Accessibility links

کاریگەری ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک حزب و لایەن لەسەر خولی داهاتووی پەرلەمان


پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، بەشێک لە لایەنەکان ئەو ئەنجامە ڕەتدەکەنەوە. هاوکات عەلی باپیر ، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایانگەیاند، حزبەکەیان بایکۆتی خولی داهاتووی پەرلەمان دەکات و ناچنە پەرلەمانەوە.

ڕەوتی هەڵوێستیش ڕایگەیاند، تاووتوێی پرسی چوون یان نەچوون بۆ پەرلەمان دەکەن. بە گشتی ئەو لایەنانە بۆچونەکانیان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێکیان پێیان باش نییە حزبەکانیان بایکۆتی پەرلەمان بکەن، دەڵێن هەتا مەیدانەکە بۆ حزبەکانی دەسەڵات چۆڵ نەکەن، بەشێکی تریش پێیان باشە حزبەکانیان هەمان بڕیاری کۆمەڵی دادگەری بدەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن ئەمە داننەنا بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو".

دەپرسین:

هۆکار چییە لایەنە ناڕازییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی 20ی ئۆکتۆبەر نابنە یەک بەرە و یەک هەڵوێستیان هەبێت؟

ئایا بڕیاری نەچونە ناو پەرلەمان چی لە ئەنجام و دۆخەکە دەگۆڕێت و کاریگەری چی دەبێت؟

ئەم لێدوانانەی دەدرێن و دەڵێن ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکە کراوە، چ کاریگەرییەکیان لەسەر دەنگدەر دەبێت و ئایە متمانە بە پرۆسەی دەنگدان کەم ناکاتەوە؟

بایکۆتی پەرلەمان لە قازانجی کێ و لە زیانی کێ دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

عەبدولستار مەجید، بڕیاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ و سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری خولی ڕابردووی پەرلەمان لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

مامۆستا بەدەل بەرواری، کاندیدی دەرچووی لیستی هەڵوێست لە دهۆک.

عەبدولستار مەجید:

ئێمە سەرەتا چەند لایەنێک بوین کە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانمان ڕەتکردەوە، دواتریش لە پەیوەندیدا بوین وتمان با نەبینە بەشێک لەو نەخشەیەی وڵاتانی هەرێمی بە موبارەک بایی وڵاتانی دەرەوە بۆ پەرلەمانی داهاتوویان داناوە بە قازانجی دەسەڵات و لایەنی دەرەوەی دەسەڵات و نزیک لەخۆیان، بۆیە ئێمە وەک یەکەم حزب بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانمان دا بەزۆرینە، وەک دەزانرێت بۆ هەر بابەتێکی سیاسی ئاساییە بۆچونی جیاواز و بۆچونەکان هەمووی وەک یەک نابن، بێگومان بۆچونی جیاواز هەبوو لەناو سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بەبایکۆتکردنی پەرلەمان ، بەڵام هەموومان پابەند دەبین پێوەی بەدڵنیایی، وەک بۆچونی شەخسی خۆم من ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیم بەشێکم لەو سەرکردایەتییە، پابەندم بەهەر بڕیارێکی زۆرینە، ڕەنگە خۆش نەبێت من لێرەدا قسە بکەم، چونکە لەهەمانکاتدا بریاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵم.

ڕاستە خەڵکێک بە تایبەت جەماوەری کۆمەڵ ڕەخنەدەگرن و دەڵێن ئێمە دەنگمان بە کۆمەڵی دادگەری داوە نەک ئەوەی بە دەنگی ئێمە کۆمەڵ بایکۆت بکات و کورسییەکان بۆ لایەنی تر بچن، ئەمە ڕاستە، بەڵام ئایا کۆمەڵ بەرپرس نیە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەنگەکانیان بۆ کۆمەڵ بووە بەڵام ئێستا دەنگەکانیان دیار نیە؟!ئایا بەرپرس نیە لەبەرامبەر ئەو دەنگانەی بۆ کۆمەڵ دراون بەڵام بە بەڵگەوە بۆ لایەنی تر چوون؟! ئایا دەکرێ ببینە بەشێک لەو دامەزراوەیەی کەم بەمشێوەیە دادەمەزرێت؟! ئینجا خۆ هەر ئەم هەڵبژاردنە نیە، ساڵێکی تر ئەمکاتانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، دەکرێ هەر بەم میکانیزم و شێوەیە هەڵبژاردن بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی یەکدەنگ بین دەتوانین شت بگۆڕین و پێکەوە داوای دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکەین، یەکێک لە داواکارییەکانمان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە، بەڵام بە میکانیزمی جیاواز دەکرێت ئەو ئامێرانە هەبێت بەڵام شێوازی کلاسیکی لەهەمانکات هەبێت، لە وڵاتانی پێشکەوتوش ئەمە پەیڕەودەکرێت، چونکە بەڕاستی ئەگەر لە ئەلیکترۆنی ساختەکاری بکرێت ئەوا کارەسات دروست دەکات، وەک ئەوەی بینیمان.

خۆ هەرئێمە نین و نەبوین ناڕازی بوین لەو ئەنجامە بەراییانە، هەر پاش دەرچونی ئەنجامەبەراییەکان، یەکگرتوو، بەرەی گەل، هەڵوێست و لایەنەکانی دیکەش بوون، ئێمە پێمان وتن بابەیەکەوە بایکۆتی پەرلەمان بکەن، بەڵام وتیان زووە هێشتا، بۆ یەکگرتوو دواتر بڕیاریدا بچێتە پەرلەمان و نەچێتە حکومەت، ئیتر چۆن گفتوگۆی لەگەڵ بکەین، هەندێکیشیان بەڕاستی بڕیاردان قورسە بۆیان چونکە حزب نین وەک ئێمە سەرکردایەتییان هەبێت وەک ڕەوتی هەڵوێست هێشتا ئێمە لەگفتوگۆ بوین بینیمان کاندیدەکەی بادینانیان وتی، پەرلەمان بۆ گەندەڵکاران چۆڵ ناکەم، ئیتر ئەوانە چۆن گفتوگۆیان لەگەل بکەین، دواتر دەبوو لەسەر هەڵوێستی بایکۆت دەستخۆشی لە کۆمەڵ بکرایە نەک ڕەخنە.

بەشداریکردن یا بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن یا حکومەت و هەر پڕۆسەیەک لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و کۆبونەوەی گشتیە، بەڵام بەڕاستی مادام کۆمەڵی دادگەری ئەم بڕیارەی داوە بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان بەڕاستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بەهەمان میکانیزم و کۆمسیۆن بێت نابێت کۆمەڵ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات مەگەر ئەوەی بەبڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە، بەهۆکارێک کە ئەوەش ئاسان نیە.

بەپێچەوانەوە ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارەی کۆمەڵی دادگەری بۆ بایکۆتی پەرلەمان زیاتر دەنگدەری کۆمەڵ هاندەدات ئەگەر جارێکی تر بەشداری هەڵبژاردنمان کرد بچێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان چونکە خەڵک دڵنیایە کۆمەڵ لەسەر دەنگەکانی هەڵوێستی دەبێت.

مامۆستا بەدەل بەرواری :

بەداخەوە ساختەکارییەکی زۆر و بەشارەزایی کرا لەم هەڵبژاردنەدا، کەسوکارمان تەنانەت کاندید دەنگی بەخۆی داوە بەڵام بۆی حساب نەکراوە، هەموو لایەنەکان بە پارتی و هەموو لایەنەکانی تر دەیانزانی کە بەشی چەند کورسییەک دەنگ دەهێنم، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای هەڕەشە کەکەسی نزیکیش نەیدەوێرا بڵێ دەنگ دەدەم دەنگەکانیشییان بردم.

هیچ بەڵگەیەکی فەرمیمان لەبەردەست نیە بۆ ساختەکاری، تەنها ئەو بەڵگانە نەبێت کە کاندید یا کەسوکارییان دەنگیان نەماوە، بەڵام وەک ئەوەی بڵێی بەڵگەیەک کە پێشکەشی دادگای بکەی لەسەر دیزاینکردنی ئامێرەکان بەڕاستی ئەم بەڵگەیەمان نیە.

دەبووایە هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەک دەنگ بوونایە سەبارەت بە بایکۆتکردنی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هەندێک بەهۆی ئەجێندای دەرەکی کە دەڵێ تۆ حەقت نەبێ هەندێکی تر بە هۆکاری تر نەتوانراوە یەک دەنگ بن.

من خۆم هێشتا بڕیاری کۆتایم نەداوە کە بچمە پەرلەمان، بەڵام ئەو کەسەی دەنگی بەمن داوە بەڕاستی سەرکێشی و ئازایەتی زۆری کردووە لەژێر ئەو هەموو هەڕەشە و فشاری دەرکردن و تەڵاق پێخواردن هێشتا هاتبێت دەنگ بە من بدات یا لایەنێکی تری ئۆپزسیۆن ئیتر چۆن ڕازی دەبێت سبەی دەنگەکەی بڕوات بۆ پارتی و یەکێتی.

ئەگەر هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان جگە لە نەوەی نوێ کە من دڵنیام ١٠٠% ئەوە ناکات چونکە نایەوێت پڕۆژە بازرگانیەکانی ڕابگیرێن، ئەگەر هەموو لایەنەکان پێکەوە بایکۆتی پەرلەمانی کرد تا ڕۆژی سوێندخواردنی پەرلەمان ئەوا من پێش هەموویان بایکۆت دەکەم، ئەوکات پێکەوە کاریگەری زۆر دەبێت دەبێتە یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی بەهێز دروست ببێت و پێکەوە ساختەکاری دەسەڵات ڕەتبکەنەوە، بەڵانم ئەگەر هەڵوێست ئەمە بکات دوای مانگێک ئەم هەڵوێستە لەبیری خەڵک دەچێتەوە چونکە ئەمە خاوەن میدیایەکی بەهێز نین جگە لە یەک-دوو پەیجی فەیس بووک.

بایکۆتی پەرلەمان لە قازانجی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێییە، کورسی و دەنگەکانمان دەچن بۆ ئەوان، لە زیانی ئەو خەڵکەشە کە لەژێر فشار و هەڕەشەدا سەرکێشی بە ژیان و قوتی خۆی کردووە دەنگی بەئێمە داوە.

ئەگەر هەموو لایەنەکان پێکەوە بڕیاری بایکۆتی پەرلەمان بدەین ئەوە منیش لەگەڵیاندام پێش هەموویان، بەڵام ئەگەر تەنها کۆمەڵ و ئێمە بین، گۆڕان و بەرەی گەل یەکی کورسییەکییان هەیە کاریگەر نین ئەوکات من لەگەڵ بایکۆت نیم، لەگەڵ وئە نیم ئەو هەموو خەڵکە بەو سەرکێشی و خۆ خستنە مەترسییە لەژێر هەڕەشە و فشاردا دەنگیان بە(بەدەل)دابێت من بەئاسانی دەنگەکانیان ڕادەستی پارتی و یەکێتی بکەم، لە ٩٥%ی دەنگدەرەکاننم دەبینمەوە پێمدەڵێن گوناهی ئێمە لە ئەستۆی تۆدایە ئەگەر نەچییە پەرلەمان.

ئەبوبەکر هەڵەدنی:

بەداخەوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی لەئاست چاوەڕوانی نەبوو، ئەوەی ڕوویدا ناسروشتی بوو، چونکە چاوەڕێ دەکرا، دوای ٣٢ساڵ لە شکستی حکومڕانی و نەبوونی موچە و خزمەتگوزاری دوو حزبی دەسەڵات لانی کەم دەستهەڵگرن لە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە فشارکردن لەسەر خەڵک بۆ دەنگدانەوە پێییان.

ئێستاش ئەو لایەنانەی ناڕازین لەو ئەنجامە بە نەوەی نوێشەوە کە دەکاتە ٣٢کورسی ئەگەر بکرایە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بونایە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان یا هەر هەڵوێستێک بەدڵنیایی کاریگەرییەکە زیاتر دەبوو.

بۆ مێژوو ئەمە دەڵێم، پێشتر لە میدیای تر باسمان نەکردووە، ئەوکاتەی وابڕیاربوو مانگی ٦ی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ئێمە کۆمەڵێک خەڵکی خۆبەخش، لە چالاکوانان و پەرلەمانتارانی پێشوو، خەڵکانێک کەپێشتر لە میدیای ئەهلی کارییان کردووە، پڕۆژەیەکمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی پێنج لایەنەکەی دەرەوەی دەسەڵات (کۆمەڵ،یەکگرتوو، بەرەی گەل،نەوەی نوێ، هەڵوێست) ببنە یەک لیست و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هەریەک لەو حزبانە دەتوانن سود لە خاڵە باشەکانی یەکتر وەرگرن، بۆ نمونە کۆمەڵ و یەکگرتوو خاوەنی ڕێکخستنی تۆکمە و ڕێکخراون، نەوەی نوێ خاوەن میدیایەکی بەهێز، وادەیەکمان دانێ کە تا ئەوکاتە وەڵاممان بدەنەوە چونکە وادەی پێکهێنانی هاوپەیمانی تەواو دەبوو، بەداخەوە تەنها سێ حزب (یەکگرتوو،کۆمەڵ،بەرەی گەل) ئامادەبوون، هەڵوێست و نەوەی نوێ ئامادەنەبوون، ئەوەندەی زانیبێتمان هەڵوێست نەیانتوانی لەناو خۆیاندا بڕیار وەربگرن، وە هەندێک لایەنی تریش ڕەنگە خۆی بە گەورەتر زانیبێت لەوانی تر.

خۆ ئەگەر نەیانتوانی ببنە یەک لیست بۆ هەڵبژاردن، ئێستا دوای هەڵبژاردن دەتوانن ببنە یەک کوتلە ٣٢کورسییەکە پێکەوە کوتلەیەکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنن هاوشێوەی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهات، ئەگەر نەبنە یەک کوتلە هەر بەم پەرتەوازیی و یەکترنەخوێندنەوە و ماڵ جیاییە بمێننەوە من پێموانیە ئەمجارەش ئۆپۆزسیۆن بتوانێت شتی گەورە بکات.

خودی کاک شاسوار دەیوت ئەگەر پارتی و یەکێتی دەربچنەوە ئەوا کارەسات ڕوودەدات، ئەوەتا پارتی و یەکێتی بێ کۆتاکان ٦٢کورسییان هەیە، بە کۆتاکانیشەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئەوان دەنگیان پێداونەتەوە دەکاتە ٦٧کورسی، واتە بە قسەکەی کاک شاسوار کارەسات ڕوویداوەتەوە کە هەر بەوجۆرەیە واتای چی ٣٢ساڵە نەهامەتی نەما ئەو دوو حزبەی دەسەڵات بەسەر میللەتدا نەیهێنن، ئەم کابینەیەی حکومەت فاشلترین کابینە بوو لە مێژووی حوکمڕانی کوردیدا، واتای چی ئێستا دەنگی یەکەم بهێننەوە، بۆیە کەئەمە ڕوویداوە گرنگ بوو ئەو پێنج لایەنە پێکەوە ئەنجامەکانیان ڕەتبکردایەوە ئەوکات زۆر گرنگ دەبوو بۆ ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەش، ئەگەرنا با ئێستا ببنە یەک فراکسیۆن و ٣٢ کورسییەکە پێکەوە کاربکەن، چونکە ئەو دەسەڵاتە کە دەنگی زۆرینە دەهێنێت زیاتر سنگ دەردەپەڕێنێت و بێ باکتر دەبێت.

من دەستخۆشی لە کۆمەڵی دادگەری دەکەم بەڕای من بڕیارێکی باشییان داوە بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان، من ئەگەر خۆم کاندید بومایە وە دەریش بچومایە بۆچونم وابوو ئێمەش وەک یەکگرتوو بایکۆتی پەرلەمان بکەین،ئ ەم بڕیارەشم لەسەر بنەمای ئەوە دەدا کە ئێمە دەڵێیین ساختەکاری کراوە، ناکرێت هەر مینجە مینجمان هەبێت، چونکە مەعقول نیە دوای ٣٢ ساڵ هەمان فۆرم و کورد وتەنی تاس و حەمام بێت، ئەو دوو حزبە بەڵا نەما بەسەر ئەو میللەتە نەیهێنن کەچی هێشتا هەر یەکەم و دووەم بن! مانایان نەهێشت بۆ پڕۆسەی دیموکراتی، خۆ لە وڵاتانی دەرەوە خەڵک وەک ئێرە کێشەی نیە، دەستور و یاسا هەیە، خزمەتگوزاری و موچە هەیە کەچی هەر چوار ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەکرێت، کەچی لە کوردستان دوای ٣٢ ساڵ هەمان شتە.

ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، بەڕاستی زۆر قورسە تۆ بە خەڵک بڵێی جارێکی تر وەرەوە سەر سندوقی دەنگدان، خەڵک وای لێهاتووە بڵێ پەنجا ساڵی تریش بە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێ هەر پارتی و یەکێتی لەدەسەڵات دەبن.

ئەو دوو حزبە نانی زۆنەکانی خۆیان دەخۆن، یەکێتی نیشتمانی لەدەڤەری زەرد چونکە توانای فشارکردنی نەبووە، حەوت کورسی هێناوە، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە تەمەنی زیاترە لە ٧٠ ساڵ، سەرەڕای ئەو هەموو دامەزراندن و پارە هەڵڕشتنە، لە دەڤەری سەوز چوار کورسی هێناوە، قەبارەی ڕاستەقینەی پارتی ئەوەیە کە لە سلێمانی هێناویەتی، قەبارەی ڕاستەقینەی یەکێتیش ئەوەیە کە لە دەڤەری زەرد هێناویەتی،ئەو دوو حزبە پارەی دزراو و دەسەڵاتیان لەدەست بکەوە دەبنەوە حزبێکی ئاسایی.

بەڕاستی زۆر نابەرامبەرە حزبەکانی تر کاتێک لەگەڵ ئەو دوو حزبە کە پارە و دەسەڵات و هێزیان لەبەردەستە دەچنە هەڵبژاردن، بەڵام بەیەکگرتووی ئیسلامیشەوە بە ناچاری دەچنە هەڵبژاردنەوە، بەڵام ڕێگای تر نیە، چونکە ڕێگای تر بگریتەبەر سوریا و لوبنانێکی تر دروست دەبێت، دەبوو ئەو دوو حزبە وازیان لە فشار و ساختەکاری بهێنایە بە ٤٠ کورسی بۆ هەردووکیان بە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان ڕازیبونایە تا لەگەڵ لایەنەکانی تر حکومەتێکی بنکە فراوان بۆ ئەم قۆناغە پێکبهێنایە هەتاهەموو لایەک بەرپرسیارێتییان هەڵبگرتایە.

کۆمەڵی دادگەری دەبێت دوای ئەو هەڵوێستەی وەریگرتووە هەوڵبدات لەم چوار ساڵەدا لە ڕێگای میدیاکەی و شەقامەوە قەرەبووی کورسییەکانی بکاتەوە و پێموایە لەو ڕێگایەوە دەتوانێت ئەو قەرەبووە لە خولی داهاتووی پەرلەمان بکاتەوە نەک ئەوەی بڵێ هەڵوێستێکە وەرمگرتووە تەواو دەبێت کاریش بۆ ئەو هەڵوێستە بکات.

XS
SM
MD
LG