Accessibility links

پەرلەمانتارێکی عێراق: داعش جوڵێنەری هەیە و لەمکاتەدا بۆ ئامانجێکی دیاریکراو دەجوڵێنرێت


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داعش جوڵێنەری هەیە و جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لەمکاتەدا جێی گومانە، بەو پێیەی دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و ئەو ڕێکخراوەکەش هەمیشە هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەت دەدات.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جم و جۆڵی چەکدارانی داعش زیاتر لەو ناوچانەیە کە پێشتر پێگەی خۆیان بووە، بۆیە داعش جوڵێنەری هەیەو بۆ ئامانجێک دەجوڵێنرێت."

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، داعش لە سنوری ناحیەی رەشادی ڕۆژئاوای کەرکوک هێرشیکردە سەر سوپای عێراق و لە ئەنجامدا نۆ سەرباز کوژران و برینداربوون، دواتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6 ی مانگی دەی 2024، سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچەی جەبەل بۆری سنوری کەرکوک ئەنجامدا، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پشکنینی ناوچەکەو ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش بوو، بەڵام بە بێ ئەنجام کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنرا.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر زیادبوونی جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لەناوچە کێشە لەسەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک و دابەشبوونیان بۆ سەر دوو بەرەی ناکۆک، لەگەڵ دۆخی ناسەقامگیری عێراق هۆکاری سەرهەڵدانەوەی جم و جۆڵی داعشن."

هەروەها وتیشی،"داعش هەمیشە دۆخی ناسەقامگیر دەقۆزێتەوەو هێرش دەکات، بە تایبەت ماوەیەکی زۆرە ئەو ڕێکخراوە سەرقاڵی خۆ ڕێکخستنەوەیە."

شەوی ڕابردوو، بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە لە ناوچەی نۆفلی پارێزگای دیالە، دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و چەکدارێکی تریش برینداربوو، یەکێک لە کوژراوەکان جێگری فەرماندەی فەوجی حەشد بوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای سەڵاحەدین کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داعش جم و جۆڵی زۆرە و بە ئاشکرا هەست بە جم و جۆڵیان دەکرێت، هۆکارەکەشی ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە."

سەرچاوەکە دەڵێت،"هەر لە پارێزگای دیالەوە تا پارێزگای نەینەوا داعش جوڵەی هەیە."

شەوی ڕابردوو، داعش جوتیارێکی کوردی بە ناوی (رابەر حسێن) ئازادکرد کە مانگێک لەمەوبەر لە سنوری ناحیەی پردێ رفێنرابوو، بە پێی وتەی بەرپرسانی ناوچەکە، جوتیارەکە لە ناوچەیەکی دوورە دەست و لە ژێر زەمیندا زیندانیکرابوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:53 0:00

XS
SM
MD
LG