Accessibility links

دوو ئیسرائیلی بە تۆمەتی "تێکدان و هەوڵدان بۆ تیرۆر" بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر دەکرێن


دەزگای پاراستنی ئیسرائیل (شین بەت) و پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە دوو ئیسرائیلیان بە تاوانی ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و پلاندانان بۆ کوشتنی کەسایەتییەکی پلە باڵای ئیسرائیل دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە بە ناوەکانی ڤلادیسلاڤ ڤیکتۆرسن تەمەن 30 ساڵ و ئانا بێرنشتاین تەمەن 18 ساڵ لەسەر فەرمانی ئێرانییەک بەکارهێنراون بۆ کاری تێکدەرانە.

ئەو دوو کەسە بە فەرمانی ئێرانییەکە، کردەوەی جۆراوجۆری تێکدەریان ئەنجامداوە، لەوانە بڵاوکردنەوەی گرافیتی ورووژێنەر و دانانی پۆستەر و سووتاندنی ئۆتۆمبێل و ئاگرخستنەوە لە دارستانە ناوخۆییەکان.

بە گوێرەی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان ئەوان بەشێک لەو کارانەیان بە کامێرا وێنە گرتووە و پێنج هەزار دۆلاریان بۆ وەرگرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەو دوو کەسە پلانیان دانابوو بۆ فڕێدانی نارنجۆکی دەستی بۆ ناو ماڵێک بۆ ئەوەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی تیرۆر بکەن، بەڵام پێش ئەوەی بتوانن ئەو چەکە بکڕن، دەستگیرکراون.

بە وتەی ماڵپەڕی کان-ی ئیسرائیل، ڤیکتۆرسن کە لە ڕووی داراییەوە باش نەبووە، ڕەزامەندی دەربڕیوە کە بڕی 100 هەزار دۆلار بۆ ئامانجی داهاتووی کە کوشتنی بەرپرسانی ئیسرائیل بووە، وەربگرێت. ناوی ئەو بەرپرسەی کە بڕیار بوو بکرێتە ئامانج لە میدیاکانەوە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی تۆمەتبارکردنەکە، ئەو تۆمەتبارە هەروەها خۆشەویستە تەمەن 18 ساڵەکەی خۆی بەناوی ئانا بێرنشتاین بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانەکانی بەکارهێناوە و لەگەڵ ژمارەیەک کەسی بێ ماڵ و حاڵ و سواڵکەریش قسەی کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرامبەر بە پارە، بەکاربهێنیت. تۆمەتبارەکە و کچە هاوڕێکەی دوای کوشتنی ئەو بەرپرسە پلانیان دانابوو لەو وڵاتە هەڵبێن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوی شین بێت زنجیرەیەک پیلانگێڕی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند کە تێیدا هەوڵی فریودانی ئیسرائیلییەکانی بە شێوەی ئۆنلاین بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە بۆ کۆماری ئیسلامی داوە.

XS
SM
MD
LG