گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و لوبنان، نرخی دۆلاری بە ناجێگیری هێشتووەتەوە و ئەمەش كاریگەری لەسەرنرخی كاڵاكان لە عێراق وهەرێمی كوردستان دروستكردووە.
لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکایی لە 150 هەزار دیناری عێراقی بۆ 156 هەزار دیناری عێراقی هەڵكشاوە و ئێستاش لە 153.750 دیناری عێراقیدایەو نرخكەی ناجێگیرە.
چاودێرانی ئابوری دەڵێن 90% كاڵاو شمەكەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دەرەوە بەدۆلار هاوردە دەكرێن ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی كاڵاو شمەكەكان دروستكردووە.
سەركۆ یونس ئابوریناس لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" گرژی و ئاڵۆزییەكان لەهەموو وڵاتێكدا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دراوی وڵاتەكە هەیە، لە دوای هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان ، ڕاستەوخۆ نرخی دۆلار گۆڕانكاری بەسەردا هات و تا ئێستاش بە ناجێگیری ماوەتەوە. "
سەركۆ یونس وتیشی،" بە پێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق 90% كاڵاو شمەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دەرەوە بە دۆلار هاوردە دەكرێن، بەهۆی ئەو دابەشبوونەش كە هەیە كە عێراق زیاتر لایەنگری لە ئێران و ئەمەریکش لە ئیسرائیل دەكات، بۆیە ئەم هاوكێشە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی دۆلار لە عێراق دروستكردووە" .
شەوی 1 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە بە ژمارەیەکی زۆر موشەک بۆردومانکرا، سەرباری وەڵام نەدانەوەی ڕاستەوخۆی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڵام کاردانەوەی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا بەدوور نازانرێت.
ڕۆژی 27 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاو ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران.
هەرچەندە تا ئێستا عێراق نەبووەتە بەشێك لەو شەڕەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، بەڵام هەڕەشەكانی بە شێك لە گروپە چەكدارەكان بەرامبەر بە ئیسرائیل دۆخێكی ناسەقامگیری دروستكردووە.
لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، نرخی دۆلار لە عێراق بە ڕای چاودێرێكی ئابوری بە جێگیری ماوەتەوە، ئەو كاریگەریە خێرایەش لە نرخی دینار هاتووەتە ئاراوە بە "كاتی " ناوی دەبات و پێی وایە نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار جێگیر دەبێتەوە.
عیماد مەحمود چاودێرێكی دیكەی ئابوریە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لەماوەی شەش مانگی رابردوو، تاڕادەیەكی باش نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار جێگیردەبینرا، عێراق یەدەكی نەختینەیی لە دۆلار 122 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەردابەزینی نرحی دینار هەبووە، ئەمەش چاوەڕوان دەكرێت كاتی بێت و نرخی 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دیناری عێراقی دابەزێتەوە."
عیماد مەحمود وتیشی،" بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان لە بازاڕدا، بەهۆی پەیڕەوكردنی بازاڕی ئازادەوە و نەبوونی چاودێری وردە، ڕاستەوخۆ ئەم دۆخانە كاریگەریان لەسەر كاڵاكان هەیە،ئامارەكان ئەوەمان پێدەڵێن هەموو ئەو كاڵایانەی كە دێنە عێراقەوە بە دۆلار داغڵ دەبن، ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی كاڵاكان دروست دەكات."
نرخی كاڵاكان لە بازاڕەكاندا، لەسەر بنەمای بەرز و نزمی نرخی دۆلار دیاری دەكرێن، سیستەمێكی جێگیر نییە بۆ دیاریكردنی نرخی شمەكان .
ئازاد عەلی فرۆشیارێكە لە هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"هەموو ئەو كاڵایانەی كە لە دوكانەكانمادا هەن، بە دۆلار دەیانكڕین، هەندێك جار نرخی دۆلار بەرزە و ئێمەش نرخەكەی بە نرخی دۆلار دیاری دەكەین، ئەوەش وادەكات نرخەكان جێگرنەبن و بۆ فرۆشیار و كڕیاریش دۆخێكی ئاسایی نەبێت لە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی كاڵاكان ."
بانکی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لە 1 ملیار دۆلاری بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە فرۆشتووە، بەڵام بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو بڕی فرۆشی دۆلار کەمیکردووە.
ڕۆژی 3ی مانگی 10ی 2024 عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە بەغدا، پێشوازی کرد لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ڕێكەوتن لەسەر ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان توركیا و عێراق بە دراوی یۆرۆ، ئەمەش وەك هەنگاوێكی بانكی بازرگانی عێراقی بۆ كەم كردنەوەی خواست لەسەر دۆلار بینرا.