Accessibility links

نوێنەری وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق لە سلێمانی: دەستی مەزهەبی هەیە لە هێنانی ئاوارە لوبنانیەکان بۆ عێراق


بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو خێزانە لوبنانیانەی هاتوونەتە عێراق زیاتر دابەش بوون بەسەر شارەکانی وەک نەجەف و کەربەلا و تەنانەت ژمارەیەک خێزانیش هاتوونەتە هەولێر و کەرکوک، بەڵام تا ئەم دەقەیە هیچ خێزانێک نەهاتۆتە شاری سلێمانی. وتیشی، هاتنی ئەو خێزانانە دەبێتە بارگرانی بۆ عێراق، بەڵام دەستی مەزهەبی لە پشت هێنانیانەوەیە.

سامر مەشکور، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ئاستی عێراق تا ئێستا 1100 بۆ 1200 خێزانی لوبنانی هاتوونەتە عێراق کە بە نزیکەیی دەگاتە 3500 کەس، زیاتر دابەشبوون بەسەر باشووری عێراق، لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و سەڵاحەدین و بەغداد، لە ئێستادا شوێنی نیشتەجێبوون نییە بۆ ئەو ئاوارانە، بۆیە هەمووی لە هۆتێل جێیان کراوەتەوە."

وتیشی،" ژمارەیەکیش خێزانی کەم هاتوونەتە هەرێم، بۆ نموونە هەولێر کەمتر لە 25 خێزان، کەرکوک نزیکەی 50 خێزان، بەڵام کەس نەهاتووە بۆ سلێمانی."

دوای ئەوەی 26ی مانگی نۆ ئیسرائیل هێرشیکی بەرفراوانی کردە سەر بارەگاکانی حزبوڵا لە لوبنان بەو هۆیەشەوە ئەمینداری یەکەمی حزبوڵا حەسەن نوسروڵا و چەند فەرماندەیەکی سەربازی ئەو حزبەی کردە ئامانج و بەو هۆیەشەوە کوژران، دۆخی ئەمنی وڵاتەکە شێوا، ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی وڵاتەکە ئاوارە بوونی هاوڵاتیانی لوبنانی لێکەوتەوە، بە تایبەت چەندین خێزانی لوبنانی دانیشتووی باشووری ئەو وڵاتە ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ کرد. لە ئێستاشدا باس لە هاتنی چەندین خێزانی لوبنانی بۆ ناوجە جیاوازەکانی عێراقیش دەکرێت.

بە قسەی نوێنەرەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هاتنی ئەو هێزانە دەبێتە فشار لەسەر دۆخی عێراق.

سامر مەشکور دەڵێت،" هاتنی ئەو ئاوارانە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران بووە، سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئەوانە میوانن و ئاوارە نین، چونکە لەسەردەمی شەڕی داعش ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئێمەش چوونە لوبنان."

وتیشی،" ئەمە فشاری بۆ عێراق دروستکردووە، چونکە وەک هەرێم وەزع باش نییە لەڕووی دارایی، لە عێراقیش هەمان شێوەیە تەنها مووچە باشترە، بەڵام دەستی مەزهەبی لە پشت هێنانی ئەو ئاوارانەوەیە بۆ عێراق."

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای کەرکوک دوێنێ 13ی مانگی دە، دکتۆر رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی هاوبەشی سەرکردە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکانی كردووە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی لوبنان کە لەسەر بڕیاری سودانی ناویان لێنراوە میوانەكانی عێراق.

پێدەچێت هاتنی ئاوارە لوبنانیەکان بۆ کەرکوک نیگەرانی لای هاوڵاتیانی ئەو شارە بە دوای خۆیدا بهێنێت، بە تایبەتی کوردەکان، چونکە بە قسەی هاوڵاتیەکی کوردی نیشتەجێی ئەو شارە مەترسی "بە تەعریب" بوونی لێدەکرێت، بە تایبەت کە دەڵێن،" ناوەندە مەزهەبیەکانی شیعە دەستپێشخەرن لە پرۆسەی هێنان و جێگیرکردنیان لە عێراقدا."

هاوڵاتیەکی کوردی نیشتەجێی کەرکوک، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" جگە لەوەی هاتنی ئەو ئاوارانە دەبێتە هۆی مەترسی ئەمنی لەسەر شارەکە، هۆکارێکیشە بۆ تەعریب کردنی کەرکوک، چونکە ئەوانە لەلایەن بنکە مەزهەبیە شیعەکان و ئەمیندارانی شیعەوە کار بۆ هێنانیان دەکرێت، تەنانەت هەموو پێداویستیەکانی تایبەت بە نیشتەجێبوونیان بۆ ئامادە دەکرێت، کە ئەمە دەکرێت لە داهاتوودا کێشەی گەورە بۆ کەرکوکیەکان و بە تایبەتیش کورد دروست بکات، لە کاتێکدا شارەکە خۆی پڕە لە ململانێ و کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی."

بە قسەی سامر مەشکور، خێزانە لوبنانیە ئاوارەکانی هاوردە بۆ کەرکوک ژمارەیان نزیکەی 50 خێزانە.

سامر مەشکور دەڵێت،" نزیکەی 50 خێزان هاتوونەتە کەرکوک، وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە هەوڵی تۆارکردنیانداین و پلانی لە ناکاومان داناوە، لە بواری خواردن و پێداویستی پزیشکی، ئەوانەی کە هاتوون لە هەموو عێراق لە هۆتێلەکان جێگەیان کراوەتەوە، نەبراونەتە کامپ، چونکە کامپ نییە لە عێراقدا."

وتیشی،" هەر ئەمڕۆ وەفدی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانمان چۆتە لوبنان و سوریا تایبەت بەو پرسە، وە لیژنەی بەردەواممان لە سنورەکان جێگیرکردووە، لە ئەگەری هاتنی بەردەوامی کۆچبەران."

XS
SM
MD
LG