Accessibility links

بەرابەریی و نابەرابەریی نێوان کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق


بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە 25ی مانگی 9ی 2024 یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. زیاتر لە 1150 کاندیدی لیست و قەوارە جیاوازەکان هەروەها زیاتر لە 80 کاندید بەسەربەخۆیی لەچوار پارێزگا و لەچوار بازنەی هەڵبژاردن کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک بەشێک دەڵێن، بەشێکی زۆری کاندیدەکانی حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت تازە دروستبووەکانیش میدیای زەبەلاح لە پشتیانە و داراییەکی زۆریشیان لەبەردەستدایە هەتا بتوانن هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەبەرن، بەڵام وەک دەوترێت ڕەنگە ئەو دەرفەتە بۆ کاندیدە سەربەخۆکان هاوشێوە نەبێت و نەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند سەردانێکی سنوردار زیاتر بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.

دەپرسین،
*ئایا کاندیدە سەربەخۆکان چۆن دەتوانن هەڵمەتەکانیان کاریگەر بکەن لەو ڕوانگەیەوەی نە دەزگایەکی میدیاییان لە پشتە و نە داراییەکی ئەوتۆشیان لەبەردەستدایە؟
*ئایا کاندیدە سەربەخۆکان هەست بە نابەرابەری دەکەن لە گەیاندنی پەیام و پڕۆژەکانیاندا بۆ دەنگدەر؟
*کێ و چۆن چاودێری لەسەر خەرجی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکات؟
ژیار محەمەد, لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەبابەتی ڕۆژدا، تاووتوێی پرسی جیاوازیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بۆ کاندیدانی سەربەخۆ لەگەڵ کاندیدانی حزب و قەوارە و لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەمیوانداری بەڕێزان:
ئاوات حسامەدین، کاندیدی سەربەخۆ
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای بواری هەڵبژاردن

please wait

No media source currently available

0:00 1:03:13 0:00
Direct link

ئاوات حسامەدین:
من خۆم سەر بەهیچ حزبێک نیم، هیوای باشی بۆ هەموو حزبەکان دەخوازم و ڕەخنەشم لەسەر خراپەی هەموو حزبەکان گرتووە، من وەک ژنێکی چالاکوانی سەربەخۆ، خۆم کاندید کردووە بۆ مافی ژنان و گەنجان و ژینگە، من لە 2012 وەک چالاکوانێکی بواری ژنان، هەروەها بۆ گەنجانیش کارم کردووە خەڵکی من دەناسێت، من ناتوانم بڕۆم شارو شارۆچکە و گەڕەکەکان بگەڕێم، هەروەها هەشتا هیچ وێنە و پۆستەرێکم هەڵنەواسیووە، هەر شوێن نەماوە لەبەر حزبەکان هەڕجی جێگا و عەمودە گیراوە.


کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە هەمووی بەپارەی نەوتی خۆمان دروستکراوە کەچی هەر کەناڵە و سەر بەحزبێکە،من هەفتەی پێشوو داوای موقابەلە و بانگەشەم لە کەناڵێک کرد، کەچی داوای چوار هەزار دۆلارییان لێکردم ،من وامبیردەکردەوە کە وەرەقەیەک دوو وەرەقە بێ، من پێکەنیم جا خۆ چل وەرەقە موچەی مەکتەبێکی پێدەدرێ، بەداخەوە حکومەت دەبوو یارمەتی کاندیدە سەربەخۆکان بدات نەک بەتەنها حزبەکانی خۆمان، چونکە کاندیدە سەربەخۆکان لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک و خاکە، دەبوو چۆن دەوترێ حکومەت باوکی میللەتە، ئاوا دەستی کاندیدە سەربەخۆکانی بگرتایە، ئێمە بەدەیان دەوڵەمەندی سەربەخۆمان هەیە ئەوانیش یارمەتیمان نادەن، بەڵام ئەوەی زۆر خەفەتی پێدەخۆم ئەو پەنجا کەناڵەیە کەهەمانە و هیچییان یارمەتیمان نادەن، ئێمە دەتوانین کاری باش بکەین لەپەرلەمان، ئەوەی لە سی ساڵی ڕابردوو نەکراوە ئێمە دەتوانین ئەنجامی بدەین و پەرلەمان چالاک بکەین، یەکەم کارم لەپەرلەمان کەمکردنەوەی موچەی پەرلەمانتاری و نەهێشتنی خانەنشینی پەرلەمانتاری و هەروەها نەهێشتنی ئەوەیە پەرلەمانتار کە چووە پەرلەمان نەیکاتە دەرفەت بچێت لەوێوە خوێندنیش تەواو بکات دەبێت پەرلەمانتار بەتەواوی خۆی تەرخان بکات بۆ ئەرکەکەی، لەهیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە پەرلەمانتار ئەو موچە و ئیمتیازە زۆرە و دواتریش لەپەرلەمان بێت و لەزانکۆ و ئامادەیی بخوێنێت!خەڵکیش دەمناسێت وەک ئاوات هەر قسەیەک بکەم جێبەجێی دەکەم.

من پێویستم بەموچەی پەرلەمانتاری نیە تا بۆ موچە بچم، خەڵک دەمناسێت کەچەندە کاری خۆبەخشیم بۆ ژینگە و گەنجان و خەڵک کردووە، من تائێستا ٨٠٠٠(هەشت هەزار)کەسم لەسەر کار دامەزراندووە، من تائێستاش خۆبەشم، نەحزب، نەحکومەت، نەهیچ دەوڵەمەندێک، هاوکاریمان ناکات و هیچ موچەیەکم نیە، لەگیرفانی خۆمان پارە بۆ کرێی ئۆفیس و کارەبا و ئاو کۆدەکەینەوە، بەهۆی قەیرانی دارایشەوە دوو جەژنە هیچ مەراسیمێکمان ئەنجام نەداوە. ئەگەر وەک کاندیدی حزبەکان هەموو تەلەفزیۆن و شوێنەکان موقابەلەم بکەن، وە لەهەموو شوێن ڕەسم و پۆستەرم هەڵبواسرێت بێگومانم لە سەدا سەد، دەردەچم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنیام وەک ئاوات حسامەدین کەکارەکانی ڕابردووم شاهێدن کە بۆ داهاتوو دەنگی گەل دەبم.

هەڵشۆ عەبدولفەتاح:
بانگەشەیەکی توندی نێوان لایەنەسیاسیەکان هەیە،سەرەڕای ئەوەش نابەرابەریی تەواو دەبینرێت لەنێوان کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ، لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی و دارایی و ڕاگەیاندنەکان، تەنانەت ئەو جیاوازییە لەنێوان خودی کاندیدانی لایەنە سیاسییەکانیش دەبینرێت، بەڵام دەکرێ ئەو کاندیدە سەربەخۆیانە کۆمەڵێک مۆدێلی جیاواز و سەرنج ڕاکێش پەیڕەو بکەن لەبانگەشەدا وەک چاندنی درەخت، یان دابەشکردنی خواردن، یاخود هەر بانگەشەیەکی جیاواز تابتوانێت سەرنجی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕابکێشن کەڕوماڵی بکەن خۆشبەختانە هێشتا ئەوە ماوە کەکۆمەڵێک میدیا هەن ئەو کارانە دەکەن، ئەوەی دەمەوێت بڵێم ئەوەیە کەبانگەشەی هەڵبژاردن یا هەر کاندید و کەسێک بیەوێت خۆی کاندید بکات، بە مانگێک یان شەش مانگ ناتوانێت؛ بەڵکو دەبێت بۆ ماوەی درێژتر لەپێشتردا ئەگەر نیازی خۆ کاندید کردنی هەبێت بۆ خولی داهاتوو ئەوا پێشتر چوبێتە ناو خەڵک و کاری بۆ خۆی کردبێت.

پێویستە هەم میدیاکان وە هەم کۆمسیۆنیش کار لەسەر ئەو بڕە پارەیە بکەن کە پارتە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن و لیستەکان خەرجی دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کە بڕەکەی چەندە؟ دووەم، سەرچاوەی ئەو پارانە کوێن و چین؟ خودی ئەوە لەڕێنمایی و ڕێکارەکانی کۆمسیۆندا هاتووە بەڵام بەبڕوای من پێناچێت کۆمسیۆن بتوانێت ئەو پرسیارانە لەلیست و حزبەکان بکات کارێکی قورسە.

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی قوڵی داراییدا تێدەپەرێت فەرمانبەران موچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە، کەچی بەس بەشەقامەکاندا بڕۆ بەچاو دەبینرێ حزبەکان چەندەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و سپۆنسەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خەرجکردووە، ئەمە جگە لە بودجەی زەبەلاح بۆ ئەو کەناڵە گەورانەی کردویانەتەوە، ئەوە باشترین بەڵگەیە کە قەیرانی دارایی بە مامۆستا و موچەخۆرەوە دیارە نەک بەحزبێکی سیاسی کەدەچێت بەشداری هەڵبژاردن دەکات.

XS
SM
MD
LG