Accessibility links

پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی تورکیا لە ئەستۆ دەگرێت


ڕۆژی هەینی پەکەکە لە ڕاگەیاندنێکدا بەرپرسیارێتی هێرشە کوشندەکەی ئێوارەی چوارشەممەی بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا (TUSAŞ ) لە نزیک ئانکەرە، گرتە ئەستۆ.

ناوەندی پاراستنی گەل ( نەپەگە)، کە باڵی سەربازی پەکەکەیە لە ڕاگەیاندنێکدا بڵاوی کردەوە " ئەم چالاکییە مێژووییە بە بڕیاردارییەکی بەرز، هونەرێکی داهێنەرانە و ڕۆحی فیدایی ئاپۆیی ئەنجام درا، پاڵەوانەکانی ئەم چالاکییە مێژووییە هاوڕێیانمان ئاسیا عەلی-مینە سەڤژین ئالچیچەک و ڕۆژگەر هێلین-عەلی ئۆرەک بوون."

پەکەکە دەڵێت "ئەو چەکانەی کە لەلایەن TUSAŞ ـەوە بەرهەم دەهێنرێن لە کوردستان، بە هەزاران خەڵکی مەدەنیی کە ژن و منداڵیشی تێدایە شەهید کردووە."

لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لەوەش کراوە هێرشەکە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دارێژراوە و "هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژەڤی سیاسیی ئەم مانگەی کۆتایی لە تورکیا کە باسی لێوە دەکرێت نییە".

نەپەگە جەختیش لەوە دەکاتەوە "TUSAŞ کە چالاکی لە بەرامبەری ئەنجام درا ئامانجێکی سەربازییە، لەم چالاکییەدا بە ناچاری مەدەنییەک گیانی لەدەستدا، کە جگە لەم مەدەنییە هیچ هێرشێک لە دژی کەسانی مەدەنیی ئەنجام نەدراوە، چەپ، سۆسیالیست، دیموکرات و وڵاتپارێزە ڕاستەقینەکانی تورکیا ئەگەر بە هاوسۆزییەوە نزیک لەم ڕوداوە ببنەوە، ڕاستیی مافدار دەبینن".

ڕۆژی چوارشەممە هێرشێک کرایە سەر پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکی (TUSAŞ) لە نزیک ئانکەرە و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسیش بریدنار بوون.

لە وەک تۆڵە سەندنەوەیەک بۆ ئەو تەقینەوەیە تورکیا ژمارەیەکی زۆر هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی سوریا.

ئەم تەقینەوەیە ڕۆژێک دوای ئەوە بوو دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، داوا لە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن بێتە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) و داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ڕێکستنەکانی بکات.

وتارەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگی دایەوە، کە شارەزایانی سیاسی دەڵێن سەردەمێکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێدەکات.

ڕۆژێک پاش تەقینەوەکەش عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دەم و برازای عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە، لە تویتێکدا ڕایگەیاند چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتووە.

عومەر ئۆجەلان لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە عەبدوڵا ئۆجەلان "داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی كە، گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی".

جێی باسە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم)ی نزیک لە کورد، هەر دەستبەجێ هێرشەکەی ئانکەرەی شەرمەزار کرد و سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش کە ئێستا لە زینداندایە لە تویتێکدا لە زیندانەوە ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و گوتی "ئەو عەقڵیەتەی کە هەوڵ دەدات بە خوێن گەڕان بەدوای چارەسەری کێشەکانمان لە ڕێگەی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەتەوە بوەستێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیەوێت زەمینە بۆ سیاسەت خۆش بکات، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لە پشتیەوە دەبین."

XS
SM
MD
LG