ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گەلی کۆماریی (جەهەپە) لە سەردانەکەیدا بۆ ئامەد (دیاربەکر) ڕایگەیاند، ئەوان بەرگری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئۆزێل ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە دەسەڵاتداران دەڵێن شتێک نییە بە ناوی کێشەی کورد نییە، بەڵام دەبینن کێشەیەکی وا هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت.
گوتیشی "کاتێک دێینە ئامەد دەبینین کورد کێشەی هەیە. پێش هەموو شتێکیش پێدەچێت کێشەی کورد بەشداری دیموکراسی بێت."
ناوبراو ڕایگەیاند کە جەهەپە هەرچی پێویست بێت بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەیکات.
ئۆزەل ئاماژەی بەوەشکرد، لە شارەکانی دیکەدا هیچ کێشەیەکی وەکو قەیوم (نوێنەری دیاری کراوی حکومەت لە بری نوێنەری هەڵبژێردراو) نییە، بەڵام ئەوەی بەبیر هێنایەوە کە سەرۆکی شارەوانی پێشووی ئامەد سەلچوک مزراکلی پێنج ساڵە لە زیندانە.
سەرۆکی جەهەپە ئەوەشی خستەڕوو کە دەبینن کێشەی نوێنەرایەتی دیموکراسی بۆ کوردەکان هەیە و ڕایگەیاند، ڕێگای چارەسەرکردنیان ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ناڵێن کورد کێشەی نییە و ڕاشیگەیاند، تا ئەوکاتەی کورد خۆی نەڵێت کێشەکەی چارەسەر بووە بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن کە کێشەی کورد هەیە.
ئۆزەل پێش ئەوەی بچێتە ناوچە کوردنشینەکان، سەردانی سیاسەتمەدار سەلاحەدین دەمیرتاشی لە زیندانی ئەدیرنە کرد.
سەرۆکی جەهەپە دوای سەردانەکە ڕایگەیاند، دەمیرتاش ئەکتەرێکی گرنگی دانوستانەکانی ئاشتییە و ڕایگەیاند کە نابێت کەس ڕێگری لە ئاشتی بکات.
ئەو هەروەها باسی لە کەشی دانوستاندنەکانی پەرلەمانی تورکیاش کرد و گوتی دۆخێکی ئەرێنییە و ڕایگەیاند پێویستە هەموولایەک بە گوێرەی یاسا هەڵسوکەوت بکەن بۆئەوەی ئەنجامی بەردەوام هەبێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، داوا لە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن بێتە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) و داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ڕێکستنەکانی بکات.
وتارەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگی دایەوە، کە شارەزایانی سیاسی دەڵێن سەردەمێکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێدەکات.