ڕەنگە مار یەکێک لە نەگبەتترین گیانلەبەرە خشۆکەکان بێت لە نێو کورد، چونکە تێگەیشتنی گشتی بە ترسناک و شایەنی لەناوبردن دایدەنێت. بەڵام ئەوەتا توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت لە کۆی 31 جۆری ماری دەستنیشانکراو لە هەرێمی کوردستان، تەنها چوار جۆریان ژەهراویین و جۆرەکانی تر زیانیان بۆ مرۆڤ نییە.
مامۆستایانی بەشی بایۆلۆژی زانکۆی سلێمانی دەڵێن هەموو مارەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاراستنی هاوسەنگی ژینگەی کوردستان و داوا دەکەن لە ڕێگەی پەروەردەوە ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بەرامبەریان بگۆڕدرێت.
سۆران ئەحمەد، مامۆستای بەشی بایۆلۆجی و بەشداربووی توێژینەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "بارودۆخی مار لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زۆر زۆر خراپە.. ئاژەڵێکی وەکو بزنی کێوی کە ئاژەڵێکی جوانە بارودۆخی باش نییە، ئینجا بگات بە مار کە خەڵک وەها دەزانێت هەمووی ژەهری هەیە. بەشێکی پەیوەندی بەو ترسەوە هەیە چووەتە دڵی خەڵکەوە کە وەها دەزانن هەموو مارەکان ژەهریان هەیە."
دەشڵێت، "مەرج نییە ئەو کەسەی مار دەکوژێت خراپ بێت، بەڵکو وادەزانێت بە کوشتنی ئەو مارە ژیانی 5-6 کەسی لە مردن ڕزگارکردووە، چونکە زانیاری ئەوەی نییە کە مارەکە ژەهری نییە."
بە گوێرەی داتا جیهانییەکان، لە تەواوی سەر زەوی نزیکەی 3 هەزار و 970 جۆر مار تۆمارکراون و لە نێوان ئەم مارانەدا تەنها نزیکەی 600 جۆریان ژەهراوین. لە نێوان مارە ژەهراوییەکانیش تەنها 200 جۆریان کوشندەن بۆ مرۆڤ.
دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر مارەکانی هەرێمی کوردستان، تیمێک لە زانکۆی سلێمانی سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی پەڕتوکێکن لەسەر جۆرەکانی مار و دەڵێن جگە لەو 31 جۆرەی دیاریکراون، پێشبینی دەکەن 10 جۆری تریش هەبن لە ناوچە سنورییەکانی عێراق و ئێران و تورکیا.
تیمەکە پێکهاتووە لە چوار مامۆستای زانکۆی سلێمانی و شارەزایەکی سلۆڤینی؛ توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای 17 ساڵ کۆکردنەوەی داتا ئەنجامداوە و پێشبینی دەکەن پەرتوکەکەیان بەمزوانە بڵاوبکرێتەوە.
کۆرش ئارارات، مامۆستایەکی تری بەشی بایۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی و بەشداربوو لە توێژینەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "تێگەیشتنی کلتوری ئێمە بۆ مار جاران باشتر بوو..کۆمەڵێک تێگەیشتن هەن لە کۆمەڵگەی ئێمە سەبارەت بە مار کە ئەفسانەن و ئێمە دەمانەوێت بەشێوەیەکی زانستی ڕاستیانبکەینەوە."
وتیشی، "بەداخەوە لە ناو خوێندنگاکاندا، هەر لە باخچەی ساوایان و سەرەتاییەوە، بەرکەوتن نەبووە لەگەڵ مار و ترسیان لای منداڵ دروستکردووە کە مار مەترسیدارە... نەیشارمەوە منیش جاران لە مار دەترسام، بەڵام خوێندنەوە و بەرکەوتنم لەگەڵیان ئەو تێگەیشتنەی گۆڕی. مار و خشۆکەکان بەشێکی گرنگی سروشتن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دەستدرێژی مرۆڤ و کوشتنیان مەترسی لەسەر مانەوەیان دروستبووە."
توێژینەوەکە دەریدەخات جۆراوجۆری مار لە هەرێمی کوردستان بەندە بە ژینگەی هەرێمەکە لە دەشتاییە گەرم و وشکەکانەوە بۆ دارستانەکان و لووتکەی شاخە بەرزەکان.
توێژنەوەکە دەڵێت لە نێوان ئەو 31 جۆرەی تۆمارکراون، دوو جۆریان کە بریتین لە کوڵەکوێرە و کوڵەکوێرەی کوردستان ژەهراوی و کوشندەن بۆ مرۆڤ. دوو جۆری تریان کە بریتین لە شینەمار و کۆبرای ڕەشی بیابان "نیمچە ژەهراوین."
کوڵەکوێرە بەوە جیادەکرێتەوە کە ڕەنگی تێکەڵەیەکی ڕەساسی و قاوەیی و خاکی یان بێجی و زەیتونییە. مارەکە سەری تاڕادەیەک سێگۆشەیی و قەبارەی لەشی مامناوەندە و لە ناوەڕاستدا ئەستورە و کلکی باریکە. ژینگەی ئەم مارە لە ناوچەکانی باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەتا دەگاتە ناوچەکانی کشمیر درێژدەبێتەوە و بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی بێرن مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
توێژینەوەکەی زانکۆی سلێمانی دەڵێت کوڵەکوێرە لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا بەشیوازێکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، هەر لە دەشتەکانەوە بۆ لوتکەی چیاکان.
جۆری دووەمی ماری کوشندە بریتییە لە کوڵەکوێرەی کوردستان (Montivipera Raddei Kurdistanica) کە لە لووتکەی شاخە بەرزاکان هەیە، لەو شوێنانەی کە زیاتر لە 2 هەزار مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن و بەرکەوتنیان لەگەڵ مرۆڤەکان دەگمەنە. ئەم جۆرە سەری گەورەیە و بەئاسانی جیادەکرێتەوە لە لەشی، وە شێوە نیمچەسێگۆشەییە. تایبەتمەندیەکی جیاکەرەوەی بوونی پولەکەکانی سەرچاویەتی کە دوو شاخی بچووک دروستدەکەن. هەروەها چاوی قەبارە مامناوەندە، گلێنەکانی تەشیلەیین و قەراغی گلێنەکانی زێڕیی قاوەیین. ڕەنگە بنچینەییەکەی خۆڵەمێشیە و تایبەتمەندە بەبوونی پەڵەی گەورەی پرتەقاڵی کە لەوانەیە قەراغەکانیان ڕەشبن، کە نەخشێکی ناڕێکی شێوە زیکزاکی دروستدەکات.
توێژینەوەکە دەڵێت دوو مارە ژەهراوییەکەی تری هەرێمی کوردستان بریتین لە شینەمار و کۆبرای ڕەشی بیابان کە مەترسییان لە هەردوو کوڵەکوێرەکە کەمترە و "نیمچە ژەهراوین."
توێژینەوەکە دەشڵێت لەڕووی تەندروستیەوە پێوەدانی شینەمار و کۆبرای ڕەشی بیابان تەنها دەکرێت ئەوکاتە مەترسیداربێت ئەگەر مارەکە بۆ ماوەی 30 چرکە بە شوینی پیوەدانەکەوە بمێنێتەوە.
شینەمار بەوە جیادەکرێتەوە قەبارەی گەورەیە و و کێشی زۆرە، وە درێژییەکەی دەکرێت بگات بە 2 مەتر. مارەکە بەوە ناسراوە سەری گەورەیە و بەئاسانی جیادەکرێتەوە لە لەشی و چاوەکانی دەرکەوتوون و گلێنەکانی خڕن. خەسڵەتێکی تایبەتی بریتیە لە بوونی پولەکەی شێوە درێژ لەبەشی ناوەڕاستی سەری، وە ڕەنگی لەشی جۆراوجۆرە بە شێوەیەک ڕەنگیان خۆڵەمێشی کاڵ یان قاوەیی سوورباوە و خاڵدارن.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، دوایین جۆری ماری ژەهراویی تۆمارکراو، بریتییە لە کۆبرای ڕەشی بیابان کە لە ناوچە گەرم و وشکەکانی باشوری هەرێمی کوردستان وەکو کەلار و کفری و ناوچەکانی تری گەرمیان هەن. توێژینەوەکە دەڵێت ژەهری ئەم مارە بەهێز نییە و "تەنها ئەو کاتە مەترسیدارە کە مارەکە بۆ ماوەی 30 چرکە شوێنی پێوەدانەکە بجوێت."
سۆران ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، ڕایگەیاند خەڵکی بەگشتی کۆبرای ڕەشی بیابان لەگەڵ ڕەشمار تێکەڵدەکەن، هەرچەندە ڕەشمار بێ زیانە و ژەهراوی نییە. دەڵێت کۆبرای ڕەشی بیابان بەوە جیادەکرێتەوە ڕەنگی "ڕەشی قەترانییە" و قەبارەی بچووکە، لە کاتێکدا ڕەشمار قەبارەی گەورەیە و دەگاتە نزیکەی 2 مەتر و نیو، هەروەها ژێر چەناگەی سپی یان سورە.
سۆران ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ژەهر بۆ ئەم چوار مارە زۆر زۆر گرنگە و بەشیوەیەکی ئاسان
دروستیناکەن، بەڵکو دەیانەوێت کەمترین وزە بەکاربهێنن. ڕاستە ئەم ژەهرە ڕێگایەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ ڕاوکردنی نێچیریشە. شتی وەها نییە کە تۆ لەشوێنێکەوە خەوتبیت و مارێک پێتەوە بدات، تەنها لەو حاڵەتانە نەبێت کە تۆ پێی پیابنێیت و هەراسانی بکەیت یاخود بتەوێت بیکوژیت، ئەگینا لە حاڵەتی ئاساییدا بە مرۆڤەوە نادەن."
بە گوێرەی توێژینەوەکە بێت، 27 جۆرەکەی تری مار لە هەرێمی کوردستان، لە نێوانیان ماری لمی و ماری قامچی زاگرۆسی و ڕەشمار و توولەماری بەردەڵان (بەردەوان) و ماری ئاوی ژەهراوی نین و مەترسییان بۆ سەر مرۆڤ نییە.
مامۆستا کۆرش ئارارات بە دەنگی ئەمەریکای گوت جگە لەو مارانە، هەندێک جۆری مارمێلکە هەن لە هەرێمی کوردستان کە لە پرۆسەی پەرەسەندندا قاچەکانیان لەدەستداوە و بە "ڕەقەمار" ناسراون؛ بەڵام بەهۆی سنورداری تێگەیشتنی گشتی مامەڵەی ماری ژەهرواییان لەگەڵ دەکرێت و دەکرێنە ئامانج.
کۆرش ئارارات ڕایگەیاند مارەکان، بەتایبەت ڕەشمار، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاراستنی زنجیرەی خۆراکی سروشتی هەرێمی کوردستان و دەبێت حکومەتی هەرێم، بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە، و ڕێکخراوە ناحکومییەکان تێگەیشتنی گشتی لەسەریان ڕاستبکەنەوە.
مامۆستاکەی بەشی بایۆلۆجی زانکۆی سلێمانی وتیشی، "بەداخەوە لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە ئێمە هەر سەرقاڵی شەڕوشۆر بوین، پاراستنی مار بەشێک نەبووە لە کلتوری ئێمە. ئێستا خەریکە خەڵکی ئێمە سەرنجی دەچێتە سەر ئەوەی خولیامان هەبێت مار لە نزیکەوە ببینین. لە منداڵییەوە فێری ئەوە کراوین ئەگەر چۆلەکەیەکیش ببینین بەردی تێبگرین."
لای خۆیەوە سۆران ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەگەر مارەکان نەمێنن، مشک و جرج و گیانداری تری هاوشێوە ڕێژەیان زۆر دەبێت و زیان بە جوتیاران دەگەیەنن و ڕەنگە نەخۆشی بڵاوبکەنەوە...دەتوانین بڵێین سیستەمە ژینگەییەکە بە تەواوەتی تێکدەچێت."
مامۆستا سۆران بە هیواوە باسی گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی هاوڵاتیانی کوردستان کرد و گوتی، "زوو ڕەشمار هەمووی کوژراوە، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری خەڵک کە لە باخەکەی دەیبینێت نایکوژێت چونکە دەڵێت بۆرەمارەکانی وەکو کوڵەکوێرە دەخوات."