Accessibility links

سیستمی دەنگدان لە ئەمەریکا چۆنە؟


لە ئەمەریکا سەرکەوتنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، بە دەنگی گشتی نییە لە هەڵبژاردندا، بەڵکو پێویستی بەوەیە زۆرینەی دەنگەکانی ئێلێکترەڵ کۆلیج بەدەستبێنێت واتە دەنگی نوێنەران لە پەنجا ویلایەت و هەرێمی کۆڵۆمبیا تا بتوانێت بچێتە کۆشکی سپییەوە.

ئێلێکترەڵ کۆلیج یان دەنگی نوێنەران چییە؟

کاتێک دەنگدەران لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا و هەروەها ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک دەبینن؛ بەڵام لە ڕاستیدا دەنگدەران، دەنگ دەدەن بە ژمارەیەک یان لیستێکی نوێنەران.

لەسەر ئاستی ئەمەریکا سەرجەم 538 دەنگی نوێنەر هەیە ئەمەش یانی دەبێت کاندیدی سەرکەوتوو، 270 دەنگی نوێنەرانی هەبێت ئەوجا دەتوانێت بچێتە کۆشکی سپی.

لە ساڵی دوو هەزار و بیستدا سەرۆک جۆو بایدن 306 دەنگی نوێنەرانی بەدەستهێنا و دانۆڵد ترامپ 232 دەنگی هەبوو.

بەکارهێنانی ئەم سیستەمە بەپێی دەستوری ئەمەریکایە و وەک چارەسەرییەکی مامناوەندییش لێی دەڕوانرێت لە نێوان دامەزرێنەرانی وڵاتەکەدا کە مشتومڕیان بووە لەسەر ئەوەی سەرۆک لە کۆنگرێسەوە هەڵبژێردرێت یان لە ڕێی دەنگدانی گشتییەوە.

ئایا دەنگی نوێنەران لە هەموو ویلایەتێک وەکو یەکە؟

نەخێر وەک یەک نییە.

هەر ویلایەتێک لە ئەمەریکا ژمارەی نوێنەرەکانی یەکسانە بە ژمارەی ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و دوو نوێنەری سینات. بۆ نمونە کالیفۆرنیا خاوەنی 52 ئەندامە لە ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەم ژمارەیەک بە پێی ڕێژەی دانیشتوان دیاری کراوە، لەگەڵ دوو ئەندامی سینات کە هەموو ویلایەتێک بە یەکسانی دوو ئەندامی هەیە لەوێ، ئەمەش پێکەوە دەکاتە 54 و دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە 54ە.

هەرێمی کۆڵۆمبیا، خاوەنی سێ دەنگی نوێنەرانە کە کەمترینە بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تر.

لە ویلایەتی وایۆمینگ، کە کەمترین دانیشتوانی هەیە، یەک دەنگی نوێنەر بۆ نوێنەرایەتیکردنی 192 هەزار کەسە، لە کاتێکدا لە ستانی تەکساس کە ئەمیش ژمارەیەکی کەمی نوێنەرانی هەیە، دەنگی یەک نوێنەر بۆ نوێنەرایەتیکردنی 730 کەسە.

ئەگەر کاندیدێک سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت لە دەنگدانی گشتیدا، ئایا ئەگەری سەرکەوتنی هەیە لە هەڵبژاردندا؟

بەڵێ ئەگەری هەیە.

جۆرج دەبلیو بوش، لە ساڵی 2000 و دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016دا لەگەڵ ئەوەشدا کە دەنگی گشتییان کەمتر بوو لە ڕکابەرەکانیان، بەڵام بوونە سەرۆکی ئەمەریکا.

لە ساڵانی 1800ەکانیشدا، سێ جار هەمان شت ڕوویانداوە.

لایەنگرانی دەنگی نوێنەران دەڵێن "ئەم پرۆسەیە کاندیدەکان ناچار دەکات هەوڵ بدەن دەنگی ژمارەیەک ستان بەدەست بێنن نەک هەر ئەو ناوچە و ستانانەی گەورەن و بە پێگەیەکیش دادەنرێن بۆ پشتیوانکارانیان.

کەی دەنگی نوێنەران دەدرێت؟

نوێنەران، ڕۆژی 17ی مانگی 12 بە فەرمی کۆدەبنەوە و دەنگی خۆیان دەدەن و ئەنجامی دەنگدانەکەیشیان دەنێرن بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا. ئەو کاندیدەی 270 یان زیاتری دەنگی نوێنەران بەدەست بێنێت، دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

ئامارکردنی فەرمیی دەنگەکانی نوێنەران ڕۆژی 6ی مانگی 1 لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا دەکرێت و کاندیدی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنەکەدا ڕۆژی بیستی مانگی یەک دوای سوێندخواردنی یاسایی، دەستبەکاردەبێت وەک سەرۆکی ئەمەریکا

ئایا نوێنەران دەبنە کێشە؟

بە گشتی کۆبوونەوەی نوێنەران، وەک کۆبوونەوەیەکی سیمبۆلیی لێی دەڕوانرێت و کۆبوونەوەیەکە بۆ یەکلاکردنەوەی دەنگەکانی بە کاندیدی سەرکەوتوو دراون.

بەڵام لە ساڵی 2016دا حەوت نوێنەر لە سەرجەم 538 نوێنەر دەنگیان دابوو بە کاندیدێکی تر، نەک ئەو کاندیدەی دەنگی گشتیی ستانەکانیانی بەدەستهێنابوو.

سیان لەو نوێنەرانە، دەنگیان دابوو بە کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەشدا کە هێلاری کلنتن لەو هەڵبژاردنەدا دەنگی گشتیی ستانەکانی ئەو سێ نوێنەرەی بەدەست هێنابوو، بەڵام ئەمە وەهای کرد لە کۆتاییدا دانۆڵد ترامپ بە سەرکوتووی هەڵبژاردن ڕابگەیەندرێت.

وەک ئەنجومەنی نیشتمانی دامەزراوەکانی یاسادانەران دەڵێت "33 ستان و هەرێمی کۆڵۆمبیاش یاسای خۆیان هەیە، هەندێکیان سزای داناوە لەسەر هەر نوێنەرێکی دەنگ بدات بە کەسێکی تر."

هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کامڵا هێرسی دیموکرات و دانۆڵد ترامپی کۆماری لە میانەی دیبەیتی 10ی مانگی 9ی 2024
هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کامڵا هێرسی دیموکرات و دانۆڵد ترامپی کۆماری لە میانەی دیبەیتی 10ی مانگی 9ی 2024

ئەگەر کاندیدەکان یەکسان بوون لە دەنگی نوێنەراندا، چی ڕوودەدات؟

یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە دەشێت لە ڕووی تیۆرییەوە هەردوو کاندید، یەکی 269 دەنگی نوێنەر بەدەستبێنن؛ جا ئەگەر وەهای لێهات و کاندیدەکان یەکسان بوون لە دەنگی نوێنەراندا، ئەوا ئەم پرسە دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ و ڕۆژی شەشی مانگی یەک بڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا هەر ستانە وەک یەک یەکە سەیردەکرێت، بەپێی هەمواری دوازدەهەمی دەستوری ئەمەریکا.

لە ئێستادا کۆمارییەکان 26 دەنگی نوێنەرانی ستانەکانیان هەیە و دیموکراتەکانیش 22. لە هەردوو ستانی مێنەسۆتا و نۆرث کارۆلاینا، دیموکرات و کۆمارییەکان یەکسانن.

ئایا ئەگەری گۆڕینی سیستەمی دەنگی نوێنەران هەیە؟

کۆنگرێسی ئەمەریکا، هەوڵیدا ئەو کەموکوڕیانەی ناو ئەم سیستەمە چاک بکات پاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 کە ترامپ دەیگووت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام دادپارێزان ئەو کاتەش دەیانگوت دانۆڵد ترامپ فشاری لە کاربەدەستان کردووە تا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بگۆڕن.

لە ساڵی 2022دا کۆنگرێس بەرنوسی ڕیفۆرمی ئەژمارکردنی دەنگی نوێنەرانی پەسەند کرد تا فەرمانڕەواکانی ستانەکان و کاربەدەستانی تری ستانەکان دایانناون، ئەنجامی هەڵبژاردنی ستانەکانیان پشتڕاست بکەنەوە، بەر لەوەی ئەنجامەکان بنێردرێن بۆ کۆنگرێس.

ئەم یاسا پەسەندکراوە، بە ئامانجی ئەوەیشە ڕێگەبگرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو بنبەستەی لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 1876دا دروست بوو، کاتێک سێ ستان لیستی جیاوازی ئەنجامەکانیان ڕاگەیاندبوو، لیستێکیان لەلایەن یاسادانەرانی ستانەکانەوە بووە و لیستەکەی تریش لەلایەن بەرپرسیاری یەکەمی ستانەکەوە بووە.

هەر بەپێی ئەم یاسایە، جەخت کراوەتەوە لەوەی وادەیەکی دیاریکراو هەبێت بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە تەنها 36 ڕۆژ دراوە بە ستانەکان لە پاش هەڵبژاردنەکەی 5ی مانگی 11 داهاتوو، بۆ تەواو کردنی ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان.

هەڵوەشاندنەوەی ئێلێکترەڵ کۆلیج، پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستور هەیە.

XS
SM
MD
LG