Accessibility links

3 کورسیەکەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ کام لایەنانە دەبن ؟


بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی خولی شەشهەمی پەرلەمانی کوردستان، لە بازنەی هەڵەبجە، هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەگرتووی ئیسلامی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان یەک کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم یەکێتی زۆرترین دەنگی لە هەڵەبجە بە دەستهێناو و دووهەم دەنگی پارێزگاکە بۆ یەکگرتوو بووە و سێهەمیش بۆ پارتی کە هەر یەکەو یەک کورسییان بردووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بازنەی هەڵەبجە یەکیتی نیشتمانی کوردستان 12 هەزار و 530 دەنگی بەدەستهێناوە لە پلەی یەکەمدایە و کورسیەکی پەرلەمانی بردووەتەوە.

بەرزان عوسمان سەرۆکی لیستی یەکیتی لە هەڵەبجە 5 هەزار و 224 دەنگی بەدەستهێناوە، کورسیەکەی یەکێتی لەبەرژەوەندی یەکلابووەتەوە.

یەگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە 7 هەزار و 847 دەنگی بەدەستهێناوە و کورسی دووهەمی پارێزگاکەی بردوەتەوە .

ئەرسەلان حەسەن لێپسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان دەنگەکانی یەکگرتووی لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و ڕاگەیاند،" کاوە عەلی سەرۆکی لیستی یەگرتوو بە کۆکردنەوەی 5 هەزار و 249 دەنگ، کورسیەکەی یەگرتوودەبات."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە 4 هەزار و 940 دەنگی بەدەستهێناوە و کورسی کۆتایی ژنانی لەبەرژەوەندی یەکلابووەتەوە .

ژاکاو محمد کاندیدی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کورسی کۆتای بازنەی هەڵەبجە لەبەرژەوەندی من یەکلابووەتەوە و لە پرۆسەکەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 هەزار و 940 دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگی من 470 دەنگ بووە ."

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەنگی لایەنەکانی دیکە لە هەڵەبجە بەم جۆرە بووە، کە هیچ کام لەم لایەنانە نەیانتوانیوە کورسی لە هەڵەبجە بەدەستبهێنن.

نەوەی نوێ: 4,732

کۆمەڵ: 4,215

هەڵوێست: 1,283

بەرەی گەل: 725

بزووتنەوە: 1,596

هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان:518

گۆڕان:197

بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی: 169

سەردەم: 115

هاوپەیمانی نیشتیمانی: 50

سامان نامیق:19

یەکەم جارە هەڵەبجە بە بازنەیەکی سەربەخۆ بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکات و لە کۆی 60 هەزار و 252 دەنگ، 41 هەزار و 671 دەنگ دراون، رێژەی بەشدریکردنی دەنگدەران لە پرۆسەکە 60,252 دەنگدەر،41,671 دەنگ دراوە، ڕێژەی بەشداریکردن 69.16% بووە.

XS
SM
MD
LG