Accessibility links

زانایانی ئیسرائیل دەڵێن ئەم جۆرە زەردەواڵەیە تاکە گیاندارە بە کحول سەرخۆش نابێت


ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر کحول دەخۆنەوە و بە شانازییەوە دەڵێن سەرخوش نابن، ئاگاداربن ڕەنگە نەتوانن پێشبڕکێ لەگەڵ زەردەواڵەی ڕۆژهەڵاتی (زەنگەسورە) بکەن. ئەوەتا لێکۆڵینەوەیەکی زانایان لە ئیسرائیل دەریدەخات زەردەواڵەکە دەتوانێت بڕێکی زۆر کحول بخواتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکاتە سەری.

لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە دەردەخەن گیانداران بەگشتی و بە ئاستی جیاواز سەرخۆش دەبن کاتێک میوەی ترشاو دەخۆن کە پێکهاتەی ئیسانۆلیان تێدایە. ئەم دیاردەیە لە نێوان گیاندارانی وەکو ئاسک و ورچ و سمۆرە و مێشوولەی میوە و چەندین جۆری مێروو تۆمارکراوە.

لەکاتێکدا بەشێک لە سەرخۆشبوونەکە بە ڕێکەوت ڕوودەدات، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن هەندێک لە گیانداران بە مەبەست بەدوای ئەو خواردنانەدا دەگەڕێن کە کحولیان هەیە.

بۆ نمونە، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مەیمونی ڤێرڤێتی ئەفریقایی ئەوەی دەرخستووە کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە بەدوای ئەو خواردنانە دەگەڕێن کە ترشاون و ڕێژەی کحولیان بەرزە. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت تێبینی ئەوە کراوە خواردنە کحولییەکان زیاتر لای ئەو مەیمونانە پەسەندن کە لە تەمەنی هەرزەکاریدان؛ ئەو مەیمونانەی تەمەنیان چووەتە سەرەوە کەمتر خۆیان لە میوە ترشاوەکان دەدەن بەهۆی ئەوەی، وەک لێکۆڵەران دەڵێن، لە ناو کۆمەڵەکەیاندا پێشبڕکێی کۆمەڵایەتی توند لەنێو مەیمونە بەتەمەنەکان هەیە و بۆ خۆپاراستن پێویستە هەمیشە وریا و بەئاگابن.

مەیمونی ڤێرڤێت
مەیمونی ڤێرڤێت

زانایانی زانکۆی تەل ئەڤیڤ لە ئیسرائیل دەڵێن زەردەواڵەی ڕۆژهەڵاتی (زەنگەسورە) تاکە گیانداری ناسراوە لە سروشتدا کە خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆری کحول کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەری. دەڵێن زەردەواڵەکە کحول بەکاردەهێنێت بۆ خێراکردنی زیندەپاڵکردن (مێتابۆڵیزم).

سۆفیا بۆچەبتی، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە، ڕایگەیاند، "سەرسام بووین بە خێرایی ئاستی زیندەپاڵکردنی کحول لەلایەن زەردەواڵەکانەوە...هیچ نیشانەیەکی سەرخۆشبوون و نەخۆشکەوتنیان تێدا دەرنەکەوت، تەنانەت دوای ئەوەش کە بەردەوام و بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێژەیەکی بەرزی کحولیان خواردەوە. بە خێرایی لە جەستەیان فڕێیان دایە دەرەوە."

بۆ گەیشتن بەم دەرەنجامە، لێکۆڵەرەکانی زانکۆی تەل ئەڤیڤ بۆ ماوەیەکی درێژ خواردنی کۆمەڵێک زەردەواڵەیان بە ڕێژەی 80٪ کرد بە کحول. دەڵێن زەردەواڵەکان بە درێژایی تەمەنیان کە 3 مانگە تەنها کحولیان پیدراوە کەچی خواردنەوەکە نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی تەمەنیان.

لێکۆڵەرەکان دەڵێن ئەم بەرگرییە بەهێزەی زەردەواڵەکان بۆ کحول شیانی هەیە بەهۆی چەند جینێکەوە بێت کە ئەو ئەنزایمانە دەردەدەن بەرپرسیارن لە زیندەپاڵکردنی کحول.

زانایان هیوادارن تێگەیشتنی زیاتر لەم زەردەواڵەیە یارمەتی کەمکردنەوەی زیانەکانی کحول بۆ سەر مرۆڤ بدات.

سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە، سۆفیا بۆچەبتی، ڕایگەیاند، "لە کاتێکدا بابەتی لێکۆڵینەوە لە کحول زۆر پێشکەوتووە، وە سەدا 5.3 لە مردنەکانی جیهان پەیوەندییان بە کحولەوە هەیە، ئێمە پێمان وایە دوای لێکۆڵینەوەکەی ئێمە زەردەواڵەی ڕۆژهەڵاتی دەکرێت کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ دروستکردنی مۆدێلی نوێی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاڵودەبوون بە کحول و زیندەپاڵکردنی کحول."

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە جۆرناڵی بەڵگەنامەکانی ئەکادیمیای نیشتمانی زانستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG