Accessibility links

کاردانەوە لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


کۆماری ئیسلامی ئێران، بەسەدان موشەکی باڵستیکی، ئیسرائیلی کردە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئێران و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە ئەو هێرشە موشەکییەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی 10ی 2024 لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و حەسەن نەسروڵا سەرۆکی ڕێکخراوی حزبوڵای لوبنانی بووە.

بەنجامین نەتانیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و گەورە کاربەدەستانی تری دەوڵەتی جوو جەختییان کردەوە لەوەی ئێران تۆڵەی ئەم کردارەی خۆی وەردەگرێتەوە.
نەتانیاهۆ دەڵێت "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات." بە بڕوای بەشێک لەچاودێران ئێستا ئاگرێک لەناوچەکەدایە و شییانیشی هەیە ئەو ئاورە زۆر شوێنی تریش بسوتێنێت، لەوانە عێراق.
تەلئەڤیڤ و واشنتۆنیش لە دوای هێرشەکەی ئێرانەوە ڕایانگەیاند، ئەو هێرشە کاریگەریی نەبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 1:01:59 0:00

دەپرسین:
پاش هێرشەکانی ئێران دۆخی ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئایا هێرشەکانی ئێران نمایش بون؟
هەندێک پێییان وایە هێرشەکانی ئێران دەستی ئیسرائیل کراوەتر دەکات بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکان لەناوخۆی ئێران ئایا وەڵامی ئیسرائیل تا ئەو ڕادە دەڕوات؟
عێراق لەکوێی ئەو جەنگەدایە و دەبێت؟
ئایا هێزەکانی عێراق توانای بەرگرییان هەیە ؟

ژیار محەمەد، لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبابەتی ڕۆژدا تاوتوێی پرسی دۆخی ناوچەکە لەدوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات لەگەڵ میوانەکانی بابەتی ڕۆژدا:
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شارەزای کاروباری سەربازی.
شوان حەمە، نوسەر و چاودێری سیاسی.
کۆشان عەلی زەمان،هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

جەبار یاوەر:
*بێگومان دۆخی ناوچەکە دوای هێرشە موشەکیەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەرەو ئاڵۆزتر دەڕوات، چونکە ئێستا ئیسرائیل هەست بەجۆرێک لەشکست دەکات.
*هێرشی ئەمجارەی ئێران جیاوازی هەیە لەگەڵ هێرشەکەی مانگی چواری ئەمساڵ لەڕووی بەکارهێنانی ئەو موشەکانەی ئێران ئاراستەی کردن کەپێشکەوتوتربوون وە خێراتر بوون، لەهەمانکاتدا موشەکەکان لەنزیک ئامنجی گرنگ کەوتنە خوار ڕاستە نەپێکران بەڵام بۆخۆی پەیام بوون بۆ ئیسرائیل کە تاران دەتوانێت ئەو ئامانجانە بپێکێت.
*جیهان لەجەنگێکی جیهانی سێییەمی ڕانەگەیەندراودایە، وڵاتە ناکۆکەکان لەڕێگای مقاشەکانیانەوە شەڕی یەکر دەکەن، عێراق بەجۆرێک لەجۆرەکان لەم شەڕەوە تێوەگلاوە.

بێگومان خوانەکردە ئەو شەڕە فراوان ببێت، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئەو گروپە چەکدارانەی لەعێراقەوە هێرش دەکەن من لەو بڕوایەدا نیم ژێرخانی ئابوری عێراق بەئامانج بگرێ بەڵام بنکە و بارەگای ئەو گروپانە و سەرکردەکانیان بەئامانج دەگیرێن.
*بەداخەوە هیچ هەوڵێکی ڕژد نابینم بۆ وەستاندنی ئەو جەنگەی هەیە، چەند جار بڕیار لەئەنجومەنی ئاسایش دەرچووە لایەنەکان بەتایبەت ئیسرائیل پێوەی پابەند نابێت.
*ئەوەی زۆر سەیرە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبە کە زیاتر وەک بینەر سەیری دۆخەکە دەکەن، هەندێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگن، هەندێک پێییان وایە توانای سەربازییان نیە و یا دەیانەوێ شەڕەکە لەخۆیان دووربخەنەوە(ئاگرە سورە لەخۆم دوورە)

شوان حەمە:
*هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نومایشت بوو، کاریگەری بۆ سەر ئیسرائیل نەبوو، من پێیم وایە تەنها دەنگدانەوەی میدیایی هەبوو، ئەمە قسەی من نیە بەڵکو ئەنجامی ئەو هێرشانە کەڕاگەیەندرا، هێرشەکە تەنها بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ئەو حزبوڵایانەیە کە ئێستا لەباشوری لوبنان لەبەردەم هێرشی ئیسڕائیلدان، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی گروپە چەکدارە فاتمییە شیعەکان و مقاومەن لەسوریا و عێراق و ناوچەکە.
*هێرشەکانی ئێران بۆ ترساندنی گەلانی ئێرانە لەناوخۆی وڵاتەکەدا و ئەو پەیامە دەنێرێت کە ئێران کە بەوجۆرە بەهێزن، چونکە گەلانی ئێران پڕن لەو دەسەڵاتەی ئێران، هەروەک لە شۆڕشی ژینا بینیمان ئێستاش هەردەرفەتێکییان بۆ بێتە پێش ئامادەن بێنە سەر شەقام و ڕاپەڕن، ئەگەرنا ئەو موشەکانە موشەکی دەنگین و توانای وێرانکردنیان نیە، ڕاستە ترس بڵاودەکاتەوە و خەڵک دەچێتە ژێر زەمین.

ئێستا ئەو قۆناغە تەواو بووە کەئیسرائیل لەپێناو دیلێکی خۆیدا دەیان دیلی فەلەستینی و گروپە چەکدارەکان ئازاد بکات، بەڵکو لەدوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، قۆناغی ڕووبەڕوبونەوەیە،وەکو خۆیان دەڵێن شەڕی مان و نەمانە،
*لەوێنە گشتییەکەشدا ئێران کۆمەڵێک گیرفانی هەیە لێرەو و لەوێ بەکارییان دەهێنێ لەمامەڵە و سەودادا، ئیسرائیلیش کەوتۆتە ئەو بڕوایەی ئەگەر هێرش نەکات و وەڵام نەداوەتەوە 7ی ئۆکتۆبەر زۆرتر دووبارە دەکەنەوە، بۆیە تا حەماس لەغەززە بێت وە حزبوڵا لەباشوری لوبنان بێت بەو هێزەی پێشتر هەبوو ئەو ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لەجەنگ تا ئەو دوو ئامانجە دەپێکێت وە ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش لەپشتی ئیسرائیل دەبن.

کۆشان عەلی زەمان:
*هێرشەکەی ئەمجارەی ئێران جیاوازە لەوەی مانگی چوار، لەو ڕووەی لەمانگی چوار حزبوڵا و حەماس بەشداربوون، بەڵام ئەمجارە بەتەنها ئێران خۆی بەشداربوو، دووەم، وەڵامدانەوە و کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا هاوشێوەی پێشتر نەبوو، ئەوەش دەکرێت وەک ئەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت کەئەمەریکا دەیەوێت فشار لەئیسڕائیل بکات بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، هەروەها بەئیسرائیلیش بڵێ ئەگەر من لەناوچەکەدا نەبم ئیسڕائیل ناتوانێت تاسەر موجازەفە بکات.

* ئێران شکۆی خۆی گێڕایەوە وە هێرشەکەی ئەمجارەی کاریگەرتربوو لەچاو هێرشەکەی پێشتر، ئەمجارە پەیامەکەی ئێران بەوجۆرەبوو کە موشەکەکان لەنزیک چەند دەزگایەکی هەستیاری ئیسڕائیل کەوتنەخوار بەڵام هێرشەکەی مانگی چوار.
*ئێران و پزیشکیانیش جەخت دەکەنەوە ئێران جەنگی ناوێ، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە ناتانیاهۆ دەیەوێت جەنگەکە فراوان بێت، چونکە چەندە جەنگ درێژە بکێشێت ئەوەندە تەمەنی خۆی و دەسەڵاتەکەی لەئیسرائیل درێژ دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG