Accessibility links

کۆڵبەرێکی مەهابادی بە تەقەی هێزەکانی ئێران لە سنووری سەردەشت دەکوژرێت 


دوابەدوای تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، کۆڵبەرێک بە ناوی ئیبراهیم ئەحمەد نژاد دەکوژرێت.

بە پێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە سنوورەکانی سەردەشت تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، ئیبراهیم ئەحمەد نژاد کوژراوە.

بە پێی هەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان تەرمی ئەو کۆڵبەرە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری سەردەشت و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز کە بە شێوەیەکی تایبەت هەواڵەکانی پەیوەست بە کۆڵبەران ڕووماڵ دەکات، بڵاویکردووەتەوە لە مانگی چوارەوە تاکو مانگی نۆی ئەمساڵ، لانیکەم 36 کۆڵبەر کوژراون و 106 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کۆڵبەران بەو کەسانە دەوترێت کە لە نێوان سنوورەکانی ئێران و عیراق و تورکیا کاڵا و شتومەکی بازەرگانان لەسەر کۆڵی خۆیان بە پارەیەکی کەم دەگوازنەوە بۆ ئێران.

لە نێو کۆڵبەراندا گەنجانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی خوێندنی بەرز هەن کە لەبەر نەبوونی هەلی کار ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە. هەروەها کەسانی تەمەندار و هەندێکجار بەساڵاچوو ڕوو لەو کارە پر مەترسییە دەکەن و بۆ دستبەبەرکردنی بژیوی ژیانیان، ناچار دەبن باری قورسی وەک تایەی ئۆتۆمبێلیش بە کۆل بگوازنەوە.

بارودۆخی کۆڵبەران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە کێشەیەکی مافی مرۆڤ. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەری بە جۆرێک لە قاچاخی کاڵا ناو دەبەن، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران و چالاکوانان کۆڵبەری بە تاکە ڕێگای دەستەبەرکردنی پێداویستی ژیان و نان بۆ کۆمەڵێک هاووڵاتی وەسف دەکەن و ئاماژە بە هەژاری و بێکاریی بەربڵاو و نایەکسانی لەو ناوچانەدا دەکەن کە کۆڵبەری تێیدا سەریهەڵداوە.

XS
SM
MD
LG