لە شاری سلێمانیەوە کەمپەینێک بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا، کە بڕیارە ڕۆژی 20ی ئەم مانگی دەیە بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵمەتە ناوی لێنراوە بەرەی بایکۆت و ژمارەیەک چالاکوانی سیڤیلی بەڕێوەی دەبەن.
بەرەی بایکۆت دەڵێت "هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشەی داهاتووی هەرێم نابێت و شتێک لە نەخشەی سیاسی هەرێم ناگۆڕێت و ڕەوشی هەرێمیش هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە."
دەپرسین:
بەرەی بایکۆت، چەندێک گەورەیە و لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندێک بەرفراوان دەبێت و ئایا تەواوی کوردستان دەگرێتەوە یان نا؟
بۆچی بایکۆت ڕادەگەیەندرێت؟ یان بایکۆت لە بەرژەوەندی کێیە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ڕێڤان عوسمان، ڕێکخەری کەمپەینی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، توێژەر لە ناوەندی توێژینەوەی دەنگی نەتەوە.
مافپەروەر دڵگش سادق، جێگری بەرێوەبەری رێکخراوی ستێپ بو دیموکراسی و هەڵبژاردن.
کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی.
رێڤان عوسمان:
هۆکاری داوای ئێمە لە خەڵک بۆ ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بکەن، بۆ تێگەیشتنی ئێمەیە لە پرسی دیموکراسی، چونکە بەتێگەیشتنی ئێمە دیموکراسی، یەکەم، گەل چی دەوێت؟ دووەم، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەڵام لەبەرئەوەی لەکوردستان هێزی چەکداری حزبی و دەزگای ئەمنی حزبی هەیە، وە حزبەکان پەیوەندی هەواڵگرییان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی هەیە بۆیە هەڵبژاردن جگە لە سیناریۆیەک هیچ نیە، ناتوانێت بەرامبەر بەچەک بوەستێت و هیچ گۆڕانکارییەک لەو دوو بنەما دیموکراسییەدا بکات (گەل چی دەوێ؟ دەستاودەستکردنی دەسەڵات)، بینیمان لەکاتی خۆی سەرۆکی پەرلەمان لە دێگەڵە گەڕێنرایەوە و دەرگای پەرلەمان بە فەرمانی حزبێک داخرا، هەتائێستاش حزب حوکم دەکات نەک حوکمەت، بۆیە هەڵبژاردن مانای نییە، هەتائێستا سێکتەرەکانی حزب بەشێوەی چنراو لە حکومەتدان، خۆ سەدام و قەزافیش هەڵبژاردنیان دەکرد.
ئەوەی کە دەڵێن بایکۆت لە بەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکانە، بەڕاستی ئەم قسەیە ڕاست نیە بە بەڵگە و بە ئامار، ئەوکاتانەی بەشداری خەڵک زیاتر بوبێ لەدەنگدان ڕێژەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی زیادی کردووە، ئەو هەڵبژاردنانەی ڕێژەی دەنگدان تێیدا کەمبوبێت ڕێژەی دەنگدانی پارتی و یەکێتی کەمیکردووە، چونکە پارتی و یەکێتی کار لەسەر قەرەباڵغی دەکەن، هەتاخەڵک زیاتر بەشدار بێت ئەوان دەرفەتی ساختەکارییان زیاتر دەبێ.
ڕاستە لەسلێمانیەوە ڕامانگەیاندووە، بەڵام لەئایندەدا دەچینە گەرمیان، بۆ هەولێر و دهۆک لەترسی دەسگیرکردن ناچین، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵکی ئەو شوێنانە و شوێنەکانی تریش هەیە.
مافپەروەر دڵگەش
لە هەموو دنیادا شێوازی دەستاودەستکردنی دەسەڵات تەنها لە ڕێگای هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانەوەیە، جگە لەوەی ڕاگەیاندنی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن یەکەمجار نیە لە عێراقش هەبووە و لە هەموو هەڵبژاردنەکانی تریش کراوە، بەڵام سودی نەبووە و ناشبێت، چونکە چ دەستوری عێراقی و چ یاساکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕێژەیەکیان دانەناوە وەک مەرجی شەرعیەتدان بە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، بۆ نمونە لە ٩٠%ش بایکۆت بکات و بە تەنها لە ١٠% خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات، ئەو هەڵبژاردنە شەرعیەتی خۆی هەیە، ئەو کاندیدانەی دەنگیان هێناوە دەچنە پەرلەمان و پەرلەمانیش دەبنە نوێنەری هەموو خەڵک، هەر نزیکترین نمونە ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە ١٨% خەڵک بەشداری کردووە لەدەنگدان، ئەوەتا ئێستا پەرلەمانی عێراق بێ هیچ گرفتێک کاری خۆی دەکات و نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراقیش دەکات.
ئەوان کە دەڵێن بایکۆت لە بەرژەوەندی دیموکراسییە، نەخێر بەوجۆرە نیە، چونکە دەستوری عێراقی تاکە ڕێگا کە دیاریکردووە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات تەنها سندوقەکانی دەنگدانە.
بەپێی ڕاپرسی کە خۆمان ئەنجاممان داوە وە هەندێک لایەنی تریش بە هەمان شێوە ئەنجامیان داوە، پێشبینی دەکەین ڕێژەی دەنگدان تۆزێک کەمتر بێت لە ڕێژەی دەنگدانی خولی پێنجەم، بەڵام لە ٥٠% کەمتر نابێت، بۆ بابەتی بایکۆتیش نەمبیستووە و نیە لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک ڕێکخراوێک یان جوڵانەوەیەک هەبێت داوای بایکۆت بکات، ئاساییە خەڵک لەسەر ئاستی تاک خۆی بەشداری نەکات ئەوە لەهەموو شوێن هەیە.
کەمال ڕەئوف
بایکۆت کاتێک کاریگەری دەبێت کەبەپێی یاسا ڕێژەیەک دیاریکرابێت بڵێت ئەگەر بۆ نمونە لە ٥١% ڕێژەی دەەنگدەر کەمتر بوو هەڵبژاردنەکە شەرعیەت وەرناگرێ، بەڵام لە عێراقیش و هەرێمی کوردستانیش ئەو کۆت و بەندە یاساییە دانەنراوە بۆیە پێموانیە بایکۆت کاریگەری هەبێت، دووەم، دەبێت کەبایکۆت ڕاگەیەنرا پڕۆژە و بەدیل هەبێ ئەمەش نیە، بۆیە من پێموایە خەڵک بەشداری دەنگدان بکات و دەنگبدات بەلایەنەکانی دەرەوەی دوو لایەنە دەسەڵاتدارەکە هەتا لانیکەم دەسەڵات لەدەست دوو حزبدا کۆنەبێتەوە، بەداخەوە ڕاگەیاندنی بایکۆتیش ئەنجامی ئەو یاریکردن بەئەنجامی هەڵبژاردن و ساختەکارییە بووە کە لە هەڵبژاردنەکانی تر هەبووە، بەڵام ئێمە پێمانوایە کە لەناو لیستەکاندا خەڵکی باش و بەویژدان هەیە دەتوانرێت دەنگ بەو کاندیدانە بدرێت ئەوە باشترە لەبایکۆت.
هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ببێتە بەدیلی پارتی و یەکێتی، چونکە ئەم سیستمی حوکمڕانیەی هەیە کراسێکە بەبەری پارتی و یەکێتی دووراوە، لەبەرئەوەی هێزی چەکدار، دادگا، تەنانەت دەستە سەربەخۆکانیش لەدەستی پارتی و یەکێتیدان، بۆیە حەقە کاندید و لایەنەکانیش بەڵێنی گەورە نەدەن، چونکە هەڵبژاردن دەتوانێت گۆڕانکاری بچوک بکات نەک گەورە، لانیکەم لەبری ٥٤ کورسی لەدەست حزبێک بێت یەکی تریان ٣٠کورسی، ئەوانی تریش بە هەموویان ١٠-١٥ کورسی دەکرێ خەڵک بەشدار بێت ئەو دەسەڵاتانە زیاتر دابەش ببێت لەدەست دوولایەن بەتەنها نەبێ.
ئەوانەی بایکۆت دەکەن حەقییانە، چونکە تاڵاوییان چەشتووە، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە.
هەڵبژاردن لێرە (لەکوردستان) تەنها شۆیەکە بۆ دەرەوە، چونکە لێرە هێزی چەکدار و ئابورییەکەی لەدەست دوو حزبدا کۆبۆتەوە، خۆ ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حزبەش زۆرینە بهێنن حکومەتیش پێکبهێنن حکومەتێکی لاواز و بێ دەسەڵات دەبێت، پارتی و یەکێتی ئامادەنین دەسەڵات ڕادەستی یەکتر بکەن ئێستا چۆن دەیدەنە لایەنەکانی تر، من لە وەزیری پێشمەرگەم بیست وتی، دوو کابینەیە ناو و لیستی پێشمەرگە نایەتە وەزارەت جا ئەوان لیستی ناوی هێزەکانیان ڕادەستی وەزیری لایەکەی تر بکەن چۆن دەسەڵات ڕادەست دەکەن،کە ئەمە ئەو هەرێمە بێت ئیتر چۆن دەتوانین بڵێیین هەڵبژاردن دەمانگەیەنێتە دوا مەنزڵی ئارامی.