Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باکوری غەززە سەرکۆنە دەکات


نێردەی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی یەکشەممە کوژرانی دەیان کەسی لە ئەنجامی هێرشی ڕۆژی شەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیت لاهیا کە دەکەوێتە باکووری غەززە، سەرکۆنە کرد.

تۆر وێنسڵەند، نێردەی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەداوە کە هێرشە کوشندەکەی ڕۆژی شەممە لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر باکوری غەززە و لە میانەی پچڕان و نەبوونی هاوکارییە مرۆییەکاندا ڕوویداوە.


سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە باکووری غەززە لە یەکی مانگی دەوە چڕتر کردووەتەوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە ڕێکخستنەوە چەکدارانی حەماس.

وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی حەماسدایە، ڕایگەیاندوە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیت لاهیا لە باکووری غەززە ڕۆژی شەممە 87 کەس کوژراون.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو هێرشە ئاماژەپێکراوە یەکێکە لە هێرشە کوشندەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە غەززە و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتە پەیوەندیدارانە دەکات.

دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کە تێیدا هەزار و 200 کەس لە ژن و منداڵ و بەساڵاچووان کۆمەڵکوژ کران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیران، ئیسرائیل لەشکرکێشی خۆی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزاران ئەندامی بزووتنەوەی حەماس لەوان فەرماندە باڵاکانی وەک ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینوار کوژراون.

گرووپی حەماس لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا، ئیسرائیل، کەنەدا، ژاپۆن و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهاندایە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG