سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردن بە بێ "غەل و غەش" ئەنجام نادرێت، بەڵام گەر ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە باشی بەڕێوە ببرێن دەرفەتی ساختەکاری کەم دەبێت.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و شەفافە بە جۆرێک قەبارەی لایەنەکان دەربکەوێت و خەڵک بڕیار لەبارەی قەبارەی لایەنەکانەوە بدات. ئێمە پێشتر هەڵبژاردنمان ڕەتکردەوە چونکە زانیاریمان هەبوو لەسەر دیزاینکردنی هەڵبژاردنەکە، هەڵبژاردنی دیزاینکراو ڕووکەشەو گوزارشت لە ڕای خەڵک ناکات."
بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەبەوەدەکەن، ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و دوور لە دەستوەردان.
ئەکرەم ساڵح دەڵێت،"ئێمە پشتگیری هەڵبژاردنێکی شەفاف دەکەین لە ژێر چاودێری کۆمیسیۆن و نەتەوە یەکگرتووەکان بە جۆرێک گرفت و کێشە ڕوو نەدات."
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمارێکی دەنگییان بڵاوکردەوە، گوایە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پێکەوە گفتووگۆ دەکەن و باس لە دەستوەردانی دەرەکی دەکەن بۆ بەرژەوەندی یەکێتی لە هەڵبژاردن دا .
بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمارە دەنگییەکەیان ڕەتکردەوەو پارتییان تۆمەتبار کرد بەوەی تۆمارەکەیان بە "زیرەکی دەستکرد" دروستکردووە، بڵاوکردنەوەی تۆمارەکەش وەکو زەمینە سازی لێکدرایەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن گەر لەبەرژەوەندی پارتی نەبوو.
ئەکرەم ساڵەح دەڵێت،"گەر هەڵبژاردنی بە پاکی بەڕێوەبچێت لایەنەکان ئەنجامەکەی قەبوڵ دەکەن."
بڕیاربوو ڕۆژی 10 ی شەشی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی پارتی و سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە دادگای فیدراڵی عێراق هەڵبژاردنەکە بۆ 20 ی مانگی دەی ئەمساڵ دواخرا.
پاساوی پێشتری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لابردنی کورسی پێکهاتەکان و هەبوونی گومانبوو لە دەستوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەکرەم ساڵح وتی،"پێشتر گومانمان هەبوو لە دەستوەردانی لایەنی دەرەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردن، وەکچۆن لە هەڵبژاردنی 2018 دەستوەردان کراو گومانیش لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان هەبوو."
هەروەها وتیشی،"هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ تا هەڵبژاردن بە شەفافی بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکان گوزارشت لە ڕای خەڵک بکات."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 45 کورسی لە کۆی 111 کورسی هەبوو، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە پێکهاتەکان بە نزیکایەتی پارتی و هاوڕابوون لەگەڵی لە بڕیارە هەستیارەکاندا تۆمەتبار دەکران.
بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی وتی،"هەڵبژاردن بێ غەل و غەش نابێت، گەر ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆن بە باشی بەڕێوەبچن و ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەنجامەکان بکرێت، دەرفەتی ساختەکاری کەم دەبێت."
سەرباری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کە پێنج لەو کورسییانە بەر پێکهاتەکان دەکەن، بەڵام بەرپرسانی پارتی بانگەشەی بەدەستهێنانی نزیکەی 40 کورسی لە کۆی 95 کورسی دەکەن، لەکاتێکدا لایەنەکانی تر دۆخی جەماوەری ئەو حزبە بەخراپ وەسف دەکەن.
ئەکرەم ساڵەح وتی،"لە هەڵبژاردنی وڵاتانی زلهێزیش باس لە دەستوەردانی دەرەکی دەکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەستوەردان هەبووە و ئومێدەوارین کۆمیسیۆن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە باشی کۆنترۆڵ بکات."
ئەو دەڵێت،"دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان بە جوانی چاودێری پرۆسەکە بکەن، تا هەموو لایەنەکان قەبارەی خۆیان بزانن، نەک لایەنێک خاوەنی جەماوەر نەبێت و چاوەڕێی وڵاتان بکات کورسی بۆ زیاد بکات."
بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا ململانێیەکی بەهێز لە نێوان پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دروستبووە.