Accessibility links

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران دەکوژرێت


هێزە سنوورییەکانی ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 2ی مانگی دە لە سنووری نەوسود تەقە لە کۆمەڵێک کۆڵبەر دەکەن و لەئەنجامی تەقەکەدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد دەکوژرێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، کۆڵبەرەکە ناوی تاریق نەزەری، خەڵکی سەلاسی باوەجانی بووە کە دوای ئەوەی بە تەقەی هێزە سنوورییەکان بە قورسی بریندار بووە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پاوە و دواتر بەهۆی قورسی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

تاریق نەزەری خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی شاری جوانرۆ بووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز کە بە شێوەیەکی تایبەت هەواڵەکانی پەیوەست بە کۆڵبەران ڕووماڵ دەکات، لە مانگی چوارەوە تاکو مانگی نۆی ئەمساڵ، لانیکەم 36 کۆڵبەر کوژراون و 106 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کۆڵبەران بەو کەسانە دەوترێت کە لە نێوان سنوورەکانی ئێران و عیراق و تورکیا کاڵا و شتومەکی بازەرگانان لەسەر کۆڵی خۆیان بە پارەیەکی کەم دەگوازنەوە بۆ ئێران.

لە نێو کۆڵبەراندا گەنجانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی خوێندنی بەرز هەن کە لەبەر نەبوونی هەلی کار ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە. هەروەها کەسانی تەمەندار و هەندێکجار بەساڵاچوو ڕوو لەو کارە پر مەترسییە دەکەن و بۆ دستبەبەرکردنی بژیوی ژیانیان، ناچار دەبن باری قورسی وەک تایەی ئۆتۆمبێلیش بە کۆل بگوازنەوە.

بارودۆخی کۆڵبەران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە کێشەیەکی مافی مرۆڤ. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەری بە جۆرێک لە قاچاخی کاڵا ناو دەبەن، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران و چالاکوانان کۆڵبەری بە تاکە ڕێگای دەستەبەرکردنی پێداویستی ژیان و نان بۆ کۆمەڵێک هاووڵاتی وەسف دەکەن و ئاماژە بە هەژاری و بێکاریی بەربڵاو و نایەکسانی لەو ناوچانەدا دەکەن کە کۆڵبەری تێیدا سەریهەڵداوە.

XS
SM
MD
LG