Accessibility links

بەمزوانە جرجی زەبەلاح بۆ ئاشکراکردنی کەلوپەلی قاچاغ لە خاڵەکانی پشکنین دەبن


جرجی زەبەلاحی ئەفریقا کە درێژیەکەی دەگاتە 90 سانتیمەتر و کێشەکەی 4 کیلۆگرام، ناسراوە بەوەی توانایەکی بەهێزی بۆنکردنی هەیە و زۆر زیرەکە.

شارەزایان لە وڵاتی تەنزانیا دەڵێن بە سەرکەوتوویی توانیویانە ئەو جرجە ئامادەبکەن بۆ ئاشکراکردنی کەلوپەلی قاچاغ لە سنورەکان بە بەهای چەندین ملیار دۆلار.

ڕێکخراوی ئەپۆپۆ کە بارەگاکەی لە بەلجیکایە، چەندین ساڵە کار لەسەر ئەم پرسە دەکات. ڕێکخراوەکە پێشتر ئەو جۆرە جرجەی بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەی مین لە ناوچە مینڕێژکراوەکانی ئەفریقا و ناسینەوەی نەخۆشی سیل لە ڕێگەی بۆنکردنەوە.

زانایانی ڕێکخراوەکە ئێستا دەڵێن بە سەرکەوتوویی 11 جرجی زەبەلاحی ئەفریقایان ڕاهێناوە بۆ بۆنکردن و ناسینەوەی کەلوپەلی گرانبەهای وەکو عاجی فیل و قۆچی کەرکەدەن، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بازاڕی ڕەشدا مامەڵەیان پێدەکرێت و ساڵانە بەهۆی ئەم کارەوە زیانێکی زۆر بە ئاژەڵانی کێوی وڵاتانی ئەفریقا دەگات.

شارەزایان دەڵێن ئەم ئاژەڵە جگە لەوەی نرخی هەرزانە، زیرەکییەکەی وەها دەکات بتوانرێت بە ئاسانی ڕاهێنانیان پێبکرێت و لەگەڵ مرۆڤ کاربکەن. هەروەها هەتا نزیکەی 9 ساڵ دەژین، کە ماوەیەکی درێژە بۆ ڕاهێنان و بەکارهێنانیان لە کارەکەدا.

شارەزایانی ڕێکخراوی ئەپۆپۆ ڕاهێنانەکەیان ئەنجامداوە لە ڕێگەی پاداشتکردنی جرجەکان بە ژەمێکی خۆراک بەرامبەر بە ناسینەوەی کەلوپەلە قاچاغەکان. دەڵێن جرجەکان بۆ چەندین مانگ بۆنی کەلوپەلەکانیان ناسیوەتەوە و توانای زیرەکی مێشکیان لە کارەکە بە هاوشێوەی سەگ بووە.

دکتۆر کەیت وێب، یەکێک لە بەشداربوانی لێکۆڵینەوەکە و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە ناکۆی دیوک، دەڵێت شیانی هەیە لە داهاتوودا ئەم جرجانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و مرۆڤ و چەکیش بەکاربهێندرێن.

ڕایگەیاند، "قاچاغی گیاندارە کێویەکان زۆربەی کات لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەنجامدەدرێن کە کاری تری ڕەش دەکەن وەکو بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر و تەقەمەنی، بۆیە، دەستەبەرکردنی جرجەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاغ لە ژیانی کێویدا دەکرێت هاوکاربێت لە شەڕی جیهانی دژی ئەو تۆڕانەی کە بازرگانی بە مرۆڤ و سروشتەوە دەکەن."

XS
SM
MD
LG