Accessibility links

چالاکوانێکی ڕاستی توندڕەو لە سوید بە تۆمەتی لێدوانی ڕق و کینە دژی موسوڵمانان تۆمەتبار دەکرێت


ڕاسموس پالودان
ڕاسموس پالودان

ڕۆژی سێشەممە دادگایەکی سوید چالاکوانێکی ڕاستی توندڕەو بە تۆمەتی لێدوانی ڕق و کینە دژی موسوڵمانان تۆمەتبار کرد، ئەوەش لەسەر ئەوەی قسەی دژی ئیسلام کردووە و هاوکات قورئانی پیرۆزی موسڵمانانی سوتاندووە، ئەو کارانەش لە ساڵی 2022 دا لە سوید پشێوی لێکەوتەوە.

دادگای ماڵمۆ ڕایگەیاند ڕاسموس پالودانی دامەزرێنەری پارتێکی سیاسیی بچووک، سزای چوار مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە لەسەر ئەنجامدانی کاری وروژێنەرانە دژی موسوڵمانان.

پالودان کە هاووڵاتییەکی سویدی و دانیمارکیشە، چەندین جار بە ئاشکرا کتێبی پیرۆزی موسوڵمانانی سوتاندووە، ئەوەش توڕەیی موسوڵمانانی لە سوید و دانیمارک و دەرەوەشدا لێکەوتووەتەوە.

لە کاتێکدا سوتاندنی دەقە ئایینییەکان لە ژێر یاسای ئازادی ڕادەربڕینی سویددا ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەنجامدانی کاری وروژێنەرانە دژی گروپێکی نەژادی یاخود نەتەوەیی، بۆ نموونە سوکایەتیکردن بە موسوڵمانان، دەکرێت پێشێلکردنی یاسا بێت.

پالودان بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئیسلام و موسوڵمانان و ئەو خۆپیشاندەرانەی کە دژی ئەو خۆپیشاندانییان کردووە تۆمەتبار کراوە.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە دەڵێت " دادگا هەڵسەنگاندنی خۆی کردووە و دەڵێت کە پالودان لە گردبوونەوەکاندا بێڕێزی کردووە بەرامبەر موسوڵمانەکان و ئەوانی دیکەش، کارەکانی ئەویش لێخۆشبوونی نیە بە بیانووی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام یاخود وەکو کەمپینێکی سیاسیی."

پالودانی تەمەن 42 ساڵ کە لە ساڵی 2020 دا لەسەر تۆمەتی هاوشێوە لە دانیمارکیش سزا درا، دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە، ئەمەش بەپێی پارێزەرەکەی.

حکومەتی سوید لەوە دەترسێت کە سوتاندنی قورئان لەلایەن پالودان و ئەوانی دیکەوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکان هێرش لە وڵاتەکەدا ئەنجام بدەن، لە ئێستادا بیریش لەوە دەکاتەوە کە پۆلیس بتوانێت مۆڵەت نەدات بۆ گردبوونەوە گشتییەکان ئەگەر ئەو گردبوونەوانە مەترسی بن لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی.

ساڵی ڕابردوو دانیمارک یاسایەکی توندتر کردەوە کە تێیدا سوتاندنی قورئان بە ئاشکرا قەدەغە دەکات.

پارتە سیاسییەکەی پالودان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمانەکانی سوید و دانیمارکدا بە دەست نەهێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG