Accessibility links

کاروان یاروەیس: ئەگەر هەژماری من بەردەوام بێت دەتوانرێت لە دادگای فیدڕاڵی داوا تۆمار بکرێت بۆ وەستاندنی


کاروان یاروەیس
کاروان یاروەیس

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵێک ڕێگە لەبەردەستدایە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن ڕێگری لە هەژماری من بکەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم "تەوتین"بکرێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە، دەشڵێت، یەکەم ڕێگا تۆمارکردنی داوایە لە دادگای فیدڕاڵی، و دووەمیش فشارە لە ڕێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە، یاخود فشار کردنە لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جا فشارەکان سیاسی بن یاخود پەرلەمانی.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆمەڵێک کەناڵمان هەیە کە دەتوانین لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەوە بە کرداری کاری لەسەر بکەین و فشار بکەین کە تەوتین لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بێت، یەکەم لە دادگای فیدرالی دەتوانین داوا تۆمار بکەین، دووەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت فشار بکات، سێیەم فشارکردن لە حکومەتەکەی بەڕێز سودانی جا فشارەکان سیاسی یاخود پەرلەمانی بێت بۆ ئەوەی بێنە ژێر باری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە تەوتین کردنی مووچە."

وتیشی،" ئێمە لە ڕابردوودا بێ متمانەیی بە جۆرێک بووە، کە مووچەخۆرانی هەرێم نایانەوێت مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم و لەوبانکانە بێت کە حکومەتی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بۆیە پێیان وایە مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان بێت کێشەی مووچە دووبارە نابێتەوە."

ڕۆژی 5ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە میانی بانگەشە بۆ حزبەکەی لە شارۆچکەی کۆیە، وێڕای ڕەت کردنەوەی " هەژماری من" دژایەتی خۆشی بۆ سیستەمەکە ڕاگەیاند و لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی حزبەکەیدا وتی" هەژماری من نە هەژماری منە و نە هەژماری ئێوەیە، بەڵكو هەژماری مەسرورە" کە مەبەست لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمە بەو پێیەی پرۆژەکە هی حکومەتی هەرێمە و پارتیش پشتگیری خۆی بۆ بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەیەوە دووپات دەکاتەوە.

وتیشی،" تیمەکانی یەکێتیمان لە بەغداد ڕاسپاردووە ڕێکارەکان بۆ بە نیشتیمانی کردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بگرنە بەر."

لە بەرامبەر لێدوانەکانی یەکێتی دژی "هەژماری من"، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی بەردەوام جەخت لە کردنەوەی هەژمارەکە بۆ مووچەخۆران دەکەنەوە و پرۆسەکەش بە یەکێک لە "خزمەتگوزاریە پێشکەوتووەکانی بواری سیستەمی بانکی دادەنێن"، بەو پێیەی بە قسەی خۆیان "بەشداربووان دەتوانن لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکەش چەندین خزمەتگوزاری بۆ بەشداربوەکانی لە خۆی گرتووە، کە پێکهاتووە لە وەرگرتنی قەرز و وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قست و چەند خزمەتگوزاریەکی تر."

بە قسەی بڕیاردەرەکەی فراکسیۆنی یەکێتی حکومەتی هەرێم خودی خۆی "سوودمەندە" لە هەژمارەکە بۆیە ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت.

کاروان یاروەیس دەڵێت،" حکومەتی هەرێم لە هەژماری مندا دوو ئامانجی هەیە ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە جڵەوی مووچە لە دەستی خۆیدا بمێنێت و کۆنتڕۆڵەکەی لە دەستی خۆیدا بێت، ئامانجی دووەم ئامانجێکی بازرگانیە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە مانگانە 6 بۆ 7 ملیۆن دۆلار دەستکەوتیان هەبێت."

دەشڵێت،" دەستکەوتی هەژماری من دەچێتە کوێوە؟ ئایە دەخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە یان نەخێر، وە سەفقەیەکە لە نێوان بەرپرسانی هەرێمدا لەبەر ئەوە پرۆسەکە گوماناویە."

بە پێی دواهەمین بڵاوکراوەی ئاماری "هەژماری من" لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 600 هەزار مووچەخۆر لە هەرێم لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، زیاد لە 250 ئامێری ڕاکێشانی پارەش بە ناوی ATM ی لە شوێنە گشتیەکان جێگیرکردووە و دەشڵێن پرۆژەکەیان بەردەوام دەبێت و دەیانەوێیت ڕێژەی بەشداربووان بگەیەننە 1 ملیۆن کەس و جێگیرکردنی 1 هەزار ئامێری ڕاکێشانی پارە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:04 0:00

XS
SM
MD
LG