ڕاپۆرتێکی نوێی یونیسێف تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حاڵەتەکانی ئیفلیجی منداڵان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێدا زیادیان کردووە.
یونیسێف لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئیفلیجی منداڵاندا دەڵێت لە کۆی ئەو 541 منداڵەی کە لە ساڵی 2023دا تووشی ئیفلیجی منداڵان (پۆلیۆ) بوون لەسەر ئاستی جیهان، %85یان لە 31 وڵاتی جیهاندا دەژین کە ڕەوشێکی هەستیاریان هەیە و ململانێیان تێدایە و سیستەمی چاودێری تەندروستیان کەوتووەتە ژێر هەڕەشە.
ڕێکخراوی یونیسێف دەشڵێت حاڵەتەکانی ئیفلیجی منداڵان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، لە کاتێکدا کوتانی ڕۆتینی منداڵان لەسەدا 75ەوە بۆ سەدا 70 دابەزیوە. ئەم ڕێژەیەش زۆر لە خوار سەدا 95 پێویست بۆ بەرگری کۆمەڵگایە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی نەخۆشییەکانی وەک ئیفلیجی منداڵان لەو شوێنانەدا گەشە دەکەن کە ململانێ و کارەساتی سروشتی و قەیرانە مرۆییەکان ڕێگری لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەکەن.
کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت "لە ململانێدا، ئەوەی منداڵان زیاتر لە بۆمب و فیشەک ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ مەترسی تووشبوونیانە بە نەخۆشییە کوشندەکان کە نابێت چیتر هەبن".
ئەو ڕێکخراوە جەختیشی لەوە کردەوە کە سیستەمی چاودێری تەندروستی تێکچوو و ئاوارەبوونی خێزانەکان بەشدارن لە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە ناوچەکانی وەک ئەفغانستان، سۆماڵ، سودان و غەززە.
لە غەززە، یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەدا گەیشتنە نزیکەی 600 هەزار منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ. بەڵام ئاوارەبوون و هێرشە بەردەوامەکان بووەتە هۆی ئاستەنگ لە پرۆسەی کوتان لە ناوچەکانی باکوور، کە ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 25 ساڵدا سەریهەڵداوەتەوە.
یونیسێف دەڵێت شەڕی دژی ئیفلیجی منداڵان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هێشتا بەردەوامە و نەتوانراوە بە تەواوەتی بنبڕبکرێت. ئە ڕێکخراوە کە گەورەترین دابەشکەری ڤاکسینی ئیفلیجی منداڵانە لەسەر ئاستی جیهان، داوا لە حکومەت و هاوبەشەکانی دەکات کە کوتانی مندالان لە ناوچەکانی ململانێ و ئەو شوێنانەی کە دووردەستن بکات بە ئەرکی سەرەکی.
داواش دەکات سیستمی کوتان بەهێز بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان هەموو ڤاکسینە پێویستەکان وەربگرن.
داواش دەکات گرنگی بە پاراستنی کارمەندانی تەندروستی بدرێت.
کاترین ڕوسیل لە یونیسێف هۆشداریدا، "ئیفلیجی منداڵان نەک تەنها هەڕەشە لە وڵاتانی تووشبوو بەڵکو هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێش دەکات. ئێستا کاتی کردەوەیە- ناتوانین بوەستین تا هەموو منداڵێک لە ئیفلیجی منداڵان سەلامەت پارێزراو نەبێت."