Accessibility links

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: دەبینە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە کابینەی دەیەمیش ناکەین


ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت بزووتنەوەکەی دەبێتە بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن و بە نیاز نییە بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بکات.

پاش کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت، ڕۆڤان سەروەت ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دیارە ئێمە ماوەیەکی زۆرە پرس و ڕاوێژ و گفتوگۆمانە و خەڵکێکی زۆر گلەییان لە بەشداری ئێمە دەکرد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێمە بۆ چاکسازی چووبووین، بەڵام بەهۆی ئەو ملمڵانێ سیاسیەی کە لەلایەن هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت و بە تایبەت دوو هێزە دەسەڵاتدارەکە هەبوو، نەیانهێشت بەشێکی باش لە پرۆژە چاکسازیەکانی ئێمە لەناو حکومەت جێگای ببێتەوە و لە دوای گفتوگۆیەکی زۆر و پرس و ڕاوێژ لەگەڵ دەیان سەرکردەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەی بزوتنەوەکە بەڕازی و ناڕازی، بەباشمانزانی بڕیاری کشانەوە بدەین."

وتیشی،" تەواوی وەزیرەکان و کاربەدەستانی بزوتنەوەکە بە بڕیارەکە ڕازین و بێگومان دەکشێنەوە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، گۆڕان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە کابینەی دەیەم ناکات."

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و کشانەوەی حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند.

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت لە پەیامێکی کورتدا کە لە میدیای فەرمی حزبەکەی بڵاویکردەوە، وتی،" لە ڕۆژی 9ی مانگی دەی 2024، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایدا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بکشێتەوە."

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردنی لە دەنگدەرانی گۆڕان کرد، لەوەی کاتەکە درەنگ بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیری دارای و ئابوری و ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی و بازرگانی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەلابوو، ئەمە جگە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت لە کاتیکدایە تەنها دە ڕۆژ ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام بدرێت و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کێبڕکێی 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن، بەبڕوای چاودێران گۆڕان دەبوو زووتر لە حکومەت بکشایەتەوە نەک تەنها لەماوەیەکی کەمی پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕایان وایە ئەمەی گۆڕان کرد،" لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە و هیچی تر."

XS
SM
MD
LG