Accessibility links

ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان دەکات سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران


ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکاوە کە ئاماژەی بە ناوەکانی نەکردوون، ڕاگەیاندووە حکومەتی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە بڵاوکردنەوەی بێ مۆڵەتی بەڵگەنامە نهێنییەکان دەکات کە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدەسەنگێنن.

ئەو بەڵگەنامانە کە بۆ دەزگای نیشتمانی هەواڵگری جیۆفەزایی(NGA) و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(NSA) دەگەڕێندرێتەوە، نیشانی دەدەن کە ئیسرائیل هێزی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکییەکەی سوپای پاسداران دەجوڵێنێت.

ئەم بەڵگەنامانە کە بە "سەرووی نهێنی" ناوزەد کراون، لە تێلێگرامدا بڵاوکراونەتەوە.

یەکێک لەو بەرپرسانە بەو ئاژانسەی وتووە لێکۆڵینەوەکە بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی دزە کردنی ئەو بەڵگەنامانە دەکات، لەوانە ئایا دزەپێکردنەکە بە ئەنقەست و لەلایەن ئەندامێکی هەواڵگریی ئەمەریکاوە بووە یان لەڕێگەی دیکەوە دەستکەوتووە، وەک هاککردن. و ئایا زانیارییەکانی دیکە بەهۆی دزەپێکردنی ئەم زانیاریانە کەوتوونەتە مەترسییەوە یا نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن بزانن کێ دەستی بە بەڵگەنامەکان گەیشتوە پێش ئەوەی بنێردرێت.

پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئاگاداری ڕاپۆرتەکانن سەبارەت بەو بەڵگەنامانە، بەڵام وردەکاریی نەخستووەتەڕوو.

ئەو بەڵگەنامانە سەرەتا ڕۆژی هەینی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و لە ڕێگەی کەناڵێکی تێلێگرامەوە بڵاوکرانەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەلایەن کەسێکەوە لە هەواڵگری ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دزەیان پێکراوە. زانیارییەکانی ناو ئەم بەڵگەنامانە لە شیکاری وێنەکانی مانگی دەستکرد کۆکراونەتەوە.

یەکێک لەو دوو بەڵگەنامەیە زۆر لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دیکەی دەزگای هەواڵگری جیۆفەزایی ئەمەریکا دەچێت کە جاک تێکسیرا، لە پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانی ئەمەریکا، دانی بە دزەپێکردەنەکەی دانابوو. بەڵگەنامەکان زانیاری سەربازی زۆر نهێنی لە بارەی شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و نهێنییەکانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی لەخۆگرتبوو.

ئەو کەناڵی تێلێگرامە کە بەڵگەنامەکان تێیدا بڵاوبوونەتەوە، بنکەکەی لە تارانە و پێشتریش ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە عەلی خامنەیی و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردبووەوە.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG