سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حەفتای یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی دە هەزار خانەنشین مووچەکانیان لە لایەن وەرزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە، چونکە ناویان لە وەزارەتەکەدا نییە و پێشتریش مووچەیان لەسەر هێزەکانی حەفتا وەرگرتووە نەک وەزارەتی دارایی.
ئەو سەرچاوەیەی هێزەکانی حەفتا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نزیکەی 10 هەزار خانەنشین مووچەیان وەرنەگرتووە و گرفتمان هەیە، چونکە وەزارەت دەڵێت ناویان نییە لە وەزارەتی دارایی."
وتیشی،" ئەو کەسانە پێشتر لەسەر هێزەکانی حەفتا مووچەیان وەرگرتووە نەک وەزارەتی دارایی، لە ئێستاشدا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتەکە خەریکی چارەسەر کردنی کێشەکەین، چونکە سەرجەمیان دۆسیەی پێویست و تایبەت بە خۆیان هەیە."
ئەمڕۆ 9ی مانگی دە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی هێزەکانی حەفتا مووچەکانیان لەلایەن "دیوانی چاودێری عێراق و هەرێمەوە" ڕاگیراوە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ناویان لە وەزارەتی دارایی نییە.
هونەر جەمال ڕایگەیاند،" ئەو خانەنشینانە هیچ دۆسیەیەکیان لەوەزارەتی دارایی نییە، دەمانەوێ ڕونی بکەینەوە کێشەمان لەگەڵ ئەواندا نییە، بەڵکو کێشەکە یاساییە و لەسەر بڕیاری دیوانی تیمی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق موچەکانیان ڕاگیراوە."
وتیشی،" هێزەکانی حەفتا ئێمەیان تۆمەتبار کردووە بە ڕاگرتنی مووچەکانیان، بەڵام وەزارەتەکەمان بەرپرس نییە و لێپرسراوانی هێزەکە خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە کە نەیانتوانیوە 11 ساڵە ئەم کێشەیەی هێزەکانیان چارەسەر بکەن."
دەنگی ئەمەریکا بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم کێشەیە پەیوەندی کرد بە ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەکانی حەفتا، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات لەو بەرەیەوە.
بە وتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی، کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70، کێشەیەکی کۆنەو مانگانە دوبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لەگەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان 9075 کەسە، موچەی مانگانەشیان سێ ملیارو 818 ملیۆن دینارە، هەروەها لەساڵی 2013وە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو دواتر بۆ وەزارەتی دارایی.
هونەر جەمال دەڵێت،" وەزیری دارایی پێی وتوون لە سەرەتای کابینەی نۆوە بەرپرسیارێتی پێدانی مووچەی ئەو مووچەخۆررانەمان کردووە، بەڵام لەمەودوا لەسەر ئەرکی خۆی ئەو مووچەیە خەرج ناکات و ئیتر هێزەکە خۆی دەبێت تەحەموولی بەرپرسیارێتی بڕینی مووچەکانیان بکات."