پنتاگۆن ڕایدەگەیەنێت بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی و هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل، وەزیری بەرگری فەرمان دواوە سیستەمی بەرگری مووشەکی و فەوجەکانی شەڕکەر و فڕۆکەی گەیاندنی سووتەمەنی و فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی B52ی وڵاتەکە،ڕەوانەی ناوچەکە بکرێن.
فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی B52 کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمییان هەیە، چەندین جار بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون. ئەمە دووەم جارە لەم مانگەدا ئەم بۆمب هاوێژە ستراتیژیانە ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای بەرگری.
ئەم هێزانە لە چەند مانگی داهاتوودا هاوکات لەگەڵ ڕۆشتنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" جێگیر دەکرێن.
ئەم کارە نوێیە دوای بڕیارەکەی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دێت بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری مووشەکی THAAD لە ئیسرائیل و بەردەوام بوونی هێزی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. بەگوێرەی پێنتاگۆن، ئەم گواستنەوەیانە ئامادەیی بەرگری ئەمەریکا نیشان دەدەن بۆ ئەوەی بە خێرایی وەڵامی هەڕەشە ئەمنییەکان بداتەوە.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران، یان هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، ئەمەریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگرێتەبەر.
کەناڵی تەلەفزیۆنی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیەوە ڕایگەیاندووە ئیسرائیل لە ئاستێکی بەرزی ئامادەکاریدایە بۆ ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای هێرشی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە 26ی مانگی دە لە تۆڵەی هێرشی مووشەکی ئیران بۆ سەر ئیسرائیل لە یەکی هەمان مانگدا، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.
سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بەم سەرچاوە سەربازییە، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، نووسیویەتی هێرشەکانی ئیسرائیل کێشەی بۆ تاران دروست کردووە، چونکە توانای هێرشکردن و بەرگریکردنی لە بەرامبەر وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دابەزاندووە.