چەند ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخستنی وێستگەکانی هەژماری منی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەوڵەکانی یەکێتی بۆ پرۆسەی ڕاستەوخۆ دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی هەردوو پارێزگاکە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە خێراتر کراون.
بەرپرسانی پارتی لە ناو حکومەتی هەرێم لەم هەنگاوانە نیگەرانن و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە رێگری لە بەردەوامی کارەکانی هەژماری من دەکەن لە سلێمانی و هەڵەبجە.
ئەمڕۆ نووسراوێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کە بە ژمارەی 5171 لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان، ئاراستەی وەزارەتی داد و ناوخۆ و دارایی کراوە، دەست میدیاکان کەوتووە کە تێیدا هاتووە، "پشتبەست بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران."
نوسراوەکە دەشڵێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم "تاکە لایەنی تایبەتمەندە" بە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچەی کەرتی گشتی، وە داوای جێبەجێکردنی "ڕێکاری پێویست" دەکات دژی ئەو ئەو بانک و ئەفسەرانەی "کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی هەژماری من بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان."
ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی یەکێتی لە چەند هەفتەی ڕابردووی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا چەند جارێک پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی تەوتین -یاخود دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە- دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕۆژی 24ی ئەم مانگە، واتا چوار ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی حزبەکەی لە سلێمانی ستایشی لایەنگرانی یەکێتی کرد لە پرۆسەی دەنگداندا و ڕایگەیاند، "ئەم جۆش و خرۆشە هانمان دەدات پێداگری بکەین لەسەر پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەی خۆمانمان داوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەناویشیاندا پرسی تەوتینی مووچە."
هەمان ڕۆژ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە هەولێر جەختی لە بەردەوامی پرۆژەی هەژماری من کردەوە و ڕایگەیاند هەتا ئێستا نزیکەی 700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی تۆمار کراون.
بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن دەستیانکردووە بە هەنگاوەکانی پرۆسەی تەوتین، لە نێوانیان ئاسانکاری بۆ کردنەوەی بنکەی بانقە مەرکەزییەکان لە چەند شوێنێکی سلێمانی و هەڵەبجە.
ئەمڕۆ، 28ی دەی 2024، بڕیار رەشید پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عیراق و وەزارەتی دارایی عیراق وەرگیراوە بۆ کردنەوەی لقی بانکی رەشید لە پارێزگای سلێمانی، قۆناغی دواتر شوینێک بە کرێ وەردەگیرێت بۆئەوەی بۆ بانکەکە بەکاربهێندرێت."
ڕاشیگەیاند، "وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەین شوێنێک بۆ بانکەکە دابین بکەین تا گرفتیان بۆ دروست نەبێت و کاروبارەکانیان خێراترببێت."
دوێنێش موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی مەسرای عێراقی هەوڵەکانی کردنەوەی لقی بانکە مەرکەزییەکانی لە سلێمانی پشتڕاستکردەوە. هەروەها وتی، "داوا لەدەسەڵاتدارانی هەولێر و دهۆک دەكەین، كەبەمتمانە و شەفافیەت ناو و ژمارە و داتا بایۆمەترییەكان ئامادەبكەن بۆئەوەی متمانە لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حكەمەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت."