Accessibility links

یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل


وا نزیکەی ساڵێک بەسەر هێرشە تێرۆرکارییەکەی حەماسدا تێپەڕ دەبێت کە 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلی تیادا کوژران. ئەم قەیرانە پەرەی سەند و بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار کەس و هەروەهاش بووشەتە مایەی مەترسی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. لایەنە بەشەڕهاتووەکان ڕێککەوتنی ئاشتییان ڕەتکردۆتەوە و تەنانەت ئەو داوایانەیشیان فەرامۆشکردووە کە دەکرێن بۆ ئاگربەست. زۆریش پێدەچێت ئەم قەیرانە وەک میراتێک بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا بمێنێتەوە کە بڕیارە ڕۆژی 21ی مانگی یەلی ساڵی 2025 دەستبەکار بێت.

توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەندووە پاش هێرشە لەناکاوەکەی 7ی مانگی 10ی ڕابردووی میلیشیاکانی حەماس و بردنی 250 بارمتە بۆ غەززە و دواتریش ئیسرائیل دەستیکرد بە بۆردومان و هێرشی زەمینیشی کردە سەر غەززە؛ دوای ئەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتی حەماس، کردە لەشکرییەکان بۆسەر لوبنان دەستیانپێکرد و لە یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ڕێبەری حزبوڵا کوژرا و ئەمەش بووە مایەی وروژاندنی ئێران، پشتیوانکارە سەرەکییەکەی حزبوڵا.

جەیک سولیڤان, ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت "بە ئاشکرایی ئەوەی ئێران کردی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانە و ڕووداوێکی گرنگیشە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئێمەش بە هەمان ئەندازە دەستمان هەبوو بۆ دروستکردنی ڕەوشێک کە کەس لەو هێرشەدا نەکوژراوە تا ئێستا و هێندەی ئەوەی ئاگادارین."

ئاڵۆزبوون و پەرەسەندنی زیاتری ئەم قەیرانە خوێناوییە، وەهای کردووە شیکەرەوە بۆیان ڕون نەبێت ئەم قەیرانە چۆن کۆتایی پێدێت.

جێراڵد فێریشتن، لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوبڕوایەدایە هیچ شتێک دیارنییە هەتا گەشبین بیت و دەڵێت "ئاماژەیەکی ڕون لە ئارادا نییە بگوترێت ئیسرائیل یان حەماس چاویان لەسەر کۆتاییپێهێنان بەم شەڕە بێت و پێشدەچێت هەردوولایان بتوانن و بشخوازن بۆ ماوەیەکی تریش درێژەی پێدەن."

فشارە دیپلۆماتییەکان هەروادێ و چڕ تر دەبنەوە. لەمساڵدا زیاتر لە 140 وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، لەوانە ئێرلەندا و نەرویژ و ئیسپانیا.

لەگەڵ پەرەسەندن و وەرچەرخاندنەکانی ئەم قەیرانەدا، شیکەرەوە باس لە هۆکارەکانی درێژەکێشانی پێکدادانەکان دەکەن؛ یەکێک لە فاکتەرەکان هەوڵی ئیسرائیلە بۆ لەناوبردنی حەماس و حزبوڵا، ئەمەش جێی خۆشحاڵیی هەندێک لە ڕێبەرانی عەرەب نییە.

ستیڤن کوک، لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکان، باس لە وڵاتانی عەرەبی دەکات لە ناوچەکەدا و ڕوانینیان لەسەر حەماس و حزبوڵا، دەڵێت "قورسە بۆم، بڕوام وەهابێت عەرەبستانی سعودیە، میرنشینەکان، بەحرەینییەکان و وڵاتی تریش بڕوایان هەبێت بەوەی ناوچەکە بێ حزبوڵا و حەماس بێت یان حەماس و حزبوڵایەکی لاواز، باشتر بێت بۆ ناوچەکە."

هێرشەکەی حەماس، هەر تەنها لەوەدا سنوردارنییە کە وەک قەیرانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لێی بڕوانرێت، بەڵکو وەک شیکەرەوە دەڵێن هێرشەکەی حەماس هاندەر بووە بۆ ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی تری وەک ئەلشەباب لە سۆماڵیا و ئەوانی تریش کە سەر بە تۆڕە تێرۆرکارییەکانی داعش و ئەلقاعیدەن.

فەرەح پاندێث، لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکان، هاوڕایە و دەڵێت "کاتێک دەڕوانینە ڕەوتی ڕووداوەکان لە دوای هێرشە دڕندانە و تۆقێنەرەکانی 7ی مانگی دەی ڕابردوو، دەبینین هەر یەکێک لەو ڕێکخراوانە، ڕەوشەکەیان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە."

گۆڕانکاری لە زۆر ڕەهەندی ئەم قەیرانەدا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام پێدەچێت ئەوەی گۆڕانی بەسەردا نەهاتبێت؛ هەڵوێستی سەرۆک جۆو بایدنە لەسەر ئیسرائیل.

ئەمەریکا گەورەترین پاڵپشتی لەشکریی و دیپلۆماتیی ئیسرائیلە.

لەژێر سەرکردایەتی بایدندا، هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە بۆ بەرپەرچ دانەوەی دوو هێرشی موشەکی باڵستیکی ئێران.

هەڵوێستی بایدن، هاوکاتی دەستپێکی شەڕەکە وەک ڕایگەیاند "پێویستە تەواو ڕون و ئاشکرا بین، ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلین." هەر لەم هەفتەیەشدا جارێکی تر جەختی کردەوە لەو پشتیوانییە "هەمیشە بێگومانبە لەوەی ئەمەریکا، بە تەواوەتی و تەواوەتی و تەواوەتی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات."

لەگەڵ نزیکبوونەوە لەم ساڵیادە ڕەشتاڵەیەدا، دوو شت زۆر ڕونن؛ یەکەمیان، ئەم قەیرانە بەم زووانە کۆتایی نایەت. دووهەمیشیان خولی سەرۆکایەتی بایدن بەم زووانە کۆتایی پێدێت.

XS
SM
MD
LG