Accessibility links

دەیان کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوەی مەی ساختە گیانیان لەدەستدەدەن


میدیاکانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا 41 کەس لە پارێزگاکانی مازەندەران، گیلان، هەمەدان و کوردستان بە هۆی ژەهراویبوونیان بە خواردنەوەی کحولی ساختە، گیانیان لەدەستداوە و 343 کەسیش بە قورسی دۆخی تەندروستیان تێکچووە.

ڕۆژنامەی ئێعتماد کە لە تاران بڵاودەبێتەوە، لە زاری ئەوانەی چارەسەری ئالوودەبووان بە خواردنەوە کحولییەکان لە پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران دەکەن، ڕایگەیاندووە "ڕێژەی زۆری ژەهراویبوون و مردن لە ماوەی ئەم 10 ڕۆژەدا، 'نائاساییە' و ئاماژەیە بۆ بایۆتیرۆریزم لەلایەن هەندێک کەس و گروپەوە".

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، "مەحاڵە چوار بەرهەمهێنەر لە چوار پارێزگادا بەرهەمێکی ژەهراوییان لە یەک کاتدا بەرهەمهێنابێت".

بایۆتیرۆریزم، وەک لەلایەن سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان لە ئەمەریکا پێناسە کراوە، واتە بەکارهێنانی بە ئەنقەستی ڤایرۆس، بەکتریا، ژەهر، یان ماددە زیانبەخشەکانی تر بۆ تووشبوون بە نەخۆشی یان مردن لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکاندا.

هەوڵدان بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دەستوەردان لە شێوازی ژیانیان لەوانەش قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولیەکان، قوربانییەکی زۆری لە ئێراندا گرتووە.

دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرهەمهێنان، ئامادەکردن، دابەشکردن و خواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان لە ئێراندا بوو بە "نایاسایی" و سزای جۆراوجۆر لەوانە، لەسێدارەدان هەڵدەگرێت.

ئەم سیاسەتە لەبری وەستاندنی خواردنەوەی کحول، بووەتە هۆی گەشەکردنی مەترسیداری بازاڕی مەی ساختە، کە هیچ کۆنتڕۆڵێکی کوالیتی نییە.

لە ساڵی 2018دا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕووی خواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان، لە ڕیزبەندی نۆیەمدایە لە نێوان 189 وڵاتدا.

ناوەندی داتا کراوەکانی ئێران سێ ساڵ لەمەوبەر ڕاپرسییەکی لەگەڵ زیاتر لە دوو هەزار بەشداربوو ئەنجامداوە کە بە پێی ئەو ڕاپرسییە، لەسەدا 47.7ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە "زۆرجار" مەی دەخۆنەوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG