Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکانی بۆ سەر ئێران لە ئێستادا کۆتاییان پێهات


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل دەڵێن پلانی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بە سێ شەپۆل ئەنجام دران و بە وردی ئەنجامەکانی خۆیان پێکا و لە ئێستادا هێرشەکان کۆتاییان پێهێنرا و هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان لە ئیسرائیلەوە لە شەپۆلی دووەم و سێیەمی هێرشەکان شوێنی دروستکردنی موشەک و درۆنەکانی ئێران کراونەتە ئامانج لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئێران موشەکەیان لێوە هەڵدەدات.

ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی دەڵێت هەروەها سیستەمی موشەکی زەوی – ئاسمان و توانا ئاسمانییەکانی ئێرانمان لە هێرشەکاندا کردە ئامانج و ئێستا ئیسرائیل زیاتر بە ئازادانە دەتوانێت لە ئاسمانی ئێراندا بێت.

وتیشی ئێران دوو جار هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ژیانی خەڵکی سیڤیلی خستە بەر مەترسییەوە، بۆیە ئێستا باجەکەی دا، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە، "هەر کەسێک هەڕەشە لە دەوڵەتی ئیسرائیل بکات باجێکی گەورە دەدات."

باسی لەوەش کرد ئێران کۆمەک و ڕێنمایی وەکیلەکانی دەکات بۆ کاری تێرۆرستی بە ئامانجی لێدانی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەروەها نانەوەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیان گەیاندن بە ئابوری جیهانی، بۆیە لەشکری ئیسرائیل لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردن و بەرگریکردن و ئەوەی هەتا ئێستا بەکارهێناوە بەشێکە لە تواناکانی کە خستونیەتە کار بۆ لێدانی ئامانجی گرنگ لە قوڵایی ئێراندا.

دەشڵێت ئیسرائیل ئەرک و مافی خۆیەتی خەڵکەکەی بپارێزێت، بۆیە ئەگەر ڕژێمی ئێران بیەوێت بەردەوامبێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەوا ئیسرائیلیش کاردانەوەی گونجاوی دەبێت. ئەڤیخای ئەدرعی لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەی وتی ئەمڕۆش جارێکی دیکە سەلماندمان توانامان هەیە هێرشی ئاسمانی بکەین سەر هەر شوێنێک بمانەوێت و لە هەر کاتێکدا پێمان باشبێت.

هەروەها وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی فارسی هەمان ڕاگەیاندنی بڵاوکردەوە.

هاوکات ئێران دەڵێت ئیسرائیل چەند شوێنێکی لەشکری لە تاران و خوزستان و ئیلام بۆردومان کردووە.

هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل کۆتاییان پێهات بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی سەر ئێران ڕاگیراون.

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل دەڵێن وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا ئەمەریکاییەکەی لە بارەی هێرشەکانەوە قسەیان کردووە.

دەشڵێن فڕۆکەکانی جۆریF35 و F16 و F15 لە هێرشەکاندا بەشدارن و یەکێک لە شوێنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی تاران بۆردومانکراوە بارەگایەکی فەرماندەیەتی سوپای پاسداران بووە.

ئیسرائیل دەڵێت دەمێک بوو پلانی ئەم هێرشانەی دانابوو، بەڵام بەهۆی نەگونجاوی کەش‌وهەوا جێبەجێکردنی پلانەکەیان دواخستبوو.

XS
SM
MD
LG