Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا: خۆشحاڵین عێراق ڕێگە بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی دژی ئێران نادات


وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کاتی پێشوازیکردنی لە وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا، ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هەوڵدەدات عێراق لە دەرەوەی هەر شەڕێک بێت کە لە ناوچەکە ڕووبدات، وزیری دەرەوەی ئێرانیش ستایشی حکومەتی سودانی کرد بەوەی دژایەتی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی دەکات دژی ئێران.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ 13ی دەی 2024، لە باڵەخانەی وەزارەتەکەی لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی کرد و دواتر هەردوو وەزیرەکە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست.

فوئاد حسێن لە کۆنگرەکەدا هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی بەردەوامی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاند "ڕەنگە ئەو پەرەسەندنە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لێبکەوێتەوە و ژینگەیەک بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکات."

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند حکومەتەکەی ڕێگە بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق نادات بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

لە هەمانکاتدا، جەختیکردەوە بە گوێرەی دەستوری عێراق بڕیاردان بۆ چوونە ناو هەر شەڕێک لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەدوای پەرەسەندنی زیاتر لە ناوچەکەدا ناگەڕێت و وتی، "ئامادەین بۆ ئاشتی."

عەباس عێراقچی وتی ناوچەکە ڕووبەڕووی "ئاڵەنگاری جددی" بووەتەوە و ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە هۆکاری ئاڵۆزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

عەباس عێراقچی ڕایگەیاند حکومەتەکەی سەرقاڵی هەماهەنگییە "لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی" بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و وتی،"ڕێککەوتووین لەسەر بەردەوامبوونی ڕاوێژکردن و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی."

ڕاشیگەیاند، “دڵخۆشم بەو هەڵوێستە تۆکمەیەی عێراق کە ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بەرامبەر ئێران یان هەر وڵاتێکی تر."

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێران، عەباس عێراقچی وا بڕیارە دوای عێراق سەردانی میسڕ بکات بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکانی ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG