Accessibility links

زانایانی ئیسرائیل لە تۆوێکی تەمەن هەزار ساڵ ڕووەکێکی لەناوچوو زیندوودەکەنەوە


زانایانی ئیسرائیل سەرکەوتووبوون لە ڕواندنی تۆوێک کە تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە و دەوترێت دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ڕووەکی لەناوچوو کە بەهۆی تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی لە تەوڕاتدا ناوی هاتووە.

تۆوەکە ساڵانی 1980 لە کاتی پشکنینی شوێنەوارێکی مێژوویی لە باکوری ئۆرشەلیم دۆزراوەتەوە. هەرچەندە تەمەنی تۆوەکە هەزار ساڵ دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر وەک خۆی ماوەتەوە.

شارەزایان بۆ دەیان ساڵ نەیاندەتوانی بە دڵنیاییەوە ئەوە یەکلایی بکەنەوە کە ئەم تۆوە دەگەڕێتەوە بۆ چی جۆرە ڕووەکێک. بەڵام ساڵی 2010 کۆمەڵێک توێژەر بە ڕێبەرایەتی دکتۆر سارا سالۆن لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی هەداسە تۆوەکەیان ڕواند بۆ دڵنیابوونەوە لە جۆری ڕووەکەکە.

کۆمەڵەی لێکۆڵەرەکان بۆ سەرکەوتن لە کارەکە سەرەتا هەستاون بە داپۆشینی تۆوەکە لە ناو ئاوێک کە تێکەڵکرابوو بە هۆرمۆن و پەینی ڕووەکی بەر لە ڕواندنی لەناو دەفرێکی پڕ لە خاکی پاککراوەدا.

سارا سالۆن بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، "نزیکەی 5 هەفتە و نیو دوای ڕواندنی، لقێکی بچوکی نایاب دەرکەوت."

توێژەرەوەکان دواتر لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی رادیۆکاربۆنی بۆیان دەرکەوتووە تەمەنی تۆوەکە دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی 993 بۆ 1202ی زاینی.

دوای چواردە ساڵ، ڕووەکەکە ئێستا گەشەیکردووە بە بەرزایی سێ مەتر، بەڵام هێشتا گوڵ و میوەی نەگرتووە.

توێژەران دەڵێن ڕووەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی کۆمیفۆرا کە نزیکەی 200 جۆری هەیە و لە ناوچەکانی ئەفریقا و کەنداوی عەرەبی بڵاوبوونەتەوە.

بەڵام دەڵێن ڕووەکەکە سەرەڕای نزیکی لە جۆرەکانی کۆمیفۆرا، ماوەیەکی درێژە لەناوچووە و سەرچاوەی زانیاریمان لەسەری دەگەڕێتەوە بۆ تەوڕات و تێکستە ئاینییەکانی تری ناوچەکە کە بەهۆی تایبەتمەندییە تەندروستییەکانی باسیانکردووە.

دکتۆر لویس کۆلڤڵ لە باخچەی ڕووەکی شاهانەی کیو لە لەندەن سەبارەت بە سەرکەوتنی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەم بابەتە بریتییە لەوەی تەنها یەک تۆو لەبەردەست بووە. سەرکەوتن لە ڕواندنی تۆوەکە بەختێکی زۆر نایابە. هیوامان پێدەدات سەبارەت بە هەڵگرتن و پاراستنی تۆوەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ."

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە جۆرناڵی کەمیونیکەیشن بایۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG