سەرەڕای ئەوەی یەکێتی جەخت لە ڕەتکردنەوەی هەژماری من دەکات لە سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام بە قسەی لێپرسراوانی بانکەکانی سلێمانی پرۆژەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێنەگەشتووە بۆ کۆتایی هێنان بە پڕۆژە بانکیەکەی حکومەتی هەرێم بە ناوی "هەژماری من."
ئەمڕۆ 7ی مانگی دە سەرچاوەیەک لە بانکی تانجەرۆ کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڵێ کردنەوەی هەژماری من تا ئێستا بەردەوامە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکمان پێنەگەشتووە بۆ ڕاگرتنی پرۆسەکە."
وتیشی،" بەڵام کردنەوەی هەژمارەکە بە زۆرە ملێ نییە و ئارەزوومەندانەیە، هەر کەسێک خۆی ڕەزامەند نەبێت، هەژمارەکەی بۆ پڕ ناکرێتەوە."
چەندین جارە سەرۆک و ئەندامانی باڵای یەکێتی دژایەتی خۆیان بۆ "هەژماری من" دووپات دەکەنەوە و دەشڵێن "ڕێگری دەکەن" لە کردنەوەی هەژمارەکە، هاوکات پێشنیار دەکەن مووچەخۆرانی سنووری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی پەیوەست بن بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە "تەوتین" یان "بە نیشتیمانی" کردنی مووچەکانیان لە ڕێگەی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵیەوە.
ڕۆژی 5ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە میانی بانگەشە بۆ حزبەکەی لە شارۆچکەی کۆیە، وێڕای ڕەت کردنەوەی " هەژماری من" دژایەتی خۆشی بۆ سیستەمەکە ڕاگەیاند و لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی حزبەکەیدا وتی" هەژماری من نە هەژماری منە و نە هەژماری ئێوەیە، بەڵكو هەژماری مەسرورە" کە مەبەست لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمە بەو پێیەی پرۆژەکە هی حکومەتی هەرێمە و پارتیش پشتگیری خۆی بۆ بە بانکی کردنی مووجەی مووچەخۆران لە ڕێگەیەوە دووپات دەکاتەوە.
هەر ئەمڕۆش 7ی مانگی دە، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جارێکی تر بە ناوی حزبەکەیەوە، جەختی کردەوە لە ڕەتکردنەوەی هەژمارەکە و ڕایگەیاند،" تیمی یەکێتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاسپاردووە کە هەنگاوەکانیان بۆ هێنانی بانکە فیدڕاڵیەکان بۆ سلێمانی دەستپێبکەن."
لە ئێستادا " هەژماری من" بە خاڵێ ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی دادەنرێت و لەم کاتەی بانگەشەشدا ناکۆکیەکە بە ڕەهایی ڕەنگی داوەتەوە.
شارەزایەکی بانکیش پێی وایە چارەسەر ئەوەیە تەموویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادەوە بکرێت.
گوڵاڵە سدیق شارەزای دارایی و بانکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" داوا دەکەین تەمویلەکە لەلایەن بەغدادەوە بکرێت، ئەگەر تەمویلەکە لە بەغدادەوە بکرێت، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت،چونکە دابەشکردنەکە لەلایەن هەر بانکێکەوە بێت کێشە دروست ناکات جا هەژماری من بێت یاخود تەوتین."
وتیشی،" بە پێی ئەزموونی رابردوو ئەگەر تەمویلەکە لە بەغدادەوە نەکرێت، وەک ئەوەی ئێستا هەیە مووچە دوادەکەوێت، کە زۆر جار ڕەنگە هۆکارەکە میزاجی شەخسی و ململانێی نێوان بەرپرسە کوردەکان بێت لە حکومەتی هەرێم."
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی کرد بە لێپرسراوانی پرۆژەی " هەژماری من" لە ئاستی هەرێمی کوردستان و سلێمانی، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.
بەڵام لە ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییەوە، چەندین جار هەژمارەکە جەخت لە کردنەوەی هەژمارەکە بۆ مووچەخۆران دەکەنەوە و پرۆسەکەش بە یەکێک لە خزمەتگوزاریە پێشکەوتووەکانی بواری سیستەمی بانکی دادەنێن، بەو پێیەی بە قسەی خۆیان "بەشداربووان دەتوانن لە کاتی خۆیاندا مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکەش چەندین خزمەتگوزاری بۆ بەشداربوەکانی لە خۆی گرتووە."
بە پێی دواهەمین بڵاوکراوەی ئاماری "هەژماری من" لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 600 هەزار مووچەخۆر لە هەرێم لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، زیاد لە 250 ئامێری ڕاکێشانی پارەش بە ناوی ATM ی لە شوێنە گشتیەکان جێگیرکردووە و دەشڵێن پرۆژەکەیان بەردەوام دەبێت و دەیانەوێیت ڕێژەی بەشداربووان بگەیەننە 1 ملیۆن کەس و جێگیرکردنی 1 هەزار ئامێری ڕاکێشانی پارە."
هە بە پێی ئامارەکانیش بێت کە لە ئەندامانی " هەژماری منەوە" بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە،" لە مانگی نیساندا تەنها 25 هەزار کەس مووچەیان لەڕێگەی هەژمارەکەوە وەرگرتووە، بەڵام لە مانگی ئابدا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ 132 هەزار بەشدار بوو، بەڵام ژمارەی بەشدار بووان لە شاری سلێمانی لە نزیکترین ئاستدایە بە بەراورد بە شارەکانی هەولێر و دهۆک."