سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونیسێف)، ڕۆژی پێنجشەممە،31ی مانگی دە ڕایگەیاند شەڕی بەردەوامی لوبنان، ژیانی منداڵانی ئەو وڵاتەی گۆڕیوە و زۆربەیانی تووشی برینداربوونی جەستەیی قورس و کێشە دەروونییەکان کردووەتەوە.
ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە "لە 4ی مانگی دەی ئەمساڵەوە، ڕۆژانە لانیکەم منداڵێک گیانی لەدەستداوە و 10 منداڵیش برینداربوون".
دەشڵێت "هەزاران منداڵی دیکە کە لە چەندین مانگ بۆردومانی بەردەوام ڕزگاریان بووە، هەرچەندە زیانی جەستەیییان پێنەگەیشتووە، بەڵام بەهۆی توندوتیژی و نائارامییەکانی دەوروبەریانەوە بە قورسی لە ڕووی دەروونییەوە کێشەیان بۆ دروستبووە."
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە "تیمەکانی یونیسێف سەردانی ئەو منداڵانەیان کردووە کە بەدەست ترسێکی زۆر و زیادبوونی دڵەڕاوکێیەوە دەناڵێنن؛ لەوانە دڵەڕاوکێی جیابوونەوە لە خێزانەکانیان و ترس لە لەدەستدانیان، گۆشەگیری، توندوتیژی."
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی گشتی لوبنان، لە مانگی دەی ساڵی 2023ەوە تا ئێستا 166 منداڵ کوژراون و لانیکەم 1168 منداڵیش برینداربوون. بەگوێرەی ئەم دامەزراوەیە، ئامارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.
یونیسێف داوای کۆتایی هێنان بە توندوتیژیەکان لە لوبنان دەکات و ڕایگەیاندووە کە پێویستە لایەنە ناکۆکەکان لە ئێستاوە کار بکەن بۆ ئەوەی منداڵان لە لوبنان نەکوژرێن و بریندار نەبن.
سەرچاوە/یونیسێف