ئەو ژنە ئێزدییەی کە نزیکەی 4 ساڵ لە غەززە گیریخواردبوو و سێشەممەی ڕابردوو ڕزگارکرا زانیاری نوێ بە دەنگی ئەمەریکا دەدات و دەڵێت، "هەواڵگری فەڵەستینی" ساڵی 2020 لە ڕێگەی ناسنامەی ساختەوە لە تورکیا گواستویانەتەوە و ئەوکاتەی لە غەززە بووە چەکدارانی حەماس لە ژێر هەڕەشە ڕێگەیان نەداوە چیرۆکی ڕفاندن و کەنیزەککردنی بگێڕێتەوە.
فەوزییە ئەمین سەیدیۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەواڵگری فەڵەستینی لە ئیستانبووڵ ناسنامەی گەشتکردنیان بۆ دەرکردم. ئەمە ئەرکی ئەوان بوو، من تەنها ئەوەم لەسەر بوو گەشت بکەم...هەروەها لە ترسی ئەوەی پەیوەندی بە خێزانەکەمەوە بکەم، مۆبایلەکەیان لێسەندم."
فەوزییە دەڵێت دوای گواستنەوەی بۆ غەززە، بەهۆی ئەو فشارە دەرونییەی کەوتبووە سەری، چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بەم هۆیەوە چەندین هەفتە لە نەخۆشخانەی دەروونی ماوەتەوە.
بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "بەهۆی ئەو شتانەی کە لە ژیانم بینیم، هەوڵی خۆکوشتنم دا لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە...21 جار هەوڵی خۆکوشتنم دا."
بەڵام فەوزییە دەڵێت چارەسەری دەروونی ڕەتکردووەتەوە و بەهۆی بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە خێزانەکەیەوە لە شنگال، ئەندامانی حەماس مۆبایلەکەیان جارێکی تر لێوەرگرتووەتەوە و بە "بەکرێگیراوی ئیسرائیل" تۆمەتباریان کردووە.
دەشڵێت، "دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکە ڕۆیشتم، دادگای شەرعی داوای کردم و لە ڕێگەی پۆلیسەوە برام بۆ لای دادوەر. دادوەر وتی، 'بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانیت دەکەم چونکە هەوڵی خۆکوشتنت داوە.' منیش بە دادوەرەکەم وت، 'بۆ زیندانیم دەکەیت؟ من دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ لای خێزانەکەم.' دادوەریش وتی، "جا کێ بە تۆی وتووە بێیت بۆ ئێرە؟' ئەوان چیرۆکی منیان نەدەزانی چونکە حەماس هەڕەشەی لێدەکردم بەوەی چیرۆکی خۆم لای کەس نەدرکێنم."
فەوزییە ئەمین سەیدیۆ ئەو زانیارییە نوێیانەی لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ کاوە عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا درکاند. تەواوی چاوپێکەوتنەکە 30 خولەکییەکە بەیانی دووشەممە بڵاودەبێتەوە.
فەوزییە ئەمین سەیدیۆ لە مانگی نۆی ساڵی 2003 لەدایکبووە و ساڵی 2013 بەهۆی ئێزدی بوونیەوە لە شنگال لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە. 5 جار دوای فرۆشتنی وەک کۆیلەی سێکسی، لە تەمەنی منداڵیدا کراوە بە "هاوسەری" چەکدارێکی داعشی فەڵەستینی.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە بەرواری 1ی دەی 2024، ئەمەریکا هاوکار بوو بۆ گواستنەوەی ژنێکی گەنجی ئێزدی بە سەلامەتی لە غەززەوە بۆ ئەوەی بە خێزانەکەی لە عێراق شادببێتەوە."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، "چیرۆکی ئەم ژنە زۆر دڵتەزێنە و خۆشحاڵین کە بە خێزانەکەی لە عێراق شاد دەبێتەوە...داواکارین خەڵک ڕێز لە ژیانی تایبەتی ژنەکە بگرن بۆ سەلامەتی خۆی لەکاتێکدا لەگەڵ خۆشەویستانی یەکدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە."
جگە لە ئەمەریکا، هەریەک لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە ڕاگەیێندراوی جیاوازدا بەرپرسیارێتی خۆیان لە گێڕانەوەی فەوزییە بۆ ناو باوەشی دایکی لە شەنگال ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، دەستەڵاتدارێتی غەززە لە راگەیێندراوێکدا وتیان ژنەکە بە خواستی خۆی چووەتە غەززە و فەوزیە لەگەڵ "تیمێکی حکومی کە تایبەت بۆ یاوەریکردنی پێکهێندرابوو، هەروەها بە ئاگاداریی کەسوکاری هاوژینەکەی و حکومەتی فەلەستین" چووە دەروازەکەی نێوان غەززە، میسر و ئیسرائیل و دەشڵێت، "داگیرکار ئەوی رزگارنەکردووە بەو شێوەیەی کە لە راگەیێندراوە درۆینەکەیدا درۆی لەگەڵ رای گشتی کرد."
بەڵام فەوزییە ئەمین سەیدیۆ ئەو زانیاریانەی دەستەڵاتدارانی غەززە ڕەتدەکاتەوە.
فەوزییە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو شتێکم لە حەماس بینی. لەو هەموو ئازاردانەی ئەوان ماندوو بووم و بڕیارم دا ئەو شوێنە بەجێبهێڵم. ڕۆیشتم بۆ لای دوو هاوڕێم و لەگەڵیان ژیام لە لای ئەوانەوە پەیوەندیم کرد بە چەند کەسێکی ئیسرائیلی و ئەمەریکی و کەنەدی...هەروەها لە ڕێگەی تیکتۆکەوە پەیامی ئەوەم بڵاودەکردەوە کە دەمەوێت لە غەززە دەربچم."
فەوزییە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باس لە شێوازی گواستنەوەی دەکات لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل و پاشان بۆ ئوردن و دواتریش عێراق.
دەنگی ئەمەریکا کە لە کۆتایی مانگی هەشتەوە چاودێری پرۆسەی گواستنەوەی فەوزییەی کردووە، تەواوی وردەکاری گواستنەوەکەی لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی 3ی ئەم مانگە بڵاوکردەوە. وردەکاری زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا هاوتەریبن لەگەڵ لێدوانەکەی فەوزییە.