە ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە."

دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فۆڕم بە فەرمانبەران و مامۆستایان پڕکراوەتەوە و ژمارەی کارتی دەنگدانی خۆیان و ئەندامانی خێزانەکەیان کۆپی کراوە و وەرگیراوە کە مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەمین حاجی زەڵمی چالاکوان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لایەنە سیاسیەکان بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە شێوازی هەڵبژاردن و بەڕێوبردنی پرۆسەکە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هاتوونەتە کایەوە، ترسیان لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە و قورسایی ڕاستەقینەی خۆیان هەیە."

ئەمین حاجی وتیشی، فشاری جیاجیا لەسەر نەک بە تەنها کادیرەکانی خۆیان بەڵکۆ ئەو دەنگدەرانەش هەیە کە سەربەخۆن، ئەمەش وایکردووە، پێشەلکاری ڕوون و ئاشکرا بەرامبەر بە دەنگدەران ئەنجام بدرێت."

159 چاودێری بیانی و 733 چاودێری ناوخۆیی، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن و ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیانیش کارتی دەنگدانیان نوێکردوەتەوە.

بە گوێرەی زانیاریەکانی دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە رۆژی 15 ی مانگی 10ی 2024 کۆمسیۆن کەرەستەکانی پێویست بە هەڵبژاردنەکان لە ناوەندەکانی دەنگدان جێگیر دەکات و لە رۆژى 20ی مانگی 10ی 2024 پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG