Accessibility links

سەرکردەیەکی عێراق: ڕەنگە هەندێک پێگەی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج


سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە هەندێک پێگەی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، چونکە عێراق هەڵوێستی ڕوون بووەو هاوکاری گەلی لوبنانی کردووە، بەڵام پێناچێت دۆخەکە سەر بکێشێت بۆ شەڕی گشتگیر.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەدوور نازانرێت هەندێک پێگەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، چونکە عێراق پاڵپشتی گەلی لوبنانی کردووەو هەڵوێستیشی ڕوون بووە لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە."

ڕۆژی 27 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاو ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران.

سەعد مەتڵەبی دەڵێت،"ڕەنگە دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە بڕوات، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجدی لەسەر هێڵە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پاڵپشتی ئەمەریکا بقۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەندێک پێگەی عێراقی."

شەوی 1 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە بە ژمارەیەکی زۆر موشەک بۆردومانکرا، سەرباری وەڵام نەدانەوەی ڕاستەوخۆی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڵام کاردانەوەی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا بەدوور نازانرێت.

میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێۆان بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززەو لوبنان، ئەمەش ئەگەری تێوەگلانی ئەو هێزانەی لە شەڕدا زیاتر کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزە شیعەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرکردەکانی هێزە شیعەکان ترسیان لە هێرشی ئیسرائیل هەیە بۆ سەریان بۆیە شوێنی مانەوەیان گۆڕیووەو ڕێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی خۆیان."

سەرچاوەکە دەڵێت،"حکومەتی عێراق قسەی لەگەڵ هێزە شیعەکان کردووەو داوای لێکردوون هیچ جم و جۆڵێک ئەنجام نەدەن بە ئاراستەی تێوەگلاندنی عێراق لە ئاڵۆزییەکان."

هێزە شیعەکانی عێراق بەردەوام ئەمەریکا بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن، بۆیە زۆرجار لە کاتی ڕوودانی ئاڵۆزیدا هێرشی موشەکی دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند،"بەردەوام دەبین لە پلانەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ، نیگەرانیشین لەو گروپانەی لە عێراقن و لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون و پاڵپشتی دەکرێن."

ڕاشیگەیاند،"گروپە نزیکەکان لە ئێران ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ناسەقامگیری عێراق، بۆیە نیگەرانین لە ڕۆڵی ئەو گروپانەو بەردەوام دەبین لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان."

گڕی ئاگری جەنگ لە غەززەوە هەڵگیرساو لوبنانیشی گرتەوە، بەڵام چاودێران فراوانبوونی شەڕەکەو گەیشتنی پریشکی ئاگرەکە بە سوریاو یەمەن و عێراق بەدوور نازانن.

شەڕی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا درێژکراوەی شەڕی غەززەیە، بۆیە بەدوور نازانرێت شەڕەکە لق و پۆی تری لێ ببێتەوەو گروپەکانی نزیک لە ئێران کە ئیسرائیل کار بۆ لاوازکردنیان دەکات لەناوچەکەدا لەو شەڕەدا تێوەبگلێن.

شوان داودی، ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە شەڕی حیزبوڵا پەیوەستە بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراقەوە، بەتایبەت ئێران کۆمەڵێک کەرەستەی لە عێراق هەیەو ئەگەری بەکارهێنانیان بۆ بەشداریکردن لە ئاڵۆزییەکان بەدرەنگ و زوو کەوتووە."

دەشڵێت،"پێموایە هێزە شیعەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە گورزیان بەر دەکەوێت."

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"هەموو هێزەکانی موقاوەمە شانبەشانی حیزبوڵان."

XS
SM
MD
LG