Accessibility links

چاودێرانی سیاسی: تورکیا ترسی لە ڕوودانی گۆڕانکاری هەیە و دەیەوێت دۆخەکە لەگەڵ کورد ئاسایی بکاتەوە


چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەجێندای سەرەکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بۆ نێوەنگیرییە لە نێوان تورکیاو کوردەکانی سوریا، بەو پێیەی تورکیا ترسی لە ڕوودانی گۆڕانکاری و ئەگەری باشتربوونی دۆخی کوردانی سوریا هەیە.

دوێنێ چوارشەممە، 16 ی مانگی دەی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کالین، بەرپرسی دەزگای هەواڵگیری تورکیا کۆبوویەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر نێچیرڤان بارزانی هەوڵی نێوەنگیری داوە لە نێوان تورکیا و ڕۆژاڤا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە خواستی تورکیا جیاواز بوو بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، بۆیە پێدەچێت ئەمە خاڵێکی ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بێت."

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ئارادایە.

دکتۆر سەردار عەزیز وتیشی،"هەڵبژاردن و ئەگەری دەرئەنجامەکانی و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، دەکرێت ئەمەش خاڵێکی ئەجێندای سەردانەکە بێت. ئەو دۆخەی لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە لە ئارادایەو چۆن لەسەر سوریا دەشکێتەوە، ئەمانە بەشێکی گرنگن لە ئەجێندای سەردانەکە."

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و هێزە نزیکەکان لە ئێران بەردەوامی هەیە، تورکیا ترسی لە دروستکردنی سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەو جەنگەوە هەیە.

دوای سەردانەکەی بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، وا بڵاوکرایەوە تیشکیان خستووەتە سەر بابەتی ئاسایش، وزەو پەیوەندییە هەرێمییەکانی ئانکەرەو هەولێر.

چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا بۆ بەشداری پێکردنی پارتییە لە پرسی ئاشتی لە مەسەلەی کورددا، چونکە تورکیا گومانی لا دروستبووە ئیسرائیل بەشێک لە سوریا کۆنترۆڵ بکات و دۆخی کوردەکانی ڕۆژاڤا باشتر بێت.

کەمال رەئوف، نوسەرو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تورکیا خۆی بۆ ئەگەری کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە سوریا لەلایەن ئیسرائیل و باشبوونی دۆخی کوردەکانی سوریا ئامادە دەکات و دەیەوێت پێش ڕوودانی ئەگەرەکان، دۆخی خۆی لەگەڵ کورددا ڕێک بکاتەوە. هەرچەندە گومان دەکرێت ئەمەی تورکیا سیناریۆ بێت چونکە هێشتا نیاز پاکی پیشان نەداوە."

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەردۆغان و بارزانی باسیان لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکانیش کردووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ترسی لە دەستوەردانی ئێران هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەت بەرپرسانی ئەو حزبە پێشتر نەیانشاردۆتەوە کە ئەگەری دیزاینکردنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی یەکێتی لەلایەن ئێرانەوە لە ئارادایە.

کەمال رەئوف وتیشی،"ڕەنگە لە بەرامبەر ئەمەدا پارتی داواکاری لە تورکیا هەبێت، تا ڕێگربێت لەو سیناریۆیانەی پارتی گومان دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕووبدات."

لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی 2024، تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەپاساوی لێدان لە پەکەکە دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی گرتەوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکان پێشتر لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرابوون، چونکە تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی بارەگای کۆنکریتییە لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون."

ئەو دەڵێت،"پەکەکە هێرشەکانی ڕانەگرتووەو زۆربەی کات شەوان هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی تورکیا."

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیاو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، لە مانگی چواری ئەمساڵ بارزانی و ئەردۆغان بۆ دوایین جار پێکەوە کۆبوونەوە ئەو کاتەی ئەردۆغان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی کرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:31 0:00

XS
SM
MD
LG