هەفتەی ڕابردوو ئۆفیسەکانی پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی داخران، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڵێنی دا هەژماری من کۆتایی پێبهێنێت و فەرمانبەران هەژماری بانکی لە پرۆژەی بنەجێگرکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق(تەوتین)پڕبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە وەک خودی بەرپرسانی پرۆژەی هەژماری من و حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت بە دەیان هەزار فەرمانبەری سلێمانی هەژماریان لە هەژماری من کردووەتەوە و موچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەردەگرن کە پێشتر پێیان پڕکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەت جەخت دەکەنەوە لەسەر بەردەوامی پرۆژەی هەژماری من.
دەپرسین:
چ جیاوازییەک بۆ موچەخۆران هەیە لە نێوان هەژماری من و بنەجێگیرکردنی موچە؟
بۆچی لەسەر ئەم بابەتە ئەو کێشمە کێشمە دروستبووە لە نێوان پارتی و یەکێتی؟
هەڵوێستی کاربەدەستانی پارتی لە حکومەت چییە لەسەر ڕاگرتنی هەژماری من و داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی؟
چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانەی سلێمانی چییە کە هەژماری منیان پڕکردۆتەوە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر سامی ئەتروشی، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی عێراق لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
دکتۆر سامی ئەتروشی
ئەگەر بڵێیین بابەتی هەژماری من بابەتێکی تەواو بێ کەموکورتی و تەواوە، سیاسی نیە، ئەوە 100%وانیە، هەروەک چۆن لەساڵی 1991وە هەموو شتەکان لە کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجایە (فیفتی فیفتیە) بۆیە بە بۆچونی من چۆن ئاڕتی بانک و بانکی جیهان لە هەژماری من بەشدارن ئەگەر دوو بانکی سلێمانی بەشدار بووایە ئەوا هیچ گرفتێک لەوەی ئێستا بۆ هەژماری من لە سلێمانی دروست نەدەبوو، یەکێتی وا هەست دەکات کە بەشی ئەو لە هەژماری مندا نیە، بۆیە وا لە خەڵک تێدەگەیەنن کە ئاڕتی بانک، یا جیهان و هەژماری من متمانەیان نیە، ئەگەری هەیە سبەی موچەکانتان نەدەنێ، یا ڕابگرن یا دەست بەسەردا بگرن، من لە دهۆک هەمان پرسیارم لەلایەن خەڵکەوە لێکراوە کە ئایا ئەو هەژمارە بکەینەوە یا نا، وتومە بەڵێ، چونکە ئاڕتی بانک و جیهان و هەر بانکێکی تری ناو هەژماری من گرێدراوە بە بانکی ناوەندی عێراقەوە، نەئاڕتی بانک و نەهیچ بانکێکی هەژماری من ناتوانێت سبەی وەک حکومەتی هەرێم بکات کە موچە بە مانگ دوادەخات، یا دەڵێ پاشەکەوتی دەکەم، یا دەیبڕێ، چونکە ئەگەر ئاڕتی بانک، یا هەر بانکێک لە هەژماری من وابکات ئەوا بانکی ناوەندی سزای دەدات و هەتا ئاستی داخستنی دەرگای بانکەکە.
خۆزگە بابەتی هەژماری من و تەوتین بە سیاسی نەکرایە، بەڵام بەبۆچونی من ئەو بڕیارەی یەکێتی بۆ داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من کاتیە و یەکێتی لێی پەشیمان دەێتەوە و دەکرێتە ئیختیاری بۆ فەرمانبەران کە هەژماری من هەڵبژێرن یا تەوتین، نەک کۆتایی بەهەژمار بهێنن، چونکە ئەگەر وەک باسی دەکەین بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید-یش لق لە سلێمانی بکەنەوە هێشتا چەند مانگ زیاتری دەوێت تا تەوتین تەواو بکرێت ئەوکات کێشە بۆ موچەخۆران دروست دەبێت و موچەی فەرمانبەران دوادەکەوێت لەبەرئەوەی ناتوانرێ نەک بەدوو مانگ هەتا کۆتایی ئەمساڵ بەڵکو تا هەشت مانگی تریش تەوتین تەواو بکرێ، دووەم، هەڵبژاردن تەواو بووە جگە لە پارتی و یەکێتی لایەنی تر نیە بڵێ من دەتوانم جگە لەو دوو حزبە حکومەت پێکدەهێنم بۆیە سبەی پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەون لەسەر بابەتەکان بەهەژماری منیشەوە ئەوکات فەرمانبەر سەرپشک دەکەن لەکوێ حساب بانکی دەکاتەوە و ئۆفیسەکانی هەژماری منیش دەکرێتەوە.
بەڕاستی هەژماری من و تەوتین جیاوازی نیە، ئەو بانکانەی تەوتین دەکەن جگە لە تی بی ئای لقییان لە کوردستان نیە، خۆ تی بی ئای کە لەناو هەژماری من-دا هەیە لە بەشەکانی تری عێراق تەوتین دەکات، لە کوردستانیش هەژماری من واتە تەنها ناوەکان جیاوازە.
ئەگەر پارتی و یەکێتی هەژماری منیان (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان خۆیان دابەشبکردایە و دوو سێ بانکی سلێمانی تێدابووایە ئەوا هیچ کێشەیەک بۆ هەژماری من لەسلێمانی دروست نەدەبوو، ئەوەتا ئاسایش و پێشمەرگە فیفتی بەفیفتیە ئایا یەکێتی هیچ کێشەیەکی هەیە لەگەڵ ئاسایش و پێشمەرگە؟! یا کۆڕەک و ئاسیاسێڵ ڕێکنەکەوتنیایە ئێمە دەەمانتوانی سلێمانی و دهۆک قسە بکەین؟ دەبێت پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون لەسەر هەژماری من وەک چۆن لەسەر تەواوی شتەکان لە کوردستان ڕێککەوتون و دابەشییان کردووە.
ئەو فرمان و ڕاسپاردانەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایش نابێتە هۆی کردنەوەی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی چونکە بڕیاری داخستنیان هی حزبە و سەرۆک و مەکتەب سیاسییە نەک هی ئیدارەی سلێمانی، بۆیە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی ئەگەر دەیانەوێت هەژماری من لە سلێمانی بکرێتەوە دەبێت پەنا ببەنە بەر پارتی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی، چونکە هەموو کات وابووە، ئەو دوو حزبە دەبێت ڕێکبکەون بۆ ئێمە پێمان وایە وەزارەتی دارایی هەیە؟ ڕاستە وەک بوون هەیە بەڵام وەک ئەوەی سیاسەتی دارایی هەرێم و دەوڵەت بێت نەخێر بەڵکو هەریەک لە وەزارەتان سیاسەتی هەردوو حزبەکان جێبەجێدەکەن، بۆیە دەبێت هەژماری منیش ئەو دوو حزبە لەسەری ڕێکبکەون و دابەشی بکەن جا وەک بەرنامەی کابینەی دەیەمی حکومەت بێت یا پێش ئەوە.
شێروان میرزا
لەپێش بانگەشەی هەڵبژاردن و لە ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردن یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوتەژێر داواکاری زۆری خەڵکی ئەم سنورە کە بۆچی یەکێتی خۆی یەکلایی ناکاتەوە لەسەر تەوتین یا هەژماری من، ئەمە گەیشتە سەرۆکی یەکێتی، کە سەرۆکی کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی بوو بانگەشەیەکی جیاوازیشی بەڕێوەبرد، بۆیە لەوکاتەدا بەڵێنیدا، ئێستاش دوای هەڵبژاردن ئەو بەڵێنە جێبەجێدەکات، بۆیە ئەوە دوابڕیارە کە هەژماری من کۆتایی پێهاتووە و (تەوتین)جێبەجێدەکرێت.
ڕاستە بابەتی بەدیجیتاڵکردنی موچە و هەژماری من گشتگیربوو، ئەمە هی پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بەڵام بەڕاستی لەکاتی خۆی جێبەجێنەکرا، لە ئێستاشدا بۆ دژایەتیکردنی (تەوتین)کەتوونەتە ئەو پەلە پەلە، ئەگەرنا مەبەست نەبوو بەوجۆرە پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت،من ئاگادارم کاتی خۆی ئەم سیستمە لە قوتابخانە فەرمانگەکانی سلێمانی ڕەتکراوەتەوە و پڕنەکراوەتەوە، دواتر هەر حزبێک مافی خۆیەتی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوێتی جێبەچێی بکات، بڕیاری داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من و لە ڕێگای تیمەکەیەوە لەناو حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی جێ بەجێ دەکات، ئەم بڕیارە هی کاک بافڵە، کاک قوبادیش پێی ڕازییە کە (تەوتین) جێ بەجێ دەکرێت و هەژماری من کۆتایی پێهاتووە.
پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من تەنها بۆ ئەوەیە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەمووی بێتە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لەوێوە دابەشبکرێت بەسەر موچەخۆراندا، بەڵام تەوتین، ڕاستەوخۆ فەرمانبەرانی هەرێم موچەی خۆیان لە بانکە فیدراڵییەکان وەردەگرن بێ ئەوەی بێتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نامێنێ، یەکێتی و کاک بافلیش سورن لەسەر بڕیارەکە کە کۆتایی بە هەژماری من هاتووە لە سلێمانی و هەڵەبجە.
کەس نیە لە کوردستان نەزانێت بانکی کوردستان و ئاڕتی بانک و جیهان و ناشناڵ ئیراک هی کێییە و کێ پشکی تێداهەیە، پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من بابەتەکەی گەیاند بەم ڕۆژە، هەرجاری پێشوتر لەم بەرنامەیەی دەنگی ئەمەریکا باسمکرد کە بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم وتویەتی ئامادەین موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە قوربانی هە ژماری من بکەین، بۆیە ئەم پێداگرییە زۆرەی حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتەبەرمەترسی، دواین قسەی وەزیری دارایی عێراق ئەوەیە کە لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە هیچ موچەیەک بێ تەوتین نادرێ، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیکردووە بە تەوتین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەوتین تەواو بکرێ، ئەو فەرمانبەرانەشی هەژماری منیان هەیە لە سلێمانی دەتوانن دوایی کۆتایی هاتن بە هەژماری من یان ئێستا بچن حسابەکانیان دابخەن و تەوتین بکەن هیچ گرفتیان نابێ.
ڕێباز حەملان
بابەتی هەژماری من پەیوەندیدارە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هیچ حزب و هیچ شەخسێکەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند کە هەژماری من ڕادەگرێت، کە بەدڵنیایی ئەوە بڕیارێکی تەواو نایاساییە چونکە دەبێت ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت حکومەت بیدات نەک سەرۆک حزب و کەسێک.
پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، بە ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندییە، هەتائێستاش هیچ نوسراوێکی فەرمی نەهاتووە لە بەغدادەوە کە بڵێ هەژماری من ڕاگیراوە، هەژماری من تائەم ساتەش پڕۆژەیەکی گشتگیر و سەرتاسەرییە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، نزیکەی ٧٠٠ هەزار بەشداربووی هەیە، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە ١٠٠ هەزاری لە سنوری پارێزگای سلێمانیە، خودی بەرپرسانی ئیداری سلێمانی و بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەت هەژماری منیان پڕکردۆتەوە، وە یەکێتی و نوێنەرەکانی یەکێتی خۆیان بەشداربوون لە بڕیاری دروستبوونی هەژماری من، وە حزبەکانی تریش بەشداربوون چونکە هەژماری من یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کە بریتی بوو لە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی موچە.
داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی، کێشەی یەکێتییە لەگەڵ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری وەک هەژماری من، کە یەکێتی کێشە بۆ ئەو پڕۆژانە دروست دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکات، ئێستا هاتوون دەڵێن دەبێت خەڵک تەوتین بکات، بەڕاستی ئەمە بۆ سەرلێشێواندنی خەڵکە چونکە نە بانکی ڕەشید، نە ڕافیدەین، نە تی بی ئای، ئامادەنین بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم هیچ تەوتینێک بکەن، لەبەرئەوەی هەموو مامەڵەیەکی ئەو بانکانە و حکومەتی عێراقی لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوەیە.
کە دەڵێن لقی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید لە سلێمانی دەکەنەوە، ئاساییە با بکرێنەوە وەک هەر شوێنێکی تر لقییان هەبێت، بەڵام ئەو بانکانە نەیانوتووە بۆئەوە لق دەکەینەوە بۆ تەوتین، نەخێر چونکە تەوتین یا هەربابەتێکی پەیوەندیدار بە موچەوە پەیوەندی هەیە بە حکومەتی هەرێمەوە، نە حکومەتی عێراق نە بەڕێز وەزیری دارایی عێراقیش ئەو هەنگاوە نانێ، بۆیە ئەمە موماتەڵەکردنە بە خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دروستکردنی کێشەیە بۆ موچەخۆرانی سلێمانی، داخستنی نوسینگەکانی هەژماری من لە سلێمانی بە تەواوەتی کارێکی نائیداری و ناقانونی و ناحکومیە، دەستوەردانی حزبە لە کاروبارەکانی حکومەت.
بەپێی نوسراوەکەی دیوان، بەڕێز سەرۆکی دیوان، وەزیری ناوخۆ ڕاسپێردراوە بە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی یاسایی لەبەرامبەر هەر مەفرەزەیەکی پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کە ڕێگری دەکەن لە کارەکانی هەژماری من، واتە دەبێت هێزەکانی ناوخۆ ملکەچی فرمانەکانی وەزیری ناوخۆ بن نەک سەرۆکی حزبێک، وەڵاهی لە ناوچەی زەرد هیچ کاتێک سەرۆکی حزب دەستی وەرنەداوەتە ئیش و کاری حکومەت و نوێنەرەکانی پارتی لە حکومەت کاری خۆیان دەکەن، فرمانەکان لە بەڕێز سەرۆک وەزیران وەردەگرن، نەک لە مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حزب، حزب کاری خۆی دەکات و حکومەت کاری خۆی دەکات.
من وای دەبینم داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی کاتیە و درێژکراوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنە دیارە لای ئەوان هێشتا بانگەشە تەواو نەبووە، هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردنە لە یەکێتیدا ماوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەم کێشەیە کاتییە و چارەسەر دەبێت، چونکە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێم هەیە کە گشتگیرە و جێ بەجێ دەکرێت،خەریکی جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارەین ک ەدەرچوون لەوبارەیەوە.
نوسینگەی جەنابی سەرۆک وەزیران و بەڕێز سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ نوسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکانی یەکێتی قسەیان کردووە کە بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن چونکە ئەوە جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ موچەخۆرانی هەرێم هیچی تر بە دوای خۆیدا ناهێنێ، هەموو وەزیرەکانی یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیران و هەموومان هەژماری منمان پڕکردۆتەوە بەشدارین چونکە پڕۆژەکە هی ساڵی ڕابردووە سەرەتا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستیپێکرد، دواتر بۆ وەزارەتەکان و فەرمانگەکان، من لەپێش هەموویان بەشداری هەژماری منم کرد، چونکە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە هاوشێوەی سیستمی بانکە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەدانپێدانانی خودی بانکی ناوەندی عێراقی هەژماری من لە(تەوتین)پێشکەوتوو ترە.
هیچ بانکێک لە بانکەکانی هەژماری من نەهی شەخسێکی دیاریکراوە، نەهی پارتیە، ئەوانە بانکن و مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق پێدراوە و کاری خۆیان دەکەن، هیچ بانکێک لەوانە بەتایبەت بۆ هەژماری من دروستنەکراوە بەڵکو کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، وەک هەمان ئەو بانکانەی کە لە تەوتیندا هەن و مۆڵەتیان پێدراوە بە هەمان شێوە بانکی ناوەندیش مۆڵەتی بەو بانکانەی هەژماری من داوە، پڕۆژەکەش نەهی پارتیە نەهی سەرۆکی حکومەت بە تەنها بەڵکو هی حکومەتە و برای سەرۆکی یەکێتی و وەزیرەکانی یەکێتیش بەشداربوون و ڕەزامەندبوون، هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان ناڕەزاییان لەسەر هەژماری من دەرنەبڕیووە، ئەگەر قازانج ێکیش لەپڕۆژەی هەژماری من هەبێت بێگومان بۆ حکومەتە نەک بۆ هیچ شەخس و لایەک.