Accessibility links

یونیسێف: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 400 هەزار منداڵی لوبنانی ئاوارە بوون


بەرپرسێکی باڵای دەزگای منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونیسێف) ڕایگەیاند، لە سێ هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 400 هەزار منداڵ لە لوبنان ئاوارە بوون و هۆشداریدا سەبارەت بە لەناوچوونی نەوەی داهاتووی ئەو وڵاتە کە هاوکات لەگەڵ چەندین قەیرانی دەرەکی و نێوخۆیدا ڕووبەڕوویە.

ئیسرائیل دوای ساڵێک لە شەڕەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هەڵمەتی خۆی لە دژی گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنان پەرەپێداوە.

شەڕ و پێکدادانەکانی لوبنان، یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە کردووە کە زۆربەیان لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لە دوای پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ئاوارە بوون و بەرەو بەیروت و شوێنەکانی دیکەی باکووری ئەو وڵاتە هەڵاتوون.

تێد چەبان جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف بۆ کارە مرۆییەکان، سەردانی قوتابخانەیەکی لە بەیروت کردووە کە کراونەتە شوێنی داڵدەدانی خێزانە ئاوارەکان.

چەبان لە بەیروت بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-ی ڕاگەیاندووە "ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە ئەم شەڕە سێ هەفتەیە و کاریگەری خستوەتە سەر ژمارەیەکی زۆری منداڵان."

ئاماژەی بەوەشکردووە "یەک ملیۆن و 200 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن. قوتابخانە حکومییەکانیان یان بەهۆی شەڕەوە زیانیان پێگەیشتووە یان وەک پەناگە بەکاردەهێنرێن یان کەوتوونەتە ئەو ناوچانەوە کە هێرشیان دەکرێتە سەر. جگە لە هەموو ئەو شتانەی کە ئەم وڵاتە پێیدا تێپەڕیوە، مەترسی لەدەستچوونی نەوەی داهاتووشیان لەسەرە."

چەبان گوتیشی "ئەوەی من نیگەرانم ئەوەیە کە سەدان هەزار منداڵی لوبنانی، سووری و فەلەستینیمان هەیە کە مەترسی لەدەستدانی فێربوونیان لەسەرە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، کە نزیکەی 75%ی کوژراوەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بوون. چەبان وتی "لە سێ هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 100 منداڵ کوژراون و زیاتر لە 800 منداڵیش برینداربوون."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دابەزینی پلەی گەرما لە لوبنان وتی "زستان وا خەریکە دێت، ئێرە کەش و هەوا خەریکە سارد دەبێت و دەبێت ئامادەبین هاوکاری خێزانەکان بکەین."

ئەو داوای پاراستنی ژێرخانە مەدەنییەکان کرد و هەروەها داوای کرد ئاگربەست لە لوبنان و لە غەززە بکرێت و وتی پێویستە ئیرادەی سیاسی هەبێت و درک بەوە بکرێت کە ناکۆکییەکان لە ڕێگەی سەربازییەوە چارەسەر ناکرێن.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG