Accessibility links

بزووتنەوەی گۆڕان گومان دەخاتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان


بزووتنەویە گۆڕان لە ڕاگەیاندنێکی فەڕمیدا دەڵێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیدا نەبووە.

بزووتنەوەکە ڕۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وێڕای سوپاسی دەنگدەرانی گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەڵێت " سەرنج و تێبینیمان لەسەر ئەو دەرئەنجامانە هەیە، بە جۆرێک ڕێژەی دەنگی پوچەڵکراو لەئاستێکی بەرزدایە، کە گومان لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات، بە تایبەت کە ڕێگەنەدراوە لە بنکەکانی دەنگدان بریکارەکانمان ڕووی پێشەوەی پەڕاوی پوچەڵی دەنگدان بببینن و تەنها مۆری پوچەڵبوونی پشتی پەڕاوی دەنگدانەکە نیشاندراوە."

بزووتنەوەی گۆڕان داواش دەکات کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "ئەنجامەکان بە ئەلکترۆنی ڕادەستی لایەنەکان بکات." و دەشڵێت پاش ڕاگەیاندنی کۆتایی بڕیاری خۆی لەسەر ئەنجامەکان دەدات.

لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشهەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی 20ی مانگی 10 بەڕێوە چوو، بزوتنەوەی گۆڕان تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 دا بزووتنەوەکە 12 کورسی بەدەستهێنابوو.

دە ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشهەمی پەرلەمانی هەرێم ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و کشانەوەی حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند.

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند" لە ڕۆژی 9ی مانگی دەی 2024، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایدا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بکشێتەوە."

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردنی لە دەنگدەرانی گۆڕان کرد، لەوەی کاتەکە درەنگ بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیری دارای و ئابوری و ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی و بازرگانی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەلابوو، ئەمە جگە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

بزووتنەوەی گۆڕان تەنها لایەن نییە گومانی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەربڕیبێت پێشتریش ڕەوتی هەڵوێست، بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیش گومانیان دەربڕیوە .

بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تانە و سکاڵا لەو لایەنانە وەربگیرێت کە پێیان وایە ساختەکاری ئەنجام دراوە و دەنگەکانیان دیار نەماوە.

XS
SM
MD
LG