مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ( هەسەدە) ڕادەگەیەنێت تورکیا خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج.
عەبدی لە تویتێکدا ڕایگەیاند "تورکیا بەشێوەیەکی بێ جیاوازی و بێ بنەما بۆردومانی ناوچەکانمان دەکات و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج."
کردارەکانی تورکیا وەک تاوانی جەنگ ناودێر دەکات و دەشڵێت " ئێمە چەندین جار ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ دەربڕیوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانمان ئامادەن بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەمان."
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە تورکیا شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە زیاتر لە 40 هێرشیی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خاکی هەرێمی کوردستان.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، 12 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە دوو منداڵیان تێدابووە و 25 کەسیش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی خۆجێی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا گوتی "لە پێناو کۆتاییهێنان بە هێرشە تێرۆرستییەکانی پەکەکە/کەجەکە و تێرۆرستەکانی دیکە لە دژی گەلەکەمان و هێزە ئاسایشییەکانمان و هەروەها بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانمان، بەپێی مادەی 51 ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگە دەدات بە بەرگریکردن لە خۆ، ڕۆژی 23 ی مانگی دەی 2024 هێزی ئاسمانی تورکیا هێرشی کردە سەر شوێنی تێرۆرستان و بە تێکڕا 32 شوێنی تێرۆرستان لە باکوری عێراق و سوریا وێرانکران."
هێرشەکان وەکو تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی تورکیا لێی دەڕواندرێت کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس و بریندار بوونی زیاتر لە 20 کەسی تر.
وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا دەستبەجێ گوتی هێرشەکە " هێرشێکی تیرۆرستی بووە" و گوتیشی هێرشبەرەکان پیاوێک و ژنێک بوون. یاشار گولەر وەزیری بەرگریش پەکەکەی تۆمەتبار کرد.