Accessibility links

گرنگی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان


ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمان کاندیدن لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە وەها بڕیارە لە 20ی مانگی دەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. بەپێی ڕێژەی دەستوری، حزب و لیستە بەشداربووەکانیش ڕەچاوی ڕێژەی خانمانیان کردووە لە دانانی کاندیدەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری ژنان هەم وەک کاندید و هەم وەک دەنگدەر یەکێکە لەو پرسانەی وەک خاڵی بەهێزی پرۆسەی هەڵبژاردن دادەنرێت، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی تێیاندا لە گەشەدایە.

دەپرسین:

گرنگی بەشداری ژنان هەم وەک کاندید، هەم وەک دەنگدەر چیـیە؟

بەربەستەکانی بەردەم خانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن چییە کە بۆیان دروست دەبێت؟

ئایا ئەو ڕێژە بەشداریەی ژنان هەم وەک کاندید هەم وەک دەنگدەر ڕێژەی پێویست و تەواوە بۆ ئەوەی ژنان بە مافەکانیان بگەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنان.

سوندس ئیبراهیم ڕێشاوی، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

دکتۆر جوان ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

ڕێزان شێخ دلێر

دەزانین بەپێی دەستوری عێراقی دەبێت ڕێژەی لە ٢٥%بۆ ژنان بێت، ئەمە بابەتێکی یاساییە و دەبێت حزبە سیاسییەکان پێوەی پابەند بن، بەداخەوە ئێستا بەشێک لە ژنان دانراون کە قسەکردنی ناشرینییان هەیە، وە حزبەکان و پیاوەکان شەڕە ناشرینەکانیان بەو ژنانە دەکەن ئەمەش وادەکات وێنەی ژنان ناشرین بکەن، بەداخەوە هەندێک لەو کاندیدە ژنانە دەبینم کە نە بە تەسەروفات نە بەقسە ویستراو نین لەناو کۆمەڵگا کەچی ئێستا هێناوییانن دەیانەوێ خەڵک دەنگیان پێبدات، هیوادارم ئێمەی ژنان نەچینە شەڕی پیاوەکانەوە چونکە لە هیچییان سودمەندنین، هیوادارم بەشێک بین لەچاککردنەوەی نەهامەتییەکان نەک بەوشێوەیە بچنە شەڕەوە کە حزبەکانیان پێییان باشە و دەیانەوێت.

بەداخەوە زۆر کەم لەو ژنانەی چونەتە پۆست و پەرلەمان توانیوییانە ڕۆڵ ببینن چونکە حزبەکان لەسەر ئاستی توانا و کارامەیی خانمانیان هەڵنەبژاردووە بەزۆری، هەتا دەنگدەریش خەڵکێکی دەنگ بەرز و جنێوفرۆشی دەوێت، نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە ڕۆشنبیرییەی کە لەسەر توانا و لێهاتووی دەنگبدات، ئەوەتا دەبینین لەناو پەرلەمانی عێراق کۆمەڵە ژنێک هەن شەڕی پڕۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی دەکەن کە بەپێی مەزهەبە شیعەکان تەمەنی بەشودانی کچ و مافی ئافرەت دیاری دەکات، بەداخەوە ئەو ژنانە چونکە لەسەر ئاستی توانا و کارامەیی نەچونەتە پەرلەمان ئەوەتا شەڕی پیاوەکان دەکەن.

ڕاستە ئێستا حزبەکان کۆمەڵێک ژنی بەتوانایان کاندیدکردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام ئایا حزبەکان پشگیری کام ژنە دەکەن بۆ سەرکەوتن، تۆ سەیری حزبەکان بکە ئەوەندەی پشتگیری و یارمەتی عەشیرەت و سەرۆک عەشیرەت و پیاوی خاوەن عەشیرەت دەدەن ئەوەندە هاوکاری ژنانی بەتوانای ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ناکەن تابچنە پەرلەمان و پۆستەکان.

بەشێک لە هۆکاری دەنگ نەهێنانی ژنانی کاندید ئەوەیە کە هەتا ئێستاش بەشێک لە خێزانەکان سەرۆک خێزانەکە (پیاوەکە) بڕیاردەدات خێزانەکە دەنگ بەکێ بدەن، هۆکارێکی تر خۆمانین ژنان کە هەتا ئێستاش ئەو ڕۆشنبیرییەمان نیە کە چەندە گرنگە ژنێک بچێتە پەرلەمان و پۆستەکان بۆ بەرگری و بەدیهێنانی مافی ژنان، هەتا ژنان زۆر دەچن بۆ پرۆسەی دەنگدان چونکە بەشێک لە هۆکارەکە ئەوەیە کە ژنان دەبینن چەندە دەنگی دابێت ژنی نەبینیووە لە پۆستی باڵا و بڕیار بەدەست، یاخود هیچ گۆڕانکارییەکی لە ژیانی خۆی نەبینیووە .

خانمان کارێکی باش دەکەن دەنگ بە خانمی بەتوانا بدەن بێ لێکدانەوەی لە حزبی دڵخوازی ئەوە یاخود نا، هەتا ئەگەر دەنگیشیدا بەخانمێک لەحزبەکەی با خانمی بەتوانا هەڵبژێرێت نەک لەسەر بنەمای ئەوەی ئەمڕۆ دوو موقابەلەی کردووە یا دوو جنێوی داوە.

زۆربەی زۆری خانمانی کاندید ئێستا ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر هەندێک بابەتی سەرەکی باس بکەن حزبە سیاسییەکەی بەرامبەری بێت بەدروستکردنی مەلەف تۆڵە لە حزبەکەی بکاتەوە، چونکە خانمان ئیتر بە تەنها شەرەفی خێزانەکانیان نابن بەڵکو دەبنە شەرەفی حزبەکانیشییان هەربۆیە دەست دەبەن بۆ دروستکردنی مەلەفی کەسی، هیوادارم خانمان گوێ بەدروستکردنی تۆمەت نەدەن و نەترسن بەردەوام بن و بەهێزبن.

د.جوان

بێگومان هەموو کاندیدەکان بەربەست دێتەڕێییان، بەڵام بەربەستەکان بۆ ژنانی کاندید زیاترە و بەپێی دابونەریت و کلتوری کۆمەڵگا دەگۆڕدرێت، بۆ نمونە هەندێک کۆڕ و کۆبونەوە و شوێن هەیە ڕەنگە بۆ ئێمەی ئافرەت ئاسان نەبێ بچین، یا ڕێژەیەک لە پیاوان ڕێگە نەدەن وەک پرسە و مەولودنامەکان، لەکاتێکدا کاندیدانی پیاو دەتوانن ئاسان بچنە ئەو شوێنانە و کار بۆخۆیان بکەن.

بەشێوەیەکی گشتی بوونی کۆتا بۆ ژنان بە باش دەزانم چونکە ئاسانتر دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئافرەتان کە بەئیرادەیەکی ڕاستر بەشداربن لە پڕۆسەکان لەکاتێکدا ئەگەر کۆتا نەبووایە ڕەنگە ئەو ئیرادە و هێزە نەبووایە بۆ بەشداری کردنی ئافرەتان.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی ژنان لە پڕۆسە سیاسییەکان و هەتا کۆمەڵایەتییەکانیش ترسە لەدروستکردنی مەلەف بەتایبەت کە ئێستا تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە، بەڵێ ئەو بابەتە هەیە و زۆریشە، من خانم دەناسم کە ئەو مەلەف و تۆمەتەی بۆ دروستکراوە، بەڵام پێویستە ئافرەتان زۆر بەهێزبن و بە متمانە بەخۆبونەوە ڕووبەڕووی ئەو شتە دروستکراوانە ببنەوە و گوێ پێنەدەن، جێی خۆیەتی کۆمسیۆنیش یاسای توندی هەبێت بۆ سزادانی ئەوانەی مەلەفی ساختە بۆ خانمانی کاندید دروست دەکەن.

حزبی ئێمە زۆر پشتیوانی خانمانە، من بەواقیعیش بینیومە کە چۆن پشتیوانی خانمانیان کردووە، تەنانەت ئێمە خولمان بینیووە کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتانە ببینەوە ئەگەر ڕووبەڕومان بوەوە، چی بکەین و چۆن بگەڕێیینەوە بۆ حزبی خۆمان لەهەر حاڵەتێکی لە ناکاوی نەخوازراوی لەوجۆرەدا.

سوندس ئیبراهیم ڕێشاوی

بەشداری خوشکان لەناو یەکگرتووی ئیسلامی بەشدارییەکی کارابووە نەک وەک کۆتا و ناچاری، بەڵکو لە دامەزرێنەرانی حزبەکەوە هەتا ئێستاش ڕەچاوی توانای خانمان وەک پیاوان بەیەکسانی کراوە، ئەمەش سەرچاوەکەی لە فەرمودە و قورئانە، کە قورئان لە ١٠٠%مافی داوە بە ئافرەتان، ئێمە دەبێت لەسەر ئاستی توانا و لێهاتوویی دەنگبدەین، هەتا چەندین ژنی بەتوانا هەیە پێویستە پیاوانیش دەنگی پێبدەین، دەبێت لە سیستمی کۆتا دەربچین.

ئەڵێی خێرمان پێدەکەن کاتێک کە ئێمەی ژن بە سیستمی کۆتا دەچینە پۆستەکان و پەرلەمان، خۆزگە ئەو سیستمی کۆتایەمان نەمایە، ئەوە خۆزگەی هەموو ئافرەتێکە کە ژنان بتوانن بە دەنگی خۆیان بچنە پەرلەمان و پۆستەکان نەک بەکۆتا.

من لێرەوە داوا لە خانمان دەکەم کەبچن دەنگ بدەن، یەک دەنگی خۆیان بەکەم نەزانن بەپێچەوانەوە هەر دەنگێکی ئەوان بەشدارە، لە گۆڕانکاری ئەگەر نەچنە دەنگدان ئەوا بەشێوەی تر بۆیان پڕدەکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG